ماڵپەڕی (میدیڵ ئێس ئەی) ئاشکرای کردووە کە تورکیا دەستیکردووە بە هەوڵدان بۆ کۆنترۆڵکردنی بنکەی (T4) لە بادیەی شام و سەرقاڵی بڵاوەپێکردن و جێگیرکردنی سیستمی بەرگریی ئاسمانییە و ئێستا کارکردن لێی بەردەوامە.
هەر لەو هەواڵەدا هاتووە کە ئەنقەرە و دیمەشق لە دانوستاندان بۆ رێککەوتنێکی بەرگریی لە دوای رووخانی رژێمی ئەسەدەوە کە بەگوێرەی رێککەوتنەکە دەبێت تورکیا ئاسمانی سوریا بپارێزێت و لەڕووی سەربازییشەوە بەرگریی لێبکات، بەتایبەتی کە حکومەتی ئێستای دیمەشق سوپایەکی بەهێزی نییە.
ئەو ماڵپەڕە لە درێژەی هەواڵەکەیدا راشیگەیاندووە: کە تورکیا دەستیکردووە بە بڵاوکردنەوەی سیستمی بەرگریی ئاسمانی لەو بنکەیە و بەگوێرەی چەند راپۆرتێکیش دروستکردنی بینای بنکەکان دەستیپێکردووە و بڕیارە دواتر سیستمە بەرگرییەکەی لێ جێگیر بکرێت کە هەندێک شرۆڤەکاری سیاسی و سەربازی پێیانوایە دوورنییە جێگیرکردنی ئەو سیستمە و درۆنەکانی بۆ رێگریی بێت لە ئیسرائیل تا چیتر نەتوانێت گورزی ئاسمانی لە ناوچەکەدا بوەشێنێت.
لەوبارەیەشەوە بەرپرسێکی ئاسایشی ئیسرائیل رایگەیاندووە ئەگەری دانانی بنکەیەکی لەو جۆرە، دوورنییە هەڕەشەیەک بێت بۆسەر ئاسایشی ئیسرائیل و رێگری لە ئازادیی ئۆپەراسیۆنەکانی ئیسرائیل.