لوتفی، ئەدیبە ئاوارەكەی خانەقی

06:38 - 2025-04-07
دووتوێ
22 جار خوێندراوەتەوە

تایبەت 
عەبدولمەجید عومەر عەبدولڕەحمان ئەوقاتی  كە نازناوی لوتفی بووە،   لە ساڵی 1906 لە شاری خانەقی لەدایك بووە، تەمەنی منداڵی لە كەناری رووباری ئەڵوەند بەسەر بردووە،  ژیانێكی هەژاری و سەختی گوزەراندووە، تەمەنی گەنجی لە كارە بچووكەكانداو لە شوێنە دوورەكان بەسەر بردووە. لە تەمەنی ناوەڕاستیدا  لەناو خەبات و مەیدانی و گۆڕانكارییە سیاسییەكاندا ژیاوە و تەمەنی پیری بە یادەوەرییەوە بەسەر دەبرد. لوتفی لەپێشەنگی ئەو نوسەرانەیە كە بونیادی چیرۆكیان داناوە لە عیراق.
هەموو قۆناغەكانی خوێندنی بڕیووە، بەتایبەت لەتەكیەی نەقشبەندی كە لە دەروازەی جەلەوە وانەی قورئانی خوێندووە، مێرد منداڵ بووە كە باوكی لەجەنگی یەكەمی جیهانیدا كوژراوەو ئەركی ماڵەوەی كەوتووەتە سەر، بەڵام ئەوەی هێزی زیاتری پێ بەخشیوە دایكی بووە، كە هەموو ژیانی بۆ پەروەردەكردن و بەخێوكردنی كوڕەكەی تەرخان كردووە، كەدایكیشی دەمرێت ناچار دەچێتە بەغدا بۆ لای مامە هەژارەكەی و لەوێدا درێژە بەخوێندنەكەی دەدات  تا ساڵی 1932 ئامادەیی پیشەسازی تەواو كردووە، زمانی توركی و كوردی شارەزابووە، جگە لە زمانی عەرەبی، لە وەزارەتی دارایی وەك نووسەر كاری كردووە.
عەقڵی لوتفی لە جەستەی بەهێزتربووە، لە ساڵی 1985دا كۆمەڵێك كورتە چیرۆكی بە ناوی (لەسەر رێگا – في الطریق)دا بڵاوكردەوە، كە ناوی لێنابوو (چیرۆكی یەكەم)   دواتر   كۆمەڵێك بەرهەمی تری بڵاوكردەوە، كە زیاتریان كورتە چیرۆك بوون، وەك دەگێڕنەوە بڵاوكراوەكانی كەمترن لەدەستنووسەكانی، هەموو هەنگاوەكانی جیهانی چیرۆكی  پەیڕەوكردووە،  نەهامەتی و چەرمەسەری رۆڵی گەورەی هەبووە لە ناوەڕۆكی نوسینیدا.
لوتفی، وەك نوسەرێكی كورد، ویژدانی خۆی لەنوسینەكانیدا بەزۆری بەعەرەبی نوسیوەتەوە،  ژمارەیەك شیعرو چیرۆك و نوسینی بەكوردیش هەیە، لە ساڵی 1948دا لوتفی بە هاوكاری نووسەری كۆچكردوو (عەبدولسەلام حیلمی) كتێبێكی نووسیوە، ئامانج لێی ناساندنی شیعری كوردی بوو بە خوێنەری عەرەب.
ئەم نوسەرە خانەقییە، زیاتر لە 60 بەرهەمی چاپكراوی ئەدەبی هەیە، كە كاریگەریی گەورەیان لەسەر كتێبخانەی ئەدەبیاتی عیراقدا هەیە. 
عەبدولمەجید لوتفی لەكۆتایی تەمەنیدا وەك وەفایەك بۆ شارەكەی  وەسیەتی كردووە كە لە خانەقی و لە مەزارگەی بابا مەحمود بنێژرێت و لە  10-27-1992 كۆچی دوایی كرد.

بابەتە پەیوەندیدارەکان