«ماڵی مام لە بەغدا و دەباشان ماڵی هەموو لایەنەکانە»

09:38 - 2022-08-06
کوردستان
656 جار خوێندراوەتەوە

دۆخی عیراق لە کۆتایی مانگی رابردوودا، زۆربەی لایەنە سیاسییە کوردستانی و عیراقییەکانی هێنایە دەنگ و ئەوانەی بەڕاستی پەرۆشی ئێستا و ئایندەی عیراقن لە ناوخۆ و دەرەوە، ئەوەی پێیان کراوە تائێستا بۆ هێورکردنەوەی دۆخەکە، هەوڵەکانی خۆیان چڕکردەوە و بە راستەوخۆ و ناڕاستەوخۆ دەستپێشخەریی ئاشتیانە و هاندانیان بە ئاڕاستەی نزیکبوونەوەی لایەنە ناکۆکەکان لەیەکتریی خستەڕوو.
رەنگە هەبووبن گومانیان هەبووبێت لەوەی کە یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان هەڵوێستی لەو رووداوانەدا روون نییە و بە راشکاوانە رای خۆی بەیان ناکات بۆیە دەکرێت دوو پەیامی سەرۆک بافڵ جەلال تاڵەبانی و مەکتەبی سیاسیی یەکێتی بۆخۆی وەڵامی ئەو گومانانە بداتەوە. 
یەکێتی لە سەرەتاوە وەک هێزێکی کاریگەری عیراق و باشووری کوردستان تەئکیدی لە بنەمای تەوافوق و نزیککردنەوەی لایەنەکان کردۆتەوە بە پیداگریی لەسەر دوو تەوەر:
 یەکەم - سازان و تەوافوق و شەراکەتی راستەقینە و تێکەڵ نەبوون بە ململانێی لایەنە عیراقییەکان بە دیوە سلبییەکەیدا.
دووەم- هەر لەسەرەتاوە پێیوابووە کە نابێت لایەنە کوردستانییەکان ببنە بەشێک لەو ململانێیانەی لە بەغدا لەئارادان، بەڵکو دەبێت لەسەر ئاستی هەرێم لەسەر نەخشەڕێگەیەک رێکبکەون لەپێناوی بەرگرییەکی یاساییانە و نەتەوەییانە لە مافە دەستوورییەکانی هەرێم و لەسەر ئاستی عیراقیش هەوڵەکانیان بخەنەگەڕ بۆ هەرچی زیاتر نزیککردنەوەی لایەنە ناکۆکەکان، لەو سۆنگەیەوە کە هەموو نالەبارییەکی دۆخی عیراق راستەوخۆ کاریگەریی لەسەر هەرێمی کوردستانیش دەبێت.
دوا هەڵوێستی رەسمیی سەرۆک بافڵ جەلال تاڵەبانی و مەکتەبی سیاسیی ی.ن.ک، باشترین بەڵگەی بێدەنگ نەبوونی یەکێتییە لە دۆخەکە، بەڵام نەک بە لێدوانی میدیایی وروژێنەر و رەدوبەدەل و جەدەلی بێزەنتییانە، بەڵکو بەکار و هەوڵی بەردەوام بە ئاراستەی دۆزینەوەی چارەسەرێکی تەوافوقی وەک لە پەیامەکەی سەرۆک بافڵ-دا  هاتووە: «ماڵی مام لە بەغدا و دەباشان، ماڵی هەموو هێز و لایەنە سیاسییەکانە و پێشوازیی لە هەر دەستپێشخەرییەک دەکات کە ئامانج لێی گەیشتن بێت بە رێکەوتنێکی نیشتمانی و دەربازکردنی عیراق لەو دۆخەی تێیکەوتووە».
هەروەک مەکتەبی سیاسیش لە راگەیەنراوەکەیدا ئاماژەی بەوە داوە «پابەندین بە سیاسەتی حەکیمانەی سەرۆک مام جەلال-ەوەو بەگەرمییەوە پێشوازی لە دەستپێشخەری و ھەموو ھەوڵە نیشتمانییەکان دەکەین بۆ چارەسەر و گەیشتن بە کۆبوونەوەی نیشتمانی».

بابەتە پەیوەندیدارەکان