دوای ئەوەی هەفتەی رابردوو ئیسرائیل چەند بنكەیەكی سەربازی لە سوریا كردە ئامانج، لەوانە بنكە ئاسمانییەكانی حەما و T4، بە بانگەشەی ئەوەی گوایە توركیا بنكەی لێ دادەنێت، ئێستا بانگەشەی ئەوە دەكرێت كە توركیا و ئیسرائیل هێڵی كەمكردنەوەی ململانێكانیان دادەمەزرێنن.
بە گوێرەی دووسەرچاوەی خۆرئاوایی، توركیا و ئیسرائیل تاوتوێی دامەزراندنی هێڵی كەمكردنەوەی گرژییەكانی نێوانیان لە سوریا دەكەن بە مەبەستی دووركەوتنەوە لە ململانێ.
هەروەها سەرچاوەكان ئەو ئیدیعایانەی پشتڕاست كردەوە كە باس لەوە دەكەن دانوستان لەسەر دامەزراندنی هێڵی كەمكردنەوەی گرژییەكان هەیە و ئیسرائیل دامەزراندنی دوو بنكەی سەربازیی توركیا لە سوریا قەبوڵ دەكات، بە تایبەت دوای سەردانەكەی نەتانیاهۆ بۆ واشنتن.
هاكان فیدان وەزیری دەرەوەی توركیا، هەفتەی رابردوو لە چاوپێكەوتنێكدا رایگەیاند: توركیا نایەوێت لە سوریا رووبەڕووی ئیسرائیل ببێتەوە.