لە کۆنفرانسێکی رۆژنامەوانیدا، سەرۆکی ئەمریکا رایگەیاند، ئەگەر ئێران دەستبەرداری بەرنامە ئەتۆمییەکەی نەبێت، ئەوا بە بێ دوودڵی بژاردەی سەربازی دژی تاران دەگرنەبەر و ئیسرائیلیش سەرۆکایەتیی ئەو هێرشانە دەکات.
دۆناڵد ترەمپ وتیشی، چاوەڕوانی دانوستانی عومان دەکەین لەگەڵ ئێراندا بۆ گەیشتن بە رێککەوتن.
راشیگەیاند، ئەگەر رێككەوتن لەگەڵ ئێران نەكرا ئەوا رێگای سەربازی دەگرێتەبەر و هێرش دەكاتەسەر تاران و ئیسرائیلیش بەشدار دەبێت و ئەوەی دەیانەوێت ئەوە دەكەن.
سەرۆکی ئەمریکا دەشڵێت، شتێک، کە نابێت ئێران بەدەستی بهێنێت چەکی ئەتۆمییە، ئەوانیش لەوە تێگەیشتوون، ئەگەر ئێران دەستبەرداری بەرنامە ئەتۆمییەکەی نەبێت بەبێ دوودڵی بژاردەی سەربازی دەگرینەبەر.
هەروا، پیت هێگسێت وەزیری بەرگری ئەمریكا رایگەیاند، وڵاتەكەی پێداویستی جەنگی بۆ زەریای هیندی گواستوەتەوە و بۆ شەڕی حوسییەكان بەكاریدەهێنێت، ئەگەر رێككەوتنیش لەگەڵ ئێران نەكرێت ئەوا دژی تارانیش بەكاریاندەهێنێت.