بافڵ جەلال تاڵەبانی، سەرۆکی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان لە بەغدا لەگەڵ د. لەتیف جەمال رەشید، سەرۆک کۆماری عیراق کۆبووەوە.
لە کۆبوونەوەکەدا دۆسیە سیاسی و ئەمنیی و ئابوورییەکان لەسەر ئاستی وڵات و ناوچەکە هەڵسەنگاندنی بۆ کرا و پابەندبوون بە دیدی هاوبەش و رێککەوتن لەسەر پرۆژەی نیشتمانی لەپێناو زاڵبوون بەسەر ئاڵنگارییەکاندا جەختی لەسەر کرایەوە.
بەڕێوەچوونی هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عیراق لە کۆبوونەوەکەدا خرایەبەر باس و هەردوولا پەرۆشبوون بۆ رەخساندنی زەمینەی لەبار بۆ ئەنجامدانی هەڵبژاردنێکی پاک و بێگەرد کە ببێتە مایەی بوژاندنەوە و بەهێزترکردنی هاوبەشیەتی و زیاتر خزمەتکردنی خەڵک.
سەرۆک بافڵ جەلال تاڵەبانی لە کۆبوونەوەکەدا جەختی لە کارکردن بە بنەما دەستووریی و یاساییەکان کردەوە و رایگەیاند، یەکێتی سیاسەتی هاوسەنگی و پاراستنی ئارامی و ئاسایش پەیڕەو دەکات کە ئەمەش بۆ زامنکردنی مافی هەموولایەکە.
سەرۆکی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان سوپاسی سەرۆک کۆماری عیراقی کرد بۆ پەرۆشی و بەدواداچوونی بەردەوامی بۆ کێشەکانی نێوان هەولێر و بەغدا بە تایبەتی پرسی موچە و شایستە داراییەکانی مووچەخۆرانی هەرێمی کوردستان.