وەزیری دەرەوەی عوممان رایگەیاند، دانیشتنی یەکەمی گفتوگۆی نێوان ئێران و ئەمریکای لە کەشێکی دۆستانەدا بەڕێوەچوو و هەنگاوێکیش بوو بە ئاڕاستەی رێککەوتنێکی دادپەروەرانە و هاوسەنگ.
بەدر ئەلبوسەعیدی، وەزیری دەرەوەی عومان لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی ئێکس بڵاویکردەوە، شانازی دەکات وڵاتەکەی نێوەندگیریی کۆبوونەوەی نێوان عەباس عێراقچی، وەزیری دەرەوەی ئێران و ستیڤ ویتکۆف، نێردەی تایبەتیی سەرۆکی ئەمریکای کردووە کە لە کەشێکی ئەرێنی و دۆستانەدا ئەنجامدراوە.
بەپێی لێدوانی وەزیری دەرەوەی عوممان، کۆبوونەوەکەی شەممە سەرەتایەک بووە بۆ زنجیرەیەک گفتوگۆ لە نێوان واشنتون و تاران بەمەبەستی گەشتن بە رێککەوتنێکی هاوسەنگ و دادپەروەرانە لەنێوان هەردوولادا. بەدر ئەلبوسەعیدی، سوپاسی لایەنە بەشداربووەکانیشی کردووە، کە بەشێوەیەکی ئەرێنی بۆچوونەکانیان ئاڵوگۆڕکردووە.