رۆژنامەی (الوحدة) بڵاویكردەوە، ئەحمەد شەرع سەرۆكی كاتی سوریا كاری ئەو لیژنەیەی بۆ ماوەی سێ مانگ درێژكردەوە كە لێكۆڵینەوە لە رووداوەكانی كەناراوەكانی سوریا دەكات، ئەوەش كاتێك مانگی رابردوو لە پەلامارێكی چەكدارییدا زیاتر لە 100 كەس لە پێكهاتەی عەلەوییەكان كوژران.
شایانی باسە رۆژی 9ی مانگی ئازار، ئەحمەد شەرع لیژنەیەكی پێكهێنا بۆ ئامادەكردنی راپۆرتێك لەماوەی 30 رۆژدا، تا یارمەتیدەریان بێت بۆ دیاریكردنی ناسنامەی تاوانباران و لێپرسینەوە لێیان، بەڵام لیژنەكە لەو ماوەیەدا كارەكانی تەواونەكرد، هەر لەو روانگەیەوە سەرۆكی سوریا بەلاغێكی بڵاوكردەوە و رایگەیاند: لیژنەكە داوایان كردووە ماوەی كاركردنیان بۆ درێژبكرێتەوە بۆ تەواوكردنی كارەكەیان و ماوەی سێ مانگیان پێبدرێت كە دوای ئەوە بە هیچ شێوەیەك درێژناكرێتەوە.