د. ئەبوبەکر خۆشناو لە هەولێر ببووە مانیفێستی یاخیبوون و هەستانەوە

10:57 - 2022-08-06
دووتوێ
705 جار خوێندراوەتەوە


د.جاسم خۆشناو

ئەبوبەكر خۆشناو هەر لە قۆناغی خوێندنی ناوەندیدا یەكێكبوو لەو ژمارە كەمەی کە ئەوكات كتێب و رۆژنامەی دەكڕی و دەیخوێندەوە بەتایبەتی لە هەولێر ببووە مانیفێستی یاخیبوون و هەستانەوە.
زور چاك لەبیرمە لە 1976 لە ئاهەنگێكدا لە مەلعەبی هەولێر، قەسیدەی «تەل زەعتەر ناكەوێ» خەریكبوو خۆپیشاندانێك بەرپا بكات و زۆربەی ئەو كەسانەی ئامادەبوون دەستیانکرد بە گوتنەوەی ئەی رەقیب.
هەر ئەو ساڵە یەكەم بەیاننامەی ی.ن.ك- ی بینی و (ئەبوبەكر خۆشناو) لۆ من و هاوڕێكانم چرای كوردایەتی و بەرەنگاری بوو.
زۆربەی ئەو جارانەی كە گەڕاومەتەوە یەكترمان دەبینی.
لە هاوینی 2003دا دوای كەوتنی رژێمی سەدام حسێن، وەفدێكی مەكتەبی سیاسی ی.ن.ك هاتە ئیتالیا لە 18ی تەمموز لە رۆما مام جەلال بە ئامادەبوونی وەفدەكە و برادەرانی ئیتالیا وتی: «یەكێتی كەوتۆتە دەستی خۆشناوان، د.كەمال خۆشناو سەرۆكی زانكۆی سلێمانییە، د. محەمەد خۆشناو وەزیری تەندروستیە، ئەبوبەكر خۆشناو بەرپرسی مەكتەبی بیرو هۆشیارییە... واتە عەقڵ و ژیان و تەندروستی و سیاسەتی یەكێتی لە دەستی خۆتانە. بە خۆشت بەرپرسی كۆمیتەی ئیتالیای... هتد.
حەقوایە هەوڵبدرێ بنكەیەكی رۆشنبیریی لە هەولێر یان لە سۆران بەناوی (ئەبوبەكر خۆشناو)ەوە بكرێتەوە و نووسین و یادەوەرییەكانی بگرێتەخۆ.

ژیاننامەی د. ئەبوبەکر خۆشناو

ـ ئەبوبەكر عەبدولڵا حەسەن حەمەد
ـ ساڵی 1956 لە گوندی خۆرانی سەربە قەزای شەقڵاوە لەدایکبووە و لە عەشیرەتی خۆشناوە.
-بڕوانامەی دكتۆرای لە ئەدەبی كوردیدا هەبووە.
-خێزاندار بووە و چوار رۆڵەی بۆ خزمەتی کورد و کوردستان لەپاش بەجێماوە بە ناوەکانی داناز، دیدار، نیما، پەریما.
-ساڵی 1976 یەكەم دیوانە شیعری بە ناونیشانی (كۆلۆمبس كێشوەرێكی تر دەدۆزێتەوە)ی بە چاپ گەیاندووە.
-ساڵی 1978 نامیلكەیەكی بەناوی (گیفارای شۆرشگێر) بەچاپ گەیاندووە.
ـ سەرەتای ساڵی 1980 پەیوەندیی بە رێكخستنەکانی کۆمەڵە و یەکێتییەوە كردووە و هەمان ساڵیش پەیوەندیی کردووە بە هێزی پێشمەرگەی کوردستانەوە.
سەرەتا لە توژەڵە لە ناوەندی راگەیاندن وەک کادر دەستبەکاربووە و سەرەڕای ئەوەش ئەندامی دەستەی دامەزرێنەری یەکێتیی نووسەرانی کوردستان بووە لە شاخ و ئەندامی دەستەی نووسەرانی گۆڤاری پیرۆ بووە کە ئەو یەکێتییە دەریانکردووە.
ـلەو نەبەردییەدا کە جەمیل رەنجبەر شەهید دەبێت، ئەبوبكر خۆشناو-یش بریندار دەبێت.
ـ لە هەواڵنامەی كوردستانی عیراقدا چەندین ئەركی لەئەستۆ گرتووە وەك تایپ و هەڵبڕی.
-لە ساڵی 1985دا بووە بە ئاڵای شۆڕش و لە ئۆردوگای زێوەی خۆرهەڵاتی کوردستان گیرساوەتەوە.
ـ لەنێوان ساڵانی 1986بۆ 1987 دوو دیوانە شیعری بە ناونیشانی (تووڕەیی شاخەكان و سروودی بەرەنگاری) بڵاوكردۆتەوە. 
ـساڵی 1991 لە شەقڵاوە لەگەڵ چەند نووسەرێكدا گۆڤارێكیان چاپ كردووە بەناوی (مەم).
ـلەساڵی 1991 لە یەکگرتنی ئاڵای شۆڕش و حزبی زەحمەتکێشاندا بە ئەندامی سەركردایەتی حزبی زەحمەتكێشانی كوردستان هەڵبژێردراوە.
ـ لەساڵی 1993 لەگەڵ چەند هەڤاڵێکی دیکەیدا دوای بانگەوازی هەڤاڵ مام جەلال بۆ یەکگرتنەوەی چەپ و سۆشیالیستەکان بەشداربوو لە دروستكردنی فراكسیۆنێك بەناوی (پەیڕەو یەكگرتن) لەناو حزبی زەحمەتكێشاندا و پاش ماوەیەک گەڕایەوە ناو سەنگەری ی.ن.ک  و بووە ئەندامی یەدەگی کۆمیتەی سەرکردایەتی ی.ن.ک.
ـ ساڵی 1994پاش كردنەوەی مەكتەبی بیرو هۆشیاری، كرایە جێگری لێپرسراوی ئەو مەكتەبە.
ـ هەمان ساڵ كرایە جێگری لێپرسراوی مەكتەبی عەسكەری یەكێتی لە هیران.
ـ پاشان کرایە جێگری لێپرسراوی مەكتەبی راگەیاندن و سەرپەرشتیاری تەلەفزیۆنی گەلی كوردستان.
ـ ساڵی 1995 كرایە ئەندامی كۆمیتەی سەركردایەتی .
-ساڵی 1996 بووە بەربرسی مەڵبەندی 3ی هەولێر.
-ساڵی 1997 بووە جێگری لێپرسراوی مەكتەبی كۆمەڵایەتی.
-ساڵی 1998 تا ساڵی 2006 لێپرسراوی بەشی رووناكبیریی مەكتەبی رێكخستن بوو و دوو ئەركی گرنگی لەسەر شان بوو، وەك پەیمانگەی كادیران و دەركردنی گۆڤاری رێبازی نوێ كە مانگانە بوو و هەروەک ئەندامی مەكتەبی رێكخستنیش بووە.
ـ ماوەی چەند ساڵێك مامۆستا بوو لە زانكۆی سلێمانی.
ـئەندامی كارای سەندیكای رۆژنامەنووسانی كوردستان بوو.
-لەدوای ساڵی 1998 چەندین كتێبی بەنرخ و بەسوودی وەرگێڕاوەتە سەر زمانی كوردی.
-لە رۆژی 25 /7 / 2011 بە نەخۆشی كۆچی دوایی كرد.

#دۆسێ

بابەتە پەیوەندیدارەکان