فەهد گردەوانی
نازانم چۆن مردن لەناو بەرم، ئەگەر پێشم نەكرێت، نازانم چۆن رایبگرم. لەو تێكۆشانە هەردەم فەشەل دەهێنم، دەبێت فرمێسك بۆ ئازیزان ببارێنم و دەروونم پڕكەم لە خەم.
تێكۆشانی ئەبوبەكر خۆشناو لە قوتابخانەی دواناوەندی سەیداوە دەستپێدەكات و ئەندامی یەكێتی قوتابیانی كوردستانی سەربە پارتی دیموكراتی كوردستان بوو.
من بە حكومی ئەوەی لەو بچووكتربووم، لە پۆلی یەكەمی دواناوندی كە لیژنەی كوتەكی سەربە قوتابیانی پارتی دیموكراتی كوردستان لێیان دەداین و بەكریش كراسی رەنگی زەردی لەبەردەكرد و منیش لە دژی ئەو پارتیانە كراسی سوور. ئەوكاتە ئەوە بەشێكی تێكۆشان بوو، هەر پاشانیش كە بەعس دەستی بەسەر وڵاتدا گرت، بۆئەوەی پیشانیان بدەم ئێمە لە سەردەمێكی پێشكەوتوودا دەژین، رۆژنامەی (طریق الشعب) م بە ئاشكرا لە گازینۆی سەفین دابەش دەكرد، بەبێ ئەوەی هیچ نرخێك بۆ دەزگا جاسوسی و سیخوڕ و جاشەكانی سەر بە حزبی بەعس دابنێم.
بەكر خۆشناو خوێندەواری رۆژنامەی طریق الشعب و بیری نوێ بوو. لەو كاتەش كوردستانیبوونی ئەبوبەكر خۆی دەنواند و دەیوت: «ئەگەر حزبی شیوعی ببێتە كوردستانی، ئەوا دەبمە شیوعی. ئێمەش بە پەروەردەی ئەوەی دوو حزبی شیوعی لە وڵاتیكدا نابێت و یەكێکیان هەڵەیە، دژی ئەوەبووین كە ئیقلیمی كوردستان [هەرێمی كوردستان]ی حزبی شیوعی عیراق ببێتە حزبی شیوعی كوردستانی سەربەخۆ.
ئەوكاتە سەربەخۆیی كوردستانمان لەو ئۆتۆنومییەدا دەبینیەوە كە عیراق پێیدا تێپەڕ دەبوو.
پارتی دیموكراتی كوردستانیش ساڵی 1970 لە رێكەوتنی 11ی ئازار لەگەڵ بەعسدا ئیمزای ئۆتۆنۆمیی كردبوو. دارتێلەكانی سەر جادەی شەست مەتری كە تازە چەقێندرابوو، لەگەڵ سێبەری دارەكانی باخچەی گڵكەند شایەدی ئەو گفتوگۆ و شیعرانەن كە لەلایەن ئەبوبەكر و منەوە دەبووە هەوێنی یەكتر بینین. پاشان دانیشتنەكانی رۆژانەی گازینۆی لەیالی و عەبۆ و مەچكۆ زیاتر كۆڕەكانمانی فرەوانتر دەکرد. بۆ زاخاوی مێشك كتێبخانەی هەولێریشمان كردبووە مەزاری خۆمان .
ئەبوبەكر لە گۆڕەپانی هەولێر شیعری خۆی خوێندەوە و بووە خاوەنی یەكەم بەرهەمی شیعری بەناوی (كۆڵومبس كیشوەرێكی تر ئەدۆزێتەوە) لە ساڵی 1976 و نامیلكەی شیعری چاپ كرد و شانازیی بەوەوە دەكرد، تازە ناوی لە لیستی شاعیراندا تۆماركرا و دەبێت رۆژ بەڕۆژ زیاتر خۆی ماندووبكات، بۆئەوەی ببێتە خاوەنی زانیاری و رۆشنبیری، تا ئەزموونی شیعریی بەرەو پێشەوە بڕوات. خۆی ماندووكرد و زیاتریش بۆ مەسەلەی كورد كەوتە پەرۆشییەوە.
پاشان هەواڵی چوونە دەرەوەی ئەبوبەكر خۆشناوم بیست و چەكی شەرەفی کردەشانی لە ریزەكانی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستاندا بووە پێشمەرگە. زانیم كە ئەو كۆمەڵەی ماركسی لینینی بە كۆمۆنیستەكەی كوردستان داناوە و بۆی هەزم ناكرێت لە حزبی شیوعیی عیراقدا كە ئەو باوەڕی بە عیراقیبوونی خۆی نەبوو كار بكات، ئەگەرنا ئەوكاتە پێشمەرگەكانی حزبی شیوعی لە شاخ بوون. ئەبوبەكر خۆشناو پاشان لەگەڵ ئاڵای شۆڕش و دیسان زەحمەتكیشان و دیسان یەكێتیی نیشتمانتی كوردستان بەردەوام بوو لە كاركردنی تا رۆژی كۆچی دوایی و ماڵئاوایی لە سیاسەت و نووسین. ئەو بووە خاوەنی دیوانی شیعر، ئەمن كەچە شیعر و میعرم دەنووسی و خۆم خەریكی خوێندنەوە كردبوو.
كۆمەڵەی رۆشنبیریی كوردی لە بەغدا کە كاك موكەڕەم تاڵەبانی سەرۆكی بوو كۆبوونەوەیەک کرا. نووسەران لە سلێمانی و هەولێر و دهۆك و بەغداوە بەشدارییان تێداكرد. منیش لە سەرەوەی هۆڵەكە دانیشتبووم، چونكە ئەندام نەبووم بەشداریی كۆبوونەوەكەم كرد. لەوێش واتە لە بەغدا لەگەڵ بەڕێزان ئەحمەد سالار و رەئوف حەسەن و فوئاد مەجید میسری و خەبات عارف و حەمە سەعید حەسەن و ئەكرەم عەلی و شوكور مستەفا و حەمە فەریق حەسەن و محەمەد مەلا كەریم و جەمال خەزنەدار و ....هتد یەکتریمان ناسی. هەر هەموو ئەو نووسەرانە بەلای بیروباوەڕی چەپدا دەیانشكاندەوە. لەو دانیشتنەدا ئەبوبەكر خۆشناویش بەشداربوو، بۆ ئەوەی مەسروفی بەغدامان دەربچێت، ئەوكاتە بەغدا بۆ ئێمەی گەنج گران بوو، ئەبوبەكر خۆشناو شیعرێكی بۆ هاوكاریی ناردبوو، پارەی خۆی دەستەبەر كردبوو، منیش چیرۆكێكی [غینادی سیمار] م لە عەرەبییەوە كردبوو بەكوردی كە لە رۆژنامەی (انباء موسكو) دا بڵاوكرابۆوە. تازە رۆژنامەی هاوكاریش دوالاپەڕەی تەرخان كردبوو بۆ ئەدەبی منداڵان، لەوێ چیرۆكە وەرگێڕدراوەکەی من بڵاوكرابۆوە منیش دەستەبەری ئەو سێ رۆژەی مانەوەی بەغدام كرد. رۆژی هەینی گەیشتینە بەغدا. من و ئەبوبەكر خۆشناو لە هەولێرەوە بەڕێكەوتین، لە هۆتێل سامان دابەزین كە لە هۆتێل ئەربیل هەرزانتربوو. كە ناونووس كراین بۆ ئێوارەكەی چووینە گۆڕەپانی خەلانی بۆ بارەگای رۆژنامەی هاوكاری.
كابرای پاسەوان وتی: ئەمڕۆ هەینییە داخراوە، سبەی وەرنەوە كارمەندەكان دەوام دەكەن. ئیتر گەڕاینەوە بۆ شەقامی ئەبونەواس. من عاشقی ئەو كۆڕنیشە بووم.
شەو لە حەوشەی هۆتێلەکە قەرەوێڵەمان بۆ دانرابوو، ئیمەش لێی راکشاین بەڵام لەبەر پیسیی هۆتێلەکە زوو زەنگی گواستنەوەم بە گوێچكەی ئەبوبەكردا دا و پێم راگەیاند کە سبەی هەر كە پارەمان وەرگرت، دەچینە هۆتێلێکی دیکە.
بۆ بەیانییەکەی رۆژی دوایی چووینە هاوكاری و لە ژووری ژمێریار ئەبوبەكر بۆ شیعرەكەی چوار دینار و منیش بۆ وەرگێڕانی چیرۆكەكە 16 دینارم بۆ دانرابوو.
پاشان خۆشناو وتی با بچینە لای عەبدوڵڵا عەباس كە چوینە لای و بۆی باسكرد بۆ ئاوایە. عەبدوڵڵا وتی لاپەڕەی منداڵان نوێیە بۆئەوەی نووسەران بەرهەمی بۆ رەوانە بكەن پارەی زیاتری بۆ دانراوە. هەر لەوێ سەردانی ژوورەكەی مەحمود زامدار-مان كرد ، لەوێ پێی وتم ئەو شەڕە ماركسییەت لە هاوكاری بۆ بڵاوناكەینەوە بۆخۆت بینێرە بۆ كاك موكەرەم تاڵەبانی مەبەستی گۆڤاری رۆژی كوردستان بوو، یان لای كاك جەلال دەباغ، مەبەستی رۆژنامەی بیری نوێ بوو. لە وەڵامدا وتم ئەوانە پێدەزانم كاك مەحمود بەڵام ئێوە لە هاوكاری دژی ماركسییەت شت دەنووسن، بۆیە هەقە لێرە بڵاوی بكەنەوە. لە وەڵامدا وتی بڤەیە لێرە نابیت.
ئیتر هاتینە دەرەوە و من بەدەم رێگاوە بەپیكەنینەوە ووتم بەكر واز لە شیعر و میعر بهێنە و بۆخۆت ئەدەبی منداڵان بنووسە دەوڵەمەند دەبیت.
ئەبوبەكر خۆشناو لە كاتی پێشمەرگایەتی لە كوردستان، دەستی بە چاپكردنی شیعر كرد. هەر لە رێگەی پۆستی ئێران كە لە راژان-ەوە رەوانە دەكران، دوو كۆمەڵە شیعری بۆ رەوانە کردم كە بە دەستوخەتی خۆی نووسراوە، کە تا ئەمڕۆش كە نەمدەزانی ئاوا زوو لێمان ون دەبێت ، لای خۆم لە كتیبخانەكەمدا هەڵمگرتوون. یەكەمیان بەناوی (سروودی بەرەنگاری) ساڵی 1986 و دووەمیان بە ناوی (تووڕەیی شاخەكان) ساڵی 1987.
ئەبوبەكر هەر لەو دوو بەرهەمە و كۆڵومبسەكەی نەوەستا، بووە خاوەنی كۆمەڵێك بەرهەمی بەنرخ و وەرگێڕدراو. دوای راپەڕین و گەڕانەوەی بۆ سلێمانی، خوێندنی باڵای تەواوكرد و بووە مامۆستای زانکۆ. نەخۆشیی شێرپەنجە سواری ملی بوو، باوەڕم بە خۆڕاگریی و ئازایی ئەو كوڕە هەژارە وابوو ئەو نەخۆشییەكەی لەناو دەبات و جارێکیتر دەكەوێتەوە ژیانی ئاسایی خۆی و كۆمەڵێك بەرهەمی تر دەخاتە بەردەستی گەنجانی كورد، بەڵام لە گەڕانەوەی نووسەر لوقمان بەرزنجیدا بۆ سلێمانی و هەولێر و پاشان بۆ ستۆكهۆڵم، شەو یەكە یەكە باسی هاوڕێیانی بۆ كردم و یەكێك لەوانە ئەبوبەكری نەخۆش بوو. لە هەواڵی ئاگاداری كردمەوە كە باشە و وا بەردەوامە لەسەر وەرگرتنی چارەسەریی.
من سەفەری تونسم كردو لە ئینتەرنێت خۆم دوورخستەوە و خەریكی پشوودان بووم، بەڵام رۆژی 29ی تەمموز گەڕامەوە ستۆكهۆڵم. شەو درەنگ كاكە لوقمان بەرزنجی تەلەفۆنی بۆ کردم و دوای هەواڵپرسینی یەکتری و بەخێرهێنانەوە، هەواڵی دڵتەزێنی ئەبوبەكر خۆشناوی پێ راگەیاندم. وای چەند جەرگبڕ و بە سۆیە هەواڵی ماڵئاوایی ئازیزان. لە شیعر و میعران لە قسە و باسان هەردەم رقی خۆم بەرامبەر مردن راگەیاندووە. هەردەم ئەو سەركەوتووە بەسەر سۆز و هەستم و دیسان چاوانی پڕ فرمێسك كردم. جا لەو دووریە جگە لە فرمێسك بارین هیچی تر دەكرێت؟
ئەویش هەر لە بێدەسەڵاتی و بەردەوام بوونی ژیانە.
یادگارییەكانی ئەبوبەكر خۆشناو هەر لەگەڕەكی سێتاقان كە دەچوومە ماڵیان و دەهاتە ماڵمان، ئیتر وەكو فیلم دەهاتنەوە پێشچاوم پێكەنین و قسەكانی، لەگوێیەكانمدا دەزرنگایەوە. تازە ئەو لەگۆڕستانی شێخ ئەحمەد هەوارگەی دامەزراند و منیش نازانم لە كوێی ئەو دنیایە.
چەپكێك گوڵ بۆ سەر گڵكۆی پیرۆزی بەكر خۆشناوی تێكۆشەر و كوڕە هەژاری شاری هەولێر .