بافڵ جەلال تاڵەبانی، سەرۆکی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان لە دەباشان پێشوازی لە د.محەمەد حەسسان، نوێنهرى تایبهتیی سكرتێرى گشتیی نهتهوهيهكگرتووهكان لە عیراق کرد.
لە کۆبوونەوەکەدا بافڵ جەلال تاڵەبانی ئاماژەی بە پێویستی هەماهەنگی و کاری هاوبەشی نێوان سەرجەم هێز و لایەنە سیاسییەکان کرد لەپێناو چڕکردنەوەی هەوڵەکان بۆ زاڵبوون بەسەر ئاستەنگەکان.
دۆخی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست بەوردی هەڵوێستەی لەسەر کرا و سەرۆک بافڵ وتی، پەرۆشانە کاردەکەین بۆ پاراستنی سەقامگیریی وڵاتەکەمان و دوورخستنەوەی لە ناکۆکییەکان بۆ ئەوەش هانی هەموولایەکمان داوە بۆ گفتوگۆ و چارەسەرکردنی ئاشتییانەی کێشەکان.
لەبارەی هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عیراقەوە، سەرۆکی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان روونیکردەوە کە یەکێتی پاڵپشتی ئەنجامدانی هەڵبژاردنێکی پاک و بێگەرد دەکات و هیوادارم نموونەیەکی باڵای دیموکراسی پێشکەش بکەین.