روانگەى سوورى بۆ مافەکانى مرۆڤ ئاشکرایکرد، لەهەڵمەتێکى گەڕان و پشکنیندا لە کەمپى هۆل لە حەسەکە، 27 تیرۆریستی دا.عش لەلایەن هێزەکانى ئاسایشى ناوخۆی رۆژائاوای کوردستان دەستگیرکران.
روانگەکە بڵاویکردەوە، دەستیشگیراوە بەسەر چەکى ئەو کەسانەى دەستگیرکراون و بۆ یەکەیەکى ئاسایشى ناوچەکە گواستراونەتەوە.
روانگەى سوورى دەشڵێت، ئەم هەڵمەتە لە چوارچێوەى هەوڵدانە بۆ هەڵوەشاندنەوەى شانە نوستووەکانى دا.عش لەناو ئەو کەمپەدا، هەڵمەتەکەش پاش ئەوە بووە ژمارەیەک چەکدارى داعش هەوڵى دەرکردنى خێزانەکانیانداوە و دەستشیان بە بڵاوکردنەوەى بیرى توندڕەوى و نانەوەى پشێووى لە کەمپەکەدا کردووە.
کەمپى هۆل کەوتووەتە باشوورى رۆژهەڵاتى شارى حەسەکە لە رۆژائاوای کوردستان، لە ژێر کۆنتڕۆڵى هێزەکانى سووریاى دیموکرات "هەسەدە"دایە، نزیکەى 70 هەزار ژن و منداڵى چەکدارانى داعشى تێدایە و 30 هەزاریان عیراقین.