بەتینترین گەرما لە مێژوودا

10:41 - 2022-08-07
ژینگە
657 جار خوێندراوەتەوە

بورهان ئەمین

گۆڕانی کەشوهەوا و گەرم بوونی دونیا بۆتە کێشەیەکی ژینگەیی جیهانی و هاووڵاتی و حکومەتەکانی هەراسان کردووە، خەڵک هەیە دەرقەت و بەرگەی ئەو گەرمایە ناگرێت، بڵاوبوونەوەی دووەم ئۆکسیدی کاربۆنێکی زۆر بەناو هەوادا هۆکاری سەرەکی ئەو بارە نا هەموارەیە کە بۆتە کێشەیەکی سەرتاسەری و ئەوەی ئێستا دەگوزەرێت تەنها چەند جارێک لە مێژوودا رویانداوە.
ئەمریکا
سەرەتای سەدەی نۆزدەیەم گڕەیەک ئەمریکای گرتەوە و شاری نیۆیۆرک گەرمترین پلەی تێدا تۆمارکرا، ئەو شەپۆلی گەرمایە گەیشتە 43 پلەی سەدی و دوو مانگی خایاند، ئەوکات وەک ئێستا فێنککەرەوەی تایبەتی کەم بوو بۆیە بەهۆیەوە زیاتر لە 10 هەزار کەس گیانیان لەدەستدا، پێشتر لە ساڵی 1936 بەهۆی کەمی بارانبارین و وشکەساڵیەوە پلەی گەرما گەیشتە 50 پلەو لەهاوینی ئەوساڵەدا تەنها لە ئەمریکا 5000 کەس و لە کەنەداش 110 کەس مردن، لە هاوینی ساڵی 1980 ش هەر لە ئەمریکا بەهۆی بەرزی پلەی گەرما بۆ سەروو 44 پلەی سەدی زیاتر لە 10 هەزار کەس لە 12 ویلایەت مردن و زیانی 20 ملیار دۆلاریش بە ئابووریەکەی گەیشت.
یۆنان
لە هاوینی ساڵی 1987 لە یۆنان پلەی گەرما بەرزترینی تۆمار کرد و گەیشتە 45  پلە و تەنها لە ماوەی یەک هەفتەدا 1500 کەس لە نەخۆشخانەکان مردن، جگە لە زیانێکی زۆریش بەپانتایی سەوزایی گەیشت و دارستانەکانی سووتان.
ئەوروپا
لەساڵی 2003 کیشوەری ئەوروپا گەرمترینی بەخۆوە بینی و لە 500 ساڵی رابردودا گەرمای وای بەخۆوە نەبینی بوو، بەرزی پلە تا رادەی سەروو 40 بۆ ئەوروپا زۆرە، چونکە خاکەکەی شێدارە و هەڵمی لێ بەرزدەبێتەوە، ئاسایی 10 پلەی لەخاکی ئەو وڵاتانە زیاترە کە وشک و شێدار نین، بۆیە 70 هەزار کەس بەهۆی گەرماوە گیانیان لەدەستدا و زیانی دەیان ملیاریش بە بواری ئابووری کەوت، ئەمساڵیش 2022 دیسان شەپۆلێکی تری گەرما لە ئەوروپای داو لە وڵاتەکانی ئەڵمانیا، فەڕەنسا، ئیسپانیا و یۆنان گەیشتە سەرو 40  پلەو بەهۆیەوە خەڵکێکی زۆر مردن و دارستانێکی زۆر گڕیان تێ بەربوو زیانی مادی گەورەشیان لێ کەوتەوە.
روسیا، پاکستان وهیندستان
رەنگبێت سەیربێت لە وڵاتێکی ساردی وەک روسیا پلەی گەرما ئەوەندە بەرزبێتەوە خەڵکی بێزار بکات، کەچی لە 2010 پلەی گەرما گەیشتە 44 و دەیان کەسی کوشت، ئاگر لە دارستانەکان بەربوون و زیانێکی مادی زۆری پێگەیشت، ئەو روداوە لە کتێبی گینس تۆمارکرا، لە 2015 گەرمایەکی بەتین وڵاتی پاکستانی گرتەوە و گەیشتە 50 پلەی سەدی  بەهۆیەوە زیاتر لە 2000 کەس مردن، لە 2002 لەهیندستان بۆ ماوەی دوو هەفتە پلەی گەرما گەیشتە 43 کە ئەمە بۆ وڵاتێکی کەمدەرامەتی هەژارنشینی بێ کەرەستە و ئامێری فێنککەرەوە زۆرە و لە چەند رۆژێکدا 2200 کەس مردن.
بەپێی توێژینەوە زانستییەکان و دەزگای IPCC تادێت پلەی گەرمای گۆی زەوی گەرمتر دەبێت و بۆ ساڵی 2100 لەوانەیە بۆ هەموو شوێنێک بگاتە 48 پلە، بۆیە ئەوکات سێ بەشی دانیشتوانی هەموو جیهان گرفتار دەبن بەتایبەتیش ئەو وڵاتانەی دەکەونە سەر هێڵی گەرم لەوانە سریلانکا، بەرازیل، هیندستان و باشوری ئەفریقا.
سەرچاوە: Watson 

#کەشتیی نـــوح

بابەتە پەیوەندیدارەکان