دیداری/ محەمەد نەورۆڵی
دوای تێپەڕبوونی چەندین ساڵ، هێشتا مین و پاشماوەی تەقەمەنیی جەنگ، هەڕەشەی گەورەن لەسەر هاووڵاتیانی هەرێمی کوردستان، لە دیدارێكیشدا لەوبارەیەوە دلێر محەمەد بەڕێوەبەری گشتیی كاروباری مین لە پارێزگای هەڵەبجە بۆ كوردستانی نوێ وتی: لە سنوورەکەدا سەدان کەس بەهۆی مین و تەقەمەنییەوە گیانیان لە دەستداوە، یان بریندار و کەمئەندام بوون.
*رووبەری زەوی پیسبوو بە مین و تەقەمەنی لە سنووری پارێزگای هەڵەبجە چەندە؟
- لەبەرئەوەی ژمارەیەکی زۆر کۆمپانیا، رێکخراو و لایەنی بەرپرس لە حکومەت کاریان کردووە لە پارێزگای هەڵەبجە، ژمارەی دروستی مین و تەقەمەنی هەڵگیراوەمان لە بەردەستدا نییە، بەڵام مەزەندە دەکرێت نزیکەى 750,000 مینى دژە مرۆڤ و دژە تانک لە سنووری پارێزگای هەڵەبجە هەڵگیرابێتەوە، لە سەرەتادا نزیکەى 40 ملیۆن مەتر دووجا، زەویی چێنراو بە مین و تەقەمەنى هەبوو، 15 ملیۆن مەتر دووجای پاککراوەتەوە و نزیکەی 25 ملیۆن مەتر دووجا رووبەرى بەمین چێنراو ماوە، کە پێویستە بەپێى ئەولەویەتیان پاکبکرێنەوە، لەبەرئەوەی مەترسییان بۆ سەر ژینگە، دانیشتوان و ئابوورىی ناوچەکە دروستکردووە.
*ئەو مین و تەقەمەنییانەی لە سنوورەکەدا هەن مێژووی چاندنیان بۆ كەی دەگەڕێتەوە؟
-مێژووى شاردنەوە و دانانى مین بە سێ قۆناغ بووە، ساڵانى 1960- 1965 چاندنی مین دژى شۆڕش و پێشمەرگە، قۆناغێکی دیکە ساڵانی 1975-1979 شاردنەوەی مین دژى شۆڕشى نوێ، کۆتا قۆناغ ساڵانی 1980-1989 لە ماوەی جەنگی عیراق – ئێراندا هەزاران مین و تەقەمەنی لە سنووری پارێزگای هەڵەبجە دانراوە، کە بەهۆیانەوە سەدان کەس، شەهید، بریندار و کەمئەندام بوون.
* لە سنووری پارێزگای هەڵەبجە کام جۆرانەی مین و تەقەمەنی چێنراون؟
-جۆرى مینەکان زۆرن مینى دژە مرۆڤ و دژە تانکیشی لێیە. مینى دژە مرۆڤ پۆلێن دەکرێت بۆ مینى پارچەدار و کڵپەدار، زۆرترین ئەو مینانەی لە سنوورەکەدا پوچەڵکراونەتەوە، بەرهەمی وڵاتانی چین، ئیتالیا، ئیسرائیل، وڵاتە یەکگرتووەکانى ئەمریکا و یەکێتىی سۆڤیەتی جارانن.
*شێوەی مینەکان چۆنە و بەچی دەتەقنەوە؟
-زۆرینەى مینەکان بە پلاستیک رووپۆش کراون، کە بەرگەى سەرما و گەرما دەگرێن و بە چالاکى دەمێننەوە کە لە شێوە و قەبارەدا جیاوازن، هەندێکی دیکە لە مینەکان بە کانزا روپۆش کراون، پێکهاتەى هەموو مینێک بریتییە لە ( تەقەمەنى، تەرەقە و دەرزى)، بە گوشارخستنە سەرمینەکە لە رێگەى پێ پیادانان یاخود دەستکاریکردن دەتەقنەوە، لەبەرئەوەی دانانی مینەکان ماوەیەکی زۆری بە سەردا تێپەڕیوە هەستیارتر بوون و بە کەمترین گوشار یان دەستلێدان دەتەقنەوە.
*چۆن شوێنە مینڕێژکراوەکان دەستنیشان دەكرێت؟
-تیمەکانى رووپێوى لە بەڕێوەبەرایەتییە گشتییەکانى مین، لە رێگەى پەیوەندىی تەلەفۆنى، یان بینینى مین و تەقەمەنى، بوونی ئاسەوارى تەقینەوەى مین و پارچەکانی یان لە رێگەى هەواڵ بە بوونى رووداوى تەقینەوەى مین بە ئاژەڵ یان مرۆڤدا، یاخود بینینى سیم، تەلى دڕکاوى، کەڵەکەبەرد و بوونى پووش و پاوانى زۆر لە شوێنەکاندا، دیارى دەکرێن وەک ناوچەى گومانلێکراو، پاشان تیمى تایبەتمەند سەردانى ئەو ناوچانە دەکەن کە گومانیان لێی هەیە پاش کنە و پشکنین بڕیار لە شوێنەکە و رووبەرەکەى دەدرێت.
*كارمەندانی هەڵگرتنەوەی مین لە کاتی کارکردن کەلوپەلی خۆپارێزی تەواو بەکاردەهێنن؟
-کارمەندانى مین هەڵگرتنەوە پابەندن بە ستانداردە جیهانى و ناوخۆییەکانەوە، لە کاتى دەستبەکاربوونیان لە کێڵگە مینەکاندا لە رێگەی ئامێری ئەلیکترۆنى یان میکانیکى یاخود سەگى مین دۆزەرەوەوە شوێنەکە دەپشکنن و دەستنیشانی دەکەن، هەروەها لە سەرەتا تا کۆتایی کارکردن کەلوپەلى خۆپارێزی وەک (بەدلە، پووت، درع و فایزەر) بەکاردەهێنن، کە لەکاتى تەقینەوەى مینە کڵپەدارەکاندا دەیانپارێزێت.
*پلانتان چییە بۆ هۆشیاركردنەوەی هاووڵاتیان لە مەترسی ناوچە مینڕێژکراوەکان؟
-بێجگە لە دانانى نیشانەى ناوچەى مەترسى لە سنوورى کێڵگە مینەکاندا، ساڵانە تیمەکانى هۆشیارکردنەوە لە بەڕێوەبەرایەتى هۆشیارى، سەردانی گوندەکان دەکەن بۆ ئاگادارکردنەوەی گوندنشینان، لەگەڵ دانانى بۆردى مەترسىی مین و بڵاوکردنەوەی پۆستەر، هەروەها تیمەکان سەردانى مزگەوت و خوێندنگەکان دەکەن و جانتایان پێ دەبەخشن کە پەیامى هۆشیارکردنەوەى لەسەرە، لەگەڵ هەموو ئەوانەدا هاوینان بۆ ماوەی مانگێک خولی هۆشیاری بۆ ژنان و منداڵان دەکرێتەوە، هەروەها لە رێگەی مۆسیقا و گۆرانییەوە پەیامى هۆشیارکردنەوە دەگەیەنرێتە تەواوی گوندنشینان و گەشتیاران.