داوا دەكرێت دڵی مارادۆنا لە كاتی مۆندیال ببرێتە قەتەر

07:49 - 2022-03-27
وەرزش
229 جار خوێندراوەتەوە

هیچ كەسێك گومانی لەوەدا نییە كە ئەرژەنتینەكان سەرشێتانە هاندەری تۆپی پێن و خۆشەویستیەكی زۆر گەورەیان بۆ دیگۆ مارادۆنای ئەفسانەی تۆپی پێ هەیە كە ساڵی 2020 ماڵئاوایی كرد.
ئەو خۆشەویستیەی ئەرژەنتینیەكان بۆ مارادۆنا هەیانە دەگەڕێتەوە بۆ مۆندیالی 1986 كە سەركردایەتی هەڵبژاردەكەی كرد لە بردنەوەی مۆندیال و ئێستاش كە مارادۆنا كۆچی دوایی كردوە ئەرژەنتینەكان داوا دەكەن دڵی ئەو ئەفسانەیە ببرێتە قەتەر بۆ ئەوەی هاوڕێیەتی مێسی و یاریزانانی تر بكات لە مۆندیال بەتایبەت كە ئەمە دوا هەلە بۆ مێسی بۆ ئەوەی هەمان دەستكەوتی مارادۆنا دووبارە بكاتەوە.
مارادۆنا ساڵی 2020 گیانی لەدەستدا و لە كاتی باخ سپاردنی دڵی نەخراوەتەوە ناو گۆڕەكەی و لەناو مادەیەكی تایبەت پارێزراوە بۆ ئەوەی پشكنینی بۆ بكرێت بەتایبەت كە ماوەی 2 ساڵە لێكۆڵینەوە لەسەر هۆكاری مردنی مارادۆنا بەردەوامە.
هاندەرانی ئەرژەنتینیش ئەمەیان بە هەل زانیوە بۆ ئەوەی پاڵپشتی بیرۆكە شێتانەكەیان بكەن و داوا دەكەن دڵی مارادۆنا لەگەڵ تیپەكەی سكالۆنی راهێنەر گەشت بكات بۆ قەتەر ئەمەش وەكو پاڵپشتی بۆ یاریزانان.
ئەو هاندەرانە بەیاننامەیەكیان بلاوكردۆتەوە و تیایادا هاتووە هەمووان دەزانن ئەگەر مارادۆنا زیندوو بووایە لەقەتەر دەبوو بۆ پاڵپشتی یاریزانان، بۆیە كە ئێستا ئەو خۆی لە ژیاندا نەماوە باشترین شت ئەوەیە دڵی ببرێتە قەتەر كە ئەمە دەبێتە بیرۆكەیەكی سەرنجڕاكێش.

بابەتە پەیوەندیدارەکان