سیروانی نوێ هەنگاوێكی تر لە نازناوەكە نزیك بۆوە

07:54 - 2022-03-27
وەرزش
221 جار خوێندراوەتەوە

راستگۆ فەریق
هەفتە لە دوای هەفتە سیروانی نوێ زیاتر لە نازناوی خولی نایابی كوردستان نزیك دەبێتەوە و ئەو یانەیە كە رزگاری عەلی راهێنەرایەتی دەكات زۆر نەماوە ببێتە یەكەم یانە لە سنووری سلێمانی لە وەرزێكی تەواوەتی نازناوی خولی نایاب بباتەوە.
دوو وەرز بەر لە ئێستا بەهۆی كۆتایی هێنانی یارییەكانی خولی نایاب بەهۆی پەتای كۆرۆناوە یانەی نەورۆز وەكو پاڵەوان دیاریكرا كە بووە یەكەم یانەی پارێزگاری سلێمانی خولەكە بباتەوە، بەڵام پێشتر هیچ یانەیەك لە سنووی سلێمانی لە وەرزێكی تەواوەتیدا نەبووەتە پاڵەوان.
ئەم وەرزە یانەی سیروانی نوێ بە پێشكەشكردنی تۆپی پێیەكی سەرنجڕاكێش و هێرشبەریی و بە سەركردایەتی راهێنەرێكی بەتوانا و كۆمەڵێك ئەستێرەی لاو كە چاوەڕێی داهاتوویەكی گەشیان لێدەكرێت نزیكن لەوەی كۆتایی بەو مۆتەكەیە بهێنن و نازناوی خولی نایاب لە ناو یاریگاكانی سلێمانی بەرز بكەنەوە.
سیروانی نوێ لە جەولەی 25ی خولی نایابی كوردستان لە یاریگای ئاشتی بەبێ گۆڵ لەگەڵ یانەی زاخۆ یەكسانبوو، بەڵام بەسوود بینین لە یەكسانبوونی ركابەرەكەی كە یانەی هندرێنە پارێزگاری لە جیاوازی خاڵەكان كرد لەگەڵی.
سیروانی نوێ بەرامبەر بە زاخۆ بەبێ راستگۆ فەریقی كاپتن و ئەستێرەی یەكەمی تیپەكە یاری كرد كە بەهۆی هەبوونی سێ كارتی زەرد بەشداری نەكرد، لە پاڵ ئەوەشدا یانەی زاخۆ بە مەبەستی بردنەوەی یارییەكە و بەدەستهێنانی 3 خاڵ و دووركەوتنەوە لە ناوچەی سووری دابەزین سودی لە وەستانی یارییەكانی خولی نایابی عێراق وەرگرتبوو، ئەمەش لە رێگەی هێنانی شەش یاریزانی تیپی خولی عێراقی یانەكە، بەڵام سەرەڕای ئەوەش سیروانی نوێ پارێزگاری لەو ئاستە كرد كە یارییەكانی ئەم وەرزە پێی دەركەوتوەو نزیك بوو لە بردنەوە.
سیروانی نوێ لەم یارییە یەكسانبوون، بەڵام یانەی هندرین كە ركابەری یەكەمی سیراوانی نوێیەو شەش خاڵ لێیەوە دوورە لەم جەولەیەشدا درێژەی بە ئاستە خراپەكەی دا و بۆ سێیەم یاری لەسەریەك نەیتوانی هیچ گۆڵێك بكات و بەبێ گۆڵ كەوتە داوی یەكسانبوونی یانەی دەربەندیخان كە ئەمەی دواییش لە رووی بەرگریەوە دۆخی خراپەو پێنج یارییە لەسەریەك نەیتوانیوە هیچ گۆڵێك بكات.
یانەی سەیدسادق ئەم جەولەیە لە هەمووان زیاتر بوو، ئەمەش دوای ئەوەی یەكەم سەركەوتنی لە دەرەوەی یاریگای خۆی لەم وەرزە نووسییەوە و توانی لە یەكێك لە یاریگا قورسەكان كە یاریگای سۆرانە بە 3 خاڵ بگەڕێتەوەو لە رێگەیەوە پێگەكەی لەپلەی سێیەمی ریزبەندی بەهێزتر كرد كە تەنها دوو خاڵ لە هندرێنی دووەمەوە دوورە، بەڵام یارییەكی زیاتری كردوە.
ئەم جەولەیەی خولی نایاب جەولەیەكی زۆر هەژار بوو لە رووی گۆڵكردنەوە كە هەرچەندە دوو یارییەكەی رۆژی پێنجشەممە چوار گۆڵی تێدا كرا، بەڵام بە هەر پێنج یارییەكەی رۆژی هەینی تەنها سێ گۆڵ كرا كە سەرجەمیان لە یارییەكەی سۆران و سەیدسادق بوو.
ئێستاش پێنج یاری ماوە یارییەكانی خولی نایابی كوردستان كۆتایی بێت و لەو ژمارە یارییەش سیروانی نوێ پێویستی بە بردنەوەی سێ یاری ترە بۆ ئەوەی ببێتە پاڵەوان، ئەمەش ئەگەر بێت و هندرێنی ركابەری سەرجەم یارییەكان بباتەوەو لە ئەگەر هەر كەوتنێكی هندرێنیش سیروانی نوێ زیاتر لە نازناوی ئەم وەرزەی خولی نایاب نزیك دەبێتەوە.

بابەتە پەیوەندیدارەکان