وزەی نوێبووەوە؛ بەو وزەیە دەوترێت كە لەو سەرچاوانەوە دەستكەون كە كۆتاییان نایەت، یان دەكرێت بڵێین ئەو جۆرەیە لە وزە كە لە سروشتدا بە رێژەیەكی گەورە چنگ دەكەون و لەبن نایەن و توانای ئەوەیان هەیە بە بەردەوامی نوێبببنەوە.
سەرچاوەی ئەمجۆرە وزەیە بە شێوەیەكی ریشەیی جیاوازە لە وزەی هەڵكۆڵراو (نەوت، غازی سروشتی، خەڵوزی بەردین)، بەو پێیەی پاشماوەكانی وزەی نوێبووەوە هیچ جۆرە غازێكی پیسكەر لە خۆی ناگرێت، بە پێچەوانەی وزەی هەڵكۆڵراوەوە، ئەمجۆرە وزەیە سەرەتا لە وڵاتە پێشكەوتووەكاندا دەست بە بەكارهێنانی كرا، پاشانیش بە شێوەیەكی كەمتر لە وڵاتە گەشەسەندووەكاندا.
دەتوانین بڵێین وزەی نوێبووەوە؛ ئەو وزەیەیە كە لە دەرامەتەكانی سروشتەوە وەردەگیرێت و بە بەردەوامی نوێدەبێتەوە و لەبن نایەت، ناوی (وزەی بەردەوام) یان درێژخایەنی لێدەنرێت، لەبەرئەوەی بە بەردەوامی لە سروشتدا هەیە و دەكرێت سەرجەم وڵاتان بەكاریبهێنن.
وزەی نوێبووەوە؛ لە چەندین جۆردا خۆی دەبینێتەوە كە بریتین لە (وزەی خۆر) و (وزەی با) و (وزەی ئاو) و (وزەی گەرمی زەوی) و (وزەی زیندوو) و (وزەی بارستەی زیندوو و وزەی پاشەڕۆكان) و (وزەی زەریاكان).
ئەم سەرچاوانەی وزە تیایاندا هەیە زۆر كۆنە و لە مێژەوە مرۆڤ بەكاریهێناوە، بۆ نموونە وزەی (بارستەی زیندوو) كە سەرجەم پاشەڕۆ ئاژەڵی و رووەكییەكان دەگرێتەخۆ و مرۆڤ تا ئێستاش لە هەندێك وڵاتانی جیهاندا راستەوخۆ وەك سەرچاوەیەكی وزە بەكاریدەهێنێت، هەروەها وەك سەرچاوەیەكی وزەی تازەوەبوو دەكرێت وزەی كارەبای لێ بەرهەم بهێنرێت، كاتێك سەرچاوە رووەكی و ئاژەڵییەكان لە كورەی تایبەتدا دەسووتێنرێت و گەرمی یان هەڵمی لێ دروستدەبێت و تۆربینەكان دەخاتەگەڕ.
هەروەها وزەی زیندوو، كاتێك بە پرۆسەی تایبەتی پاشماوە رووەكی و ئاژەڵییەكان شیدەكرێتەوە و غازی میسانی لێ بەرهەم دەهێنرێت و بۆ بەرهەمهێنانی كارەبا سوودی لێوەردەگیرێت.
دۆسێ