ساڵیادی سەركردەی نەمر جەبار فەرمان

09:32 - 2022-08-10
کوردستان
352 جار خوێندراوەتەوە

دوێنێ لە خانەقین، رێوڕەسمێكی شایستە بۆ ساڵیادی سەركردەی نەمر جەبار فەرمان، رێكخرا و باخچەیەکی ساوایانیش بە ناوی جەبار فەرمان کرایەوە.
لە رێوڕەسمەكەدا، كە ژمارەیەك لە بەرپرسانی حزبی و حكومی و كەسوكار و هاوڕێ و هاوسەنگەرانی سەركردەی نەمر جەبار فەرمان ئامادەبوون، چەند وتەیەك پێشكەشكران و تیایاندا ئاماژەكرا بە چەند وێستگەیەكی جیاجیای پڕ لە خەبات و قوربانیدانی سەركردە جەبار فەرمان، كە یەكێك بوو لە سەركردە هەرە شۆڕشگێڕەكانی میللەتی كورد، كە بۆ ئازادیی نەتەوەكەی خەباتی كردووە، لە شەڕ و داستانەكانیشدا هەموان شایەتی ئەوە دەدەن كە چەند ئازایانە و قارەمانانە رووبەڕووی دوژمنانی گەلەكەمان دەبۆوە و تێكیدەشكاندن.
لە وتەیەكیشدا، سەبیحەخان هاوسەری سەركردە جەبار فەرمان، چەند یاد و یادەوەرییەكی باسكرد و وتی: ئەم رێوڕەسمە دوو یادە بۆ ئێمە، یادی كۆچی دوایی سەركردە جەبار فەرمان، كە كۆستێكە ناخی هەموانی گرتووە، دووەمیش یادی رەوەندی كوڕی تاقانەیەتی كە بە داخەوە ئەویش بەجێیهێشتین و مەرگ رێگەی نەدا رێگەی باوكی بگرێتەبەر، وتیشی: جەبار فەرمانی سەركردە هەموو ژیانی خۆی بۆ خزمەتی كورد و كوردستان تەرخانكردبوو، لەوپێناوەدا نەیدەزانی ماندوبوون چییە، بۆیە ئێمەش بڕیارمانداوە ئەو رێگەیە تەواوبكەین و تا ئەوپەڕی توانا و بەهەموو شێوەیەك خزمەتی كوردستان و میللەتەكەمان و بەتایبەتیش خەڵكی گەرمیان و خانەقینی خۆشەویست بكەین.

بابەتە پەیوەندیدارەکان