داوای هاوبەشیكردنی هەردوو كەرتی گشتی و تایبەت دەكرێت

09:53 - 2022-08-10
ئابووری
530 جار خوێندراوەتەوە

ئا: تەها عەبدوڵڵا

هاوبەشیكردنی كەرتەكانی گشتی و تایبەت لە پێشكەشكردنی خزمەتگوزارییە جیاوازەكان بە هاووڵاتیان كە بە (ppp) ناسراوە، یەكێكە لە شێوازەكانی بەڕێوەبردن لە جیهاندا، بۆ ئەوەی كەرتی تایبەت بە هاوبەشی لەگەڵ حكومەتدا، كار لەسەر جێبەجێكردنی ئەو پڕۆژانە بكەن كە حكومەت بە هەر هۆكارێك بێت، توانای جێبەجێكردنی نییە.
ئابووریناسێكیش ئاماژە بەوە دەكات: جگە لە هەندێك بوار، كەمتر پەیڕەوی ئەو سیستمە لە هەرێمی كوردستان كراوە.
راشیدەگەیەنێت: «بەشداریپێكردنی كەرتی تایبەت لە پڕۆژە خزمەتگوزارییەكاندا، لە بەرژەوەندیی هاووڵاتیانە، بەشێوەیەك هەم پڕۆژەكان زووتر تەواو دەبن، هەمیش هەلی كاری زۆر دەڕەخسێنرێت و قورسایی دارایی لەسەر شانی حكومەت سووك دەبێت».

״بە هەرزانتر لەسەر هاووڵاتیان دەوەستێت״
شەماڵ نوری، ئەندامی ئەنجومەنی سەندیكای ئابووریناسانی كوردستان، بۆ كوردستانی نوێ وتی: «هاوبەشیكردنی كەرتەكانی گشتی ‌و تایبەت، متمانەی زیاتر بە كەرتی تایبەت و وەبەرهێنانی بیانی و ناوخۆیی دەدات، تا بێنە پێشەوە و بەشداربن لە جێبەجێكردنی ئەو پڕۆژانەی كە پێشتر كەمتر كاریان لەسەر كردووە».
وتیشی: «دروستكردنی بەنداو و یەكەی نیشتەجێبوون و پڕۆژەكانی ئاو و ئاوەڕۆ و كارەبا و رێگاوبانە ستراتیژییەكان، لەو پڕۆژانەن كە پێویستیان بە هاوبەشیكردن هەیە، بە تایبەتی كاتێك حكومەت خزمەتگوزارییەكان بۆ ئەو پڕۆژانە دابین دەكات، ئەوە بە هەرزانتر لەسەر هاووڵاتیان دەوەستێت».
ئەو ئابووریناسە ئاماژە بەوەشدەكات: هاوبەشیكردنی كەرتەكانی گشتی‌ و تایبەت، وادەكات سەرمایەگوزارییەكی زۆری دارایی و مرۆیی بەگەڕبخرێت، هاوكات دەبێتە هۆی رەخساندنی هەلی كار، لەگەڵ هەموو ئەوانەشدا گرنگە ئەو هاوبەشیكردنە تەنیا بۆ بەرژەوەندیی لایەنێك لەسەر لایەنێكی تر نەبێت، بەڵكو پێویستە بەرژەوەندیی گشتی لەبەرچاو بگیرێت.

هاوبەشیكردنی كەرتەكانی گشتی‌ و تایبەت، وادەكات سەرمایەگوزارییەكی زۆری دارایی و مرۆیی بەگەڕبخرێت، هاوكات دەبێتە هۆی رەخساندنی هەلی كار

هاوکاریی حكومەت دەکات
لای خۆیەوە، د.ئەیوب سماقەیی ئابووریناس‌ و مامۆستای زانكۆ، بە كوردستانی نوێ-ی راگەیاند: وەك چۆن هەردوو كەرتی گشتی ‌و تایبەت لە هەرێمی كوردستاندا هەن، بەهەمان شێوە دەكرێت هاوبەشیكردن لە نێوان ئەو دووكەرتەدا هەبێت، ئەمەش وادەكات قۆرغكاریی دروست نەبێت.
وتیشی: «ئەو هاوبەشیكردنە دەبێتە هاریكارییەكی باش بۆ حكومەت، بەمەبەستی جێبەجێكردنی ئەو پڕۆژانەی كە پارەیەكی زۆریان پێویستە، بە تایبەتی لەكاتی قەیران و بارودۆخە سەختەكاندا».
ئاماژەی بەوەشكرد: لەگەڵ ئەو گرنگییەی لە هاوبەشیكردنی كەرتی گشتی ‌و كەرتی تایبەتدا هەیە، هەندێك سێكتەر هەن پێویستە حكومەت خۆی ئیدارەی بدات، لەوانە: تەكنۆلۆجیای زانیاری، كەرتی پەروەردە و خوێندن و تەندروستی و هەموو ئەو سێكتەرانەی كە راستەوخۆ پەیوەندییان بە ژیان و گوزەرانی هاووڵاتیانەوە هەیە.

نەبوونی متمانە لە نێوان  حكومەت و کۆمپانیاکاندا
هاوكات، د.ئیدریس رەمەزان ئابووریناس و مامۆستای زانكۆ، بە كوردستانی نوێ-ی راگەیاند: هاوبەشیكردنی هەردوو كەرتەكە، رۆڵێكی گرنگی دەبێت لە بوژانەوەی سێكتەری ئابووری و جێبەجێكردنی پڕۆژەكان لەكاتی خۆیدا، بەڵام ئەو جۆرە هاوبەشیكردنە لە هەرێمی كوردستان وەكو پێویست نابینرێ.
وتیشی: «هۆكاری لاوازی ئەو سیستمە، لەلایەك بۆ نەبوونی متمانەی هەندێك كۆمپانیا بە حكومەت دەگەڕێتەوە، یان بە پێچەوانەوە حكومەت متمانەی بە بەشێك لە كۆمپانیاکان نییە».
پێشیوابوو: بەگشتی هاوبەشیكردن بۆ پڕۆژە ستراتیژییەكان زۆر گرنگە، وادەكات پاڵەپەستۆیەكی زۆر لەسەر حكومەت دروست نەكات، هەروەها كاتی تەواوبوونی پڕۆژەكانیش كەمتر دەكاتەوە، كە زۆرجار بە هۆی نەبوونی بودجەوە دوادەكەوێت.

بابەتە پەیوەندیدارەکان