لە سەکۆی میدیا جیهانی و ئیقلیمییەکانەوە

11:49 - 2025-05-12
جیهان
18 جار خوێندراوەتەوە

فەتحوڵڵا حوسێنی ئامادەی کردووە

 

ئەمریکا دۆخی نائاسایی لەسەر سوریا درێژدەکاتەوە
حکومەتی ئەمریکا دیاریکردنی ئەحمەد هایسی وەک فەرماندەی فیرقەی سەربازیی بۆ باکووری خۆرهەڵاتی سوریا بە هەڵەیەکی کوشندە وەسف دەکات کە لەلایەن دیمەشقەوە دەستنیشانکراوە، بەوپێیەی ناوبراو تۆمارێکی دوورودرێژی لە پێشێلکردنی مافی مرۆڤدا هەیە و دەڵێت واشنتۆن پشتیوانیی لێناکات.
هەر لەو چوارچێوەیەشدا حکومەتی ئەمریکا بۆ ماوەی ساڵێکی دیکە بڕیاری دۆخی نائاسایی بەسەر سوریادا درێژکردەوە کە لە ساڵی 2004 ەوە لەلایەن جۆرج دەبلیو بوش-ی سەرۆکی ئەوکاتی ئەمریکاوە بەسەر دیمەشقدا سەپێنراوە.

 

جونبولات نامەیەک ئاراستەی ماکرۆن دەکات

وەلید جونبولات سەرکردەی درووزەکانی لوبنان نامەیەکی سوپاس و پێزانینی ئاراستەی ئیمانۆئێل کردووە و تێیدا سوپاسی دەکات لەپای پێشوازیکردنی لە ئەحمەد شەرع سەرۆکی قۆناغی راگوزەری سوریا و مامەڵەکردنی رەسمی لەگەڵ سەرکردایەتیی نوێی ئەو وڵاتەدا.

 

34 حزب و رێکخراوی سوریا داوای ئاگربەست لە جەرمانا و سەحنایا دەکەن
34 حزب و رێکخراو لە خۆرهەڵات و باکووری سوریا نیگەرانیی خۆیان دەردەبڕن بەرامبەر گرژیی و ئاڵوزییەکانی جەرمانا و سەحنایای دەوروبەری دیمەشق دەکەن و داوا دەکەن ئاگربەست رابگەیەنرێت و لۆژیکی عەقڵ بەسەر مەیلی تایفیدا زاڵبکرێت.
لە راگەیەندراوێکیشدا لەوبارەیەوە ئاماژەیان بەوە داوە کە چەک جگە لە خوێن و وێرانکاری هیچی دیکەی لێ بەرهەم نایەت و دەرگای دیالۆگ و لێکتێگەیشتن دادەخات.

بابەتە پەیوەندیدارەکان