پێش نیوەڕۆی دووشەممە، سەعدی ئەحمەد پیرە، ئەندامی مەکتەبی سیاسی و وتەبێژی یەكێتیی نیشتمانیی کوردستان لە بارەگای مەکتەبی سیاسی لە شاری هەولێر پێشوازیکرد لە ژمارەیەک لە کەسایەتی و کادیرە پێشکەوتووەکانی یەکێتی لە سنووری موسڵ و شەنگال بەتایبەتی کادیرانی ئێزیدی لە سنوورەکە.
لە میانی ئەو پێشوازیەدا هەڤاڵ سەعدی ئەحمەد پیرە وێڕای ئاماژەدان بە مێژووی خەبات و تێکۆشان و رۆڵی برایانی ئێزیدی لە شۆڕشەکانی کوردستان بەتایبەتیش شۆڕشی نوێی گەلەکەمان بە ڕابەرایەتی یەکێتی نیشتیمانی کوردستان، تیشکی خستەسەر دواین پێشهات و گۆڕانکارییە سیاسییەکانی هەرێم و ناوچەکە و جیهان، هاوکات تیشکی خستەسەر ئەو پەرەسەندنانەی لە ناچەکەدا روویانداوە بەتایبەتی پرۆسەی ئاشتی لە تورکیا و گفتوگۆکانی نێوان لایەنە کوردییەکانی سوریا و دەسەڵاتدارانی دیمەشق و ئەوململانێ ئابووری و سیاسیانەی لە ناوچەکە و جیهان دەگوزەرێن، هەڤاڵ سەعدی ئەحمەد پیرە رایگەیاند، یەکگرتوویی و یەکهەڵوێستی کورد لە ئێستا زامنی گەورەترین سەرکەوتن و پاراستنی بەرژەوەندییە نەتەوەییەکانمان دەکات.
هەر لەو دیدارەدا، پرسی گفتوگۆکانی پێکهێنانی حکومەتی نوێی هەرێمی کوردستان و پەیوەندییەکانی نێوان هەولێر و بەغدا و ئامادەکاریەکانی هەڵبژاردنی داهاتووی پەرلەمانی عیراق گفتگۆیان لەبارەوەکرا.