لە شاری ئامەدی باكووری كوردستان، كۆنفرانسی زمانی كوردی بە بەشداریی هەر چوار پارچەی كوردستان بەڕێوەچوو.
پێن-ی كوردی بە هاوكاریی شارەوانیی گەورەی ئامەد و پشتیوانیی پێنی نێودەوڵەتی، كۆنفرانسی زمانی كوردی رێكخست، كە تێیدا كەسانی بەئەزموون و شارەزا لە پارێزگاكانی سلێمانی، خوراسان، كەلاردەشت، كرماشان، شارەكانی باكووری كوردستان و رۆژئاڤا بەشداربوون و ماوەی دوو رۆژ بەردەوام بوو.
لە كۆنفرانسەكەدا، چەندین وتار پێشكەشكران و ژمارەیەك پانێڵیش بەڕێوەبران، كە لە یەكەم رۆژدا د.دلاوەر زەراق نووسەر و توێژەری باكوور باسێكی بەناونیشانی (لە كێشەی هەبوونەوە تا بیانووی بێتوانایی رەوشی كۆمەڵایەتی-سیاسی، زمانی كوردی لە توركیا) پێشكەشكرد، دواتر سامی تان زمانزان و سەرۆكی كۆمیتەی مافی زمان و وەرگێڕان لە ناوەندی پێنی كوردی باسێكی بەناونیشانی (زمان و زمانكوژی و پلانسازیی زمانی كۆمەڵایەتی) پێشكەشكرد، هەروەها مافناس سابیر عەبدوڵڵاهیزاد لە باسێكدا قسەی لەسەر (رەوشی یاسایی زمانی كوردی لە چوار پارچەی كوردستان) كرد، دادیار ئازاد مامۆستای زمانی كوردیش باسێكی بەناونیشانی (پرۆسەی مافی زمان لە باشووری كوردستان) پێشكەشكرد، كۆتا باسیش لەلایەن خەجێ شەن-ی نووسەرەوە پێشكەشكرا كە قسەی لەسەر (پێناسەی ژنۆلۆژی و رستەیی لە زمان و وێژەدا) كرد و بەڕێوەبەری پانێڵیش شاعیر و نووسەر و رۆژنامەنووس كەژاڵ ئەحمەد بوو.
لە دووەم رۆژی كۆنفرانسەكەشدا، چەندین پانێڵ لەلایەن جەمیلە تورهارلر پێشكەشكران، كە پانێڵەكانی دانیشتنی یەكەم تایبەتبوون بە ئەدەبی زیندان، یەكێك لەوانە خاتوو رۆژبین پەرێشان بوو، كە ئەزموونی سی ساڵ لە زیندانی لە كتێبێكدا كۆكردبووەوە، باسەكەشی سەرنجی ئامادەبووانی راكێشا، كە خاتوو رۆژبین لە 18 ساڵیدا زیندانی كراوە. هەروەك بەیان عەزیزی نووسەر و توێژەریش باسێكی سەبارەت بە سانسۆر پێشكەشكرد. پاشان موژگان كاوسین نووسەر لە مازەندەرانی كوردستانەوە باسێكی بەناونیشانی (مافی زمانی و بیرەوەرییەكانی زیندان) پێشكەشكرد و تیشكی خستەسەر ئەزموونی خۆی وەك نووسەرێكی ژن لە كەلاردەشت، كە كتێبێكی سەبارەت بە ئەنفالی باشووری كوردستان وەرگێڕاوە بۆ زمانی فارسی. دواتر نووسەر سیدار چڕ، لێكۆڵینەوەیەكی بەناونیشانی (كاریگەریی نێوان زمانی ئەدەبی و سیاسەت) پێشكەشكرد.
لە كۆتایی كۆنفرانسەكەشدا، زەینەب یاش بەرپرسی كەلتور و رۆشنبیریی رێكخراوی پێن لە ئامەد، وتەیەكی پێشكەشكرد. دواتر سەید جەلالی نیزامی، كە نووسەرێكی بەتەمەنە، شیعرێكی خوێندەوە. عەلی رەزا سپاهی-ش سڵاوی دوو ملیۆن كوردی خوراسانی لە ئامادەبووان كرد. دوای ئەویش مامۆستا فوڕات قسەی كرد و وتی: 500 ساڵە كورد دەكوژرێت و دەچەوسێنرێتەوە، ئێستا كاتی ئەوە هاتووە ئاشتیمان قبووڵ بێت و ئاشتی و دیموكراسی لە ماڵ و ناو خێزانەكانی خۆمانەوە دەستپێبكەین. مامۆستا ئارش-یش، وتی: ئێمە لە ئیلام و هەمەدان و كرماشان بەگشتی، بەدرێژایی مێژوو قڕكراوین و دەستنووس و كتێب و مۆسیقامان دزراوە و سووتێنراوە.
هەر لە كۆنفرانسەكەدا، فەرەیدون سامان سەرنووسەری گۆڤاری زمان و زار، ئاماژەی بە وتارێكی كرد كە لە رۆژنامەی كوردستانی نوێ-دا بڵاویكردووەتەوە و لە وتارەكەیدا قسەی لەسەر رۆژی زمانی كوردی كردووە. پاشان ژمارەیەك ئامادەبووی دیكە بە وتەی كورت و پوخت بەشدارییان كرد و كۆتایی بە كۆنفرانسەكە هێنرا.
کوردستانی نوێ - ئامەد