دوای کۆنگرەی پە.کە.کە و ئاشکراکردنی بڕیارەکانی، سەرۆک بافڵ پەیامێکی بڵاوکردەوە کە ئەمە دەقەکەیەتی:
بڕیاری پەکەکە بۆ بەدەمەوەچوونی بانگەوازەکەی بەڕێز عەبدوڵا ئۆجەلان و خۆهەڵوەشاندنەوە و چەکدانان لەم قۆناغە هەستیار و چارەنوسسازەدا هەنگاوێکی مێژووییە و پێشوازیی لێدەکەین.
یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان وەک هەمیشە پەرۆشە بۆ سەرخستنی پرۆسەی ئاشتی و هاوکار و پشتیوانی هەموولایەک دەبین بۆ سەرخستنی ئەم هەوڵە، پێمانوایە چەکدانان بەشێکی پرۆسەکەیە و دەبێت هەنگاو و بەشەکانی دیکەی پرۆسەکە جێبەجێبکرێت تاوەکو بگەینە ئەو ئامانجانەی هەوڵمان بۆیان داوە.
ئێمە بە شوێن هەنگاوەکانی سەرۆک مام جەلال دا ستراتیجی نیشتمانیی خۆمان ئاڕاستە دەکەین کە وەک یەکەم سەرکردە شانی دایە بەر سەرپێخستنی پرۆسەی ئاشتی، ئەمڕۆش بەردەوامین لە هەوڵەکانمان بۆ سەرخستنی ئەم هەنگاوە مێژووییە.
دووپاتی دەکەمەوە تەنیا رێگا بۆ سەقامگیری لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست چارەسەرکردنی ئاشتییانەی کێشەی کوردە.
هیوام سەرخستنی پرۆسەی ئاشتییە لە باکووری کوردستان و تورکیا تاوەکو لاپەڕەیەکی نوێی سیاسی و دیپلۆماسی لە نێوان سەرجەم لایەنەکان هەڵبدرێتەوە و هەنگاو بۆ کارکردنی پێکەوەیی بنرێت و کاریگەریی ئەرێنی لەسەر تەواوی کوردستان هەبێت.
بافڵ جەلال تاڵەبانی
سەرۆکی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان