نووسینگەی راگەیاندنی جێگری سەرۆکی یەکێتی
جێگری سەرۆکی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان لەرێوڕەسمی کردنەوەی (ئەکادیمیای پەروەردەو پەرەپێدانی کادران)دا رایگەیاند، «برەودان بەتوانای کادران و پێگەیاندنیان بەپێی پێدراوە نوێیەکان بۆ باشتر جێبەجێکردنی ئەرکەکان پێوستییەکی ئێستایی یەکێتییە».
لە مەراسیمی کردنەوەی خولەکەدا ئەمڕۆ دووشەممە لە سلێمانی کەژمارەیەک لە ئەندامانی مەکتەبی سیاسی و سەرکردایەتی ئامادەی بوون، هەڤاڵ رفعەت عەبدوڵڵا، جێگری سەرۆکی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان لە وتەیەکیدا باسی گرنگی و رۆڵی کادری کرد و رایگەیاند، یەکێتی و جەنابی سەرۆک مام جەلال لە خەباتی شاخەوە گرنگیان بەخول و پێگەیاندنی کادر داوە، هاوکات ستایشی هەوڵەکانی پەیمانگای کادرانی (مەڵبەندی دراساتی) کرد.
هەڤاڵ جێگری سەرۆکی یەکێتی لە میانی وتەکانیدا باسی لە قۆناغە جیاجیاکانی پەیمانگای کادران کرد و ئەوەی بەبیر ئامادەبوان هێنایەوە لە دوای راپەرینیش سەرۆک مام جەلال خۆی سەرپەرشتی پەیمانگای کادرانی کردوە و بەپەرۆشییەوە چاودێری خولەکانی دەکرد وتیشی: «لە خولەکاندا وانەی پڕ بایەخی بەکادرەکان دەوتەوە».
هەڤاڵ رفعەت عەبدوڵڵا خەسڵەت و ئەرکەکانی کادری لەم رۆژگاری ئێستادا روونکردەوەو وتی: «کادر دەبێت هوشیار بێت لە رووی سیاسی و مێژویی و ئابوری و کلتوریی و... هتد».
هەڤاڵ جێگری سەرۆکی یەکێتی بەگرنگییەوە لە سەرمایەی مرۆیی کادرانی یەکێتی روانی و بە خەزێنەیەکی گرنگی یەکێتی وەسفیکرد و وتی:«وەک یەکێتی سەرمایەگوازاری لە توانای کادرەکانماندا دەکەین».
هەڤاڵ رفعەت عەبدوڵا ئامانج و روانگەی یەکێتیی دەربارەی کادر و توانادارترکردنی بۆ هەڤاڵان خستەڕوو وتی:«بۆ حزبێکی گەورە و بەهێزی وەک یەکێتی ئەرکمانە زیاتر تواناسازی سەردەمیانە لە کادرەکانماندا بکەین».
هەڤاڵ جێگری سەرۆکی یەکێتی لە پەراوێزی وتەکەیدا باسی لە گۆڕانکارییە حزبییەکان کرد و دروستکردنی کادری نەوعی و چالاککردنەوەی سەرجەم ئۆرگانەکانی بەئامانجی سەرەکی دانا.
جێگری سەرۆکی یەکێتی داوای لەکادران کرد کە وەک هەمیشە خۆیان پەروەردە بکەن لەوبارەیەوە وتی: «ئەم قۆناغە پێویستی بەکادری هوشیارو زرنگ و بەئاگایە و وەک هەمیشە کادری یەکێتی لە رووی کوالێتیەوە لە بەرزترین ئاستدا بێت».
لە کۆتایی وتەکانیدا هەڤاڵ رفعەت عەبدوڵڵا هیوای خواست خوێندکاران و هەڤاڵانی کادر لە خولەکاندا سودێکی زۆر وەربگرن و دواتر لە ئۆرگانە جیاوازەکاندا خزمەتی یەکێتی و کوردستانی پێبکەن.