کارتی نیشتمانی مەرجی مانەوەی بەشە خۆراکی هاووڵاتیانە

11:50 - 2025-05-13
کوردستان
41 جار خوێندراوەتەوە

بەرێوەبەری گشتیی بازرگانیی هەرێم رایدەگەیەنێت: بۆئەوەی هاووڵاتیان بەشە خۆراکی مانگانەیان نەبڕێت، پێویستە پەلەبکەن لەدەرکردنی کارتی نیشتمانی.
نەوزاد شێخ کامیل بەڕێوەبەری گشتیی بازرگانیی هەرێم بە کوردستانی نوێ-ی راگەیاند: دوای دەستپێکردنی پرۆسەی بە ئەلیکترۆنیکردنی فۆرمی خۆراک لە عیراق، بڕیارە لەماوەی داهاتوودا لە سەرجەم پارێزگاکانی هەرێم دەستپێبکات، بۆ ئەو مەبەستە بەشێوەیەکی ئەزموونی لە پارێزگای هەڵەبجە هاووڵاتیان لە تۆمارکردنی فۆرمەکانیان بەشێوەیەکی ئەلیكترۆنی ئاگادارکراونەتەوە و هەنگاوەکان دەستیپێکردووە.
وتیشی: جگە لە کارتی زانیاری و فۆرمی خۆراکی کاغەزی، پێویستە ئەو خێزانەی فۆرمی خۆراک بەشێوەی ئەلیکترۆنی پڕدەکەنەوە، کارتی نیشتمانییان هەبێت، چونکە بەبێ ئەو کارتە ناتوانرێت کەسەکە خۆی داخلی سیستمەکە بکات، بەمەش لە وەرگرتنی بەشە خۆراکی مانگانە بێبەش دەبێت.
بەڕێوەبەری گشتیی بازرگانی روونیشیکردەوە: داخلکردنی فۆرمی خۆراک بەشێوەی ئەلیکترۆنی لە رێگەی مۆبایلی زیرەکەوە دەبێت و لەگەڵ داخلکردنی ئەپی تایبەت بەو سیستمە، قۆناغەکانی خۆتۆمارکردن جێبەجێ دەکرێت، بۆ ئەمەش پێویستە سەرجەم ئەندامانی خێزانەکە وێنەی تازەیان بگیرێت.
تەئکیدیکردەوە: بەجێبەجێکردنی پرۆسەی بەئەلیکترۆنیکردنی فۆرمی خۆراک، سەرجەم مامەڵەکانی پسووڵەی خۆراک لە زیادکردنی ئەندامانی خێزان و کوژانەوەی ناوی مردوان، لە رێگەی ئەو ئەپەوە دەبێت، هەروەها بۆ گواستنەوەی فۆرمەکە لەشوێنێک بۆ شوێنێکی دیکە و زانینی چۆنیەتی وەرگرتنی بەشەخۆراکی مانگانە، سوودی لێوەردەگیرێت.
تەها عەبدوڵڵا

بابەتە پەیوەندیدارەکان