نووسینگەی راگەیاندنی جێگری سەرۆکی یەکێتی
ئەمڕۆ سێشەممە لەبارەگای مەکتەبی سیاسی لە سلێمانی، هەڤاڵ (رفعەت عەبدوڵا) جێگری سەرۆکی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان پێشوازیکرد لە هەڤاڵ (تەلار لەتیف) ئەندامی مەکتەبی سیاسی و لێپرسراوی ناوەندی یاسایی (ی.ن.ک) و نوێنەرانی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان لە ئەنجومەنی سەندیکای پارێزەرانی کوردستان.
لە دەسپێکی دیدارەکەدا هەڤاڵ رفعەت عەبدوڵا، هیوای سەرکەوتن و بەرەوپێشچوونی زیاتری بۆ ناوەندی یاسایی و هەڤاڵان خواست و هەوڵ و ئەرکەکانیانی بەپێزانینەوە هەڵسەنگاند.
هەڤاڵ رفعەت عەبدوڵا تیشکی خستەسەر رێکخستنەوەی ئۆرگانەکانی (ی.ن.ک) و روونکردنەوەی وردی دەربارەی پێویستی گۆڕانکارییە ئۆرگانییەکانی حزب بۆ هەڤاڵان خستەڕوو.
لە بەشێکی تری دیدارەکەدا هەڤاڵ جێگری سەرۆکی یەکێتی بەگرنگییەکی زۆرەوە رۆڵی یاساناسان و پارێزەرانی باسکرد و وتی: «یەکێتی هەمیشە پشتیوانی یاساو سەروەربوونی دادگاکان بووە و لە ئایندەشدا هەروا دەبین».
هەڤاڵ رفعەت عەبدوڵا ئاماژەی بۆ رۆڵی سەرۆک مام جەلال لە پشتیوانی یاسا و دادگاکاندا کردو رایگەیاند، وەک یاساناس و پارێزەرێک هەمیشە جەختی لە بەرقەراربوونی یاسا و سەربەخۆیی دادگاکان دەکردەوە، هەڤاڵ جێگری سەرۆکی یەکێتی وتی: «سەرۆک مام جەلال جگەلەوەی سەرکردەیەکی مێژووکرد و گەورەبوو، هەمیشە سیفەتی پارێزەریشی لە دۆسێ گرنگ و چارەنووسسازەکانی میللەتەکەماندا بەکاردەهێناو دەبووە محامیی کورد و دۆزە رەواکەی» لەوبارەیەوە لەگەڵ دەیان نموونەی دیکەدا رۆژی مورافەعە مێژووییەکەی ئەنجومەنی حوکمی بەنموونە بۆ هەڤاڵان هێنایەوە.
هەڤاڵانی ئامادەبوو پشتیوانی خۆیان بو وتەکانی جێگری سەرۆکی یەکێتی دەربڕی و تێگەیشتنیان لە گۆڕانکارییە پێویستییەکانی حزب تەوەرێکی دیکەی گفتوگۆکان بوو.
لە کۆتایی قسەکانیدا هەڤاڵ رفعەت عەبدوڵا باسی لەوەکرد کە پارێزەری پیشەیەکی پیرۆز و هەستیارە و بەشێکی گرنگی سەقامگیری و پێشکەوتنی هەر وڵاتێک بەندە بەجێبەجێکردنی یاسا و سەربەخۆیی دادگاکانەوە.