یەكێتیی تۆپی پێی عیراق بەرەسمی گراهام ئارنۆڵد – ی ئوسترالی بە راهێنەری نوێی هەڵبژاردەی عیراق دیارییكرد.
ئەم راهێنەرە جێگرەوەی خیسۆس كاسا- ی ئیسپانییە، لەنێوان ساڵانی 2018 تا 2022 راهێنەری هەڵبژاردەی ئوسترالیا بووە و هەڵبژاردەكەی گەیاندۆتە مۆندیالی قەتەر - 2022.
بۆندی ئارنۆڵد -ی تەمەن 61 ساڵ، تا كۆتایی یارییەكانی جامی وڵاتانی ئاسیا 2027 دەبێت، مەرجێكی گرنگیش لە بۆندەكەیدا هەیە ئەویش ئەوەیە دەبێت هەڵبژاردەی عیراق بگەیەنێتە مۆندیالی 2026، ئەگەر ئەمە نەکات، ئەوا بۆندەكە بە هەڵوەشاوە دادەنرێت، هەردوولا (یەكێتیی تۆپی پێی عیراق و ئارنۆڵد) یش بەم مەرجە قایل بوون، بڕی بۆندەكەش مانگانە 20 هەزار دۆلارە، موچەی یاریدەدەرەكانیشی لەنێوان 5 تا 8 هەزار دۆلار دەبێت.
ئارنۆڵد یەكەم تاقیكردنەوەی رۆژی 5/6/2025 دەبێت، كاتێك لە بەسرە، هەڵبژاردەی عیراق میوانداریی لە هەڵبژاردەی كۆریای باشووری یەكەمی گروپی دووەم دەكات، دواتر دەچێتە ئوردون و 10/6 دوا یاریی خۆی لە گروپەكەیدا دەكات.
لەم گروپەدا 6 هەڵبژاردە بەشدارن، دوو جەولە یاریی ماوە بكرێت، كۆریای باشوور لەو 8 یارییەی كردوونی 16 خاڵی هەیە و یەكەمی گروپەكەیە، ئوردون 13 خاڵی هەیە دووەمە و عیراق بە 12 خاڵ سێیەمەو عومان 10 خاڵی هەیە چوارەمە، یەكەم و دووەمی گروپەكەش راستەوخۆ دەگەنە مۆندیال و سێیەم چوارەمیش دەچنە یارییەكانی پاشكۆی پاڵاوتنەوە.