نووسینگەی راگەیاندنی جێگری سەرۆکی یەکێتی
ئەمڕۆ لە سلێمانی، هەڤاڵ (رفعەت عەبدوڵا) جێگری سەرۆکی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان بەئامادەبوونی هەڤاڵ (د.خەسرەو گوڵ محەمەد) ئەندامی مەکتەبی سیاسی، پێشوازی لەهەڤاڵانی پێشووی ئەنجومەنی ناوەندی کرد.
لە دەسپێکی دیدارەکەدا هەڤاڵ (رفعەت عەبدوڵا) ئاماژەی بەرۆڵی تێکۆشەرانەی هەڤاڵانی پێشووی ئەنجومەنی ناوەندی کرد لە قۆناغە جیاجیاکاندا کە لە جێبەجێکردنی ئەرکە حزبیەکاندا کەمتەرخەم نەبوون و وتی: "ئێوە تێکۆشەری دڵسۆزو بەوەفاو بەتوانای یەکێتیین و شانازیتان پێوەدەکەین".
هەڤاڵ جێگری سەرۆکی یەکێتی هێمای بۆ بایەخی ئەنجومەنی ناوەندی لە پێشوودا کرد و وتی: "رۆڵی پەرلەمانێکی چالاکی حزبیتان دەگێڕا و هەماهەنگ و هاوکارێکی باشی یەکێتی و ئۆرگانەکانی بوون".
لەمیانی قسەکانیدا هەڤاڵ رفعەت عەبدوڵا خۆشحاڵی خۆی بەکۆبوونەوەی لەگەڵ هەڤاڵانی پێشووی ئەنجومەنی ناوەندی دەربڕی و ئومێدی خواست گفتوگۆو پێشنیارەکانی هەڤاڵان ببێتە بەشێک لە بەرنامەی رێکخستنەوەکان و رایگەیاند، بۆچوون و پێشنیارەکانیان بەهەند وەردەگیرێت و کاری لەسەر دەکرێت.
هەڤاڵ جێگری سەرۆکی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان دەربارەی گۆڕانکارییە پێوستییەکانی یەکێتی و رێکخستنەوەی ئۆرگانەکان رایگەیاند، ئێستا لە سەروبەندی کۆمەڵێک گۆڕانکاریداین لەناو دامەزراوە و ئۆرگانەکانی حزبدا، لەوبارەیەوە وتی:"ئاماژەکانی سەرەتا ئەنجامی دڵخۆشکەرمان دەدەنێ و تائەندازەیەکی باش پرۆسەکە سەرکەوتووە".
لەکۆتایی دیدارەکەدا هەڤاڵ رفعەت عەبدوڵا باسی لە نزیکبوونەوەی یادی پەنجا ساڵەی یەکێتی کرد وتی: "لە یۆبیلی زێڕینی پەنجا ساڵەی یەکێتیدا حزبەکەی سەرۆک مام جەلال لێیڕادەبینرێت ژیانی حزبی ببوژێنێتەوە و هاوکات بەشدارییەکی کاراترو چالاکتر لە نوێنەرایەتی مەسەلەی گشتیدا بکات".