سوپاسنامەیەک لە بنەماڵەی خوالێخۆشبوو "عەمید سەرباز حەمەدەمین"ەوە

11:00 - 2025-05-15
کوردستان
25 جار خوێندراوەتەوە

بەناوى خواى گەورەو میهرەبان
 
لە ناخی دڵمانەوە بەناوى بنەماڵەى خوالێخۆشبوو "عەمید سەرباز حەمەدەمین" سوپاس و پێزانینی بێ پایانمان بۆ تەواوی خزم و کەسوکار و هاوڕێ و ئازیزانمان چ ئەوانەی کە ئامادەبوون لە پرسە و مەراسمی ناشتنی خوالێخۆشبوو، چ ئەوانەشی لەڕێگەی پەیوەندی تەلەفۆنی و تۆڕەکانی سۆشیاڵ میدیاوە هاوخەمی خۆیان پێگەیاندین.
سوپاسی دام و دەزگا حزبی و حکومییەکان و کەسایەتی و مامۆستایانی ئاینی و خەڵکی خۆشەویستی هەولێر و تەواوی کوردستان دەکەین. هاوخەمی ئێوە دڵنەواییەکی مەزن بوو بۆ ئێمەو لە خەمی ئێمەتان کەمکردەوە بەتایبەت لەکاتى نەخۆش کەوتنیدا بە هەواڵ پرسین و دواتریش لە مەراسیمى و ناشتن و بەشدارىکردنتان لە پرسەکەیدا.
سوپاس و ڕێزی زۆرمان بۆ هەڤاڵى خۆشەویستمان کاک "کۆسرەت رەسوڵ عەلى" بە ئاراستەکردنى بروسکەى ماتەمینى و دەربڕینى هاوخەمیان، خەمى سەرشانى ئێمەیان لەم کۆستە گەورەیەدا کەمکردەوە.
سوپاس و رێزی زۆرمان بۆ سەرۆك بافڵ تاڵەبانی سەرۆکی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان بە ئاراستەکردنی بروسکەی ماتەمینی و دەربڕینی هاوخەمیان لە خەمەکانی کەمکردینەوە.
هەروەها راسپاردن و بەشدارىی هەریەک لە دەرباز کۆسرەت رەسوڵ و شاڵاو کۆسرەت رەسوڵ لەلایەن برای گەورەمان کاک کۆسرەت لە کاتى نەخۆشکەوتنیدا لە نەخۆشخانە و پاشانیش ناردنی بۆ دەرەوەی وڵات بەمەبەستی وەرگرتنی چارەسەر، هەروەها هەواڵپرسین و نیشاندانى ئامادەییان بۆ هەر ئەرکێک و هاوکاری تەواویان لەو ماوەیەدا و بەشدارییان لە پرسەکەیدا، وەک ئەمەکدارییەک بۆ خەبات و تێکۆشانی چەندین ساڵەی پێشمەرگەى دێرین "عەمید سەرباز حەمەدەمین" جارێکى تر خەمى قوڵ و گرانى ئێمەى کەمکردەوە.
لە کۆتاییدا دووپاتیدەکەینەوە پەرۆشی و بەشداری بێ شومارى خەڵکى کوردستان لە پرسەى خوالێخۆشبوو، ئەوەی لە بیری ئێمه چەسپاندەوە کە بەردەوام بین لەسەر ئەو رێبازە پیرۆزەی عەمید سەرباز و هاوسەنگەرانى کە ئێمەی لەسەر پەروەردە کردوە.

لەگەڵ ئەوپەڕی رێزدا

بنەماڵەی "عەمید سەرباز حەمەدەمین"

بابەتە پەیوەندیدارەکان