حەسەن کوێستانی کێ بوو و چۆن شەهید کرا؟

11:46 - 2025-05-17
کوردستان
48 جار خوێندراوەتەوە



ناوی تەواوی حەسەن ئەحمەد عەبدوڵڵا لەدایکبووی ساڵی 1950 ی شارۆچکەی گەڵاڵە لە پارێزگای هەولێر، تا قۆناغی ئامادەیی خوێندووە.
ژیانی سیاسیی لەساڵی 1972ەوە دەست پێدەکات کاتێک لە مانگی تشرینی دووەمدا پەیوەندیی بەرێکخستنەکانی کۆمەڵەی رەنجدەرانی کوردستانەوە کرد.

 لە مانگی ئایاری ساڵی 1977 دەزگا ئەمنییەکان گورزێکی گورچکبڕیان لە رێکخستنەکانی هەولێر وەشاند و لەئاکامدا ژمارەیەکی زۆر ئەندامان گیران، ئەوانەش کە دەستگیر نەکران، خۆیان لەبەرچاوان ونکرد یان پەیوەندییان بە هێزی پێشمەرگەوە کرد، لەوانە ئەندامی کۆمیتەی هەرێمی هەولێر و سەرپەرشتیاری رێکخستنەکانی ناو هەولێر شاخەوان عەباس کە پەیوەندی بە هێزی پێشمەرگەوە کرد. بۆ چارەسەرکردنی کێشەی شڵەژانی رەوشی رێکخستنەکان، کۆمیتەی راپەڕین دامەزرا و لێپرسراویەتییەکەی بەکوێستانی سپێردرا. 
ئەم کۆمیتەیە گوڕوتینێکی زۆری بە رێکخستنەکان بەخشی و لە رەواندز و چۆمانیش چالاکی رێکخراوەیی نواند. 

ساڵی 1979 پەیوەندی بەهێزی پێشمەرگەوە کرد و بووە لێپرسراوی کۆمیتەی ئازادی. ساڵی پاشتر بووە رابەری سیاسیی هەرێمی 7ی باڵەک. ساڵی 1981 بووە فەرماندەی هەرێمی 12، پاش ئەوەی کە هەرێمەکە کرایە تیپی 12ی سۆران، کرایە فەرماندەی تیپەکە. ساڵی 1983 بووە لێپرسراوی عەسکەری مەڵبەندی 3. 

ساڵی 1984 لە کۆنفرانسی سێیەمی کۆمەڵەی رانجدەرانی کوردستان بە ئەندامی یەدەکی سەرکردایەتی هەڵبژێردرا و دوای کۆنفرانسەکە کرایە ئەندامی دەزگای رێکخستنی کۆمەڵە. 

بۆ ساڵی دواتر بووە ئەندامی سەرکردایەتی،. ساڵی 1985 بووە لێپرسراوی مەڵبەندی 3، لەمانگی ئابی 1988 بووە بەرپرسی مەفرەزە پارتیزانەکان و بۆ ماوەی 40 رۆژ لە ناوچە سوتماک کراوەکاندا لەگەڵ پارتیزانەکاندا مایەوە،مانگی تشرینی یەکەم کرایەوە بە لێپرسراوی مەڵبەندی 3. 
لە مانگی ئەیلولی 1990 بووە ئەندامی کۆمیتەی سەرکردایتیی یەکێتیی نیشتیمانیی کوردستان، لە راپەرینی ساڵی 1991 دا رۆڵێکی بەرچاوی لە رزگارکردنی شەقڵاوە و پیرمام و ئۆردوگاکانی دەوروبەری هەولێر و شاری هەولێردا گێڕا. 

لە بەرپەرچدانەوەی هێرشەکانی سوپای عیراق دوای ڕاپەڕین رۆڵێکی دیاری نواند، بە تایبەتی لە هەردوو شەرە گەورەکەی نیسانی ساڵی 1991ی کۆڕێ‌. 

لە ژیانی پێشمەرگایەتیدا رۆڵێکی بەرچاوی لە دەیان داستان و نەبەردی و چالاکیی هێزی پێشمەرگە لە ناوچەکانی خۆشناوەتی، باڵەکایەتی، کاروخ، قەندیل، دۆڵی ئاکۆیان، بێتواتە و چەندین شەری بەرەییدا نوواندووە. 

لە هاوینی 1992 دا بوو بە لێپرسراوی مەڵبەندی بادینان، پەرۆشی راگرتنی شەڕی ناوخۆ بوو، کەچی بەداخەوە رۆژی 17-05-1994و لەکاتێکدا هەوڵی راگرتنی شەڕ و ئاساییکردنەوەی بارودۆخی هەرێمی کوردستانی ئەدا، خۆی و شەش کەسی تری کەوتنە ناو بۆسەیەکەوە و شەهیدکران.

#یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان #سەروەران

بابەتە پەیوەندیدارەکان