״دوای سەردانی پارێزگار بۆ بەغدا״

سەرۆكی لیژنەی كشتوكاڵ: گەنمی زیاتر لە جووتیارانی كەركوك وەردەگیرێت

11:06 - 2025-05-18
کوردستان
33 جار خوێندراوەتەوە

سەرۆكی لیژنەی كشتوكاڵ لە ئەنجومەنی پارێزگای كەركوك، لە لێدوانێكیدا بۆ كوردستانی نوێ، رایگەیاند: دوای سەردانەكەی پارێزگاری كەركوك بۆ بەغدا و كۆبوونەوەی لەگەڵ وەزیری كشتوكاڵی فیدراڵ، بڕیاردراوە گەنمی زیاتر لە جووتیارانی كەركوك وەربگیرێت.
ئەندازیار عەبدوڵڵا میروەیس ئەندامی ئەنجومەنی پارێزگای كەركوك، وتیشی: ئەو بەڵێنەی دراوە بە رێبوار تەها پارێزگاری كەركوك، كە یەكێك لە ئامانجی سەردانەكەی بوو بۆ بەغدا، بە قازانجی جووتیارانی كەركوكە و زۆرترین بڕی گەنمیان لێوەردەگیرێت و بۆ ئەمساڵ بڕی پارەی تەرخانكراو بۆ هەر تۆنێك زیاترە لەچاو ساڵانی رابردوودا، ئەوەش هاندانێكی زۆر باشە بۆ جووتیاران.
ئەو ئەندامەی ئەنجومەن، وتیشی: بڕیاردراوە ئەو جووتیارانەی كێشەی موڵكدارێتیی زەوییان هەیە و پێشووتر نەخراونەتە نێو پلانی كشتوكاڵییەوە، ئەمساڵ لەو پلانە سوودمەنددەبن و بەشێك دەبن لە پلانی فەرمانگەی كشتوكاڵی پارێزگا.
بەپێی زانیارییەكانی كوردستانی نوێ، بەبازاڕكردنی گەنم لە كەركوكدا بۆ 300 هەزار تۆن زیاد دەكرێت و لە رۆژی 25ی ئەم مانگەشەوە پرۆسەی وەرگرتنی گەنم لە كەركوك دەستپێدەكرێت.

بابەتە پەیوەندیدارەکان