بە سەرۆكایەتیی د.لەتیف رەشید سەرۆك كۆمار، 34ەمین لووتكەی عەرەبی لە بەغدا بەڕێوەچوو، كە ئامانجی سەرەكی لووتكەكە «یەكخستنی هەڵوێستەكانە لەبەرامبەر ئاڵنگارییەكاندا».
لە لووتكەكەدا، كە دوێنێ لە بەغدا بە ئامادەبوونی سەرۆك و سەركردەی وڵاتان، كارەكانی بەڕێوەچوو، سەرۆك كۆمار، وتاری دەستپێكی پێشكەشكرد و رایگەیاند: لووتكەی بەغدا لە هەلومەرجێكی زۆر ئاڵۆزدا بەڕێوەدەچێت، كە هەڕەشە لەسەر ناوچەكە و ئاسایشی وڵاتان هەیە، ئەوەش بەرپرسیارێتیی مێژوویی دەخاتە ئەستۆی هەمووان، كە دەبێت كاربكەین بۆ پاراستنی وڵاتەكانمان، وتیشی: عیراق پابەندبوونی نەگۆڕی بۆ پاڵپشتیكردنی ئاسایش و سەقامگیریی وڵاتان دووپاتدەكاتەوە، بە پێویستیشی دەزانین دەستپێشخەریی بەپەلە بكرێت بۆ دۆزینەوەی چارەسەرە دیپلۆماسییەكان كە خزمەت بە بەرژەوەندییەكانی گەل و وڵاتانی ناوچەكە بكات و رێگەش نەدرێت دەستتێوەردانی دەرەكی بكرێت لە كاروباری ناوخۆی وڵاتاندا.
لە بەشێكی دیكەی وتارەكەیدا، سەرۆك كۆمار، تەئكیدی لە یەكخستنی هەڵوێستەكان و گرنگیی كاری هاوبەشی عەرەبی و دەستپێكردنی پڕۆژەكانی گەشەپێدان كردەوە بە ئاڕاستەی پێشكەوتن و خۆشگوزەرانی و دادپەروەریی كۆمەڵایەتی بۆ گەلانی ناوچەكە.