پەروەردەی سەڵاحەدین، بە بڕیارێك مامۆستایانی خوێندنی كوردی لە خورماتوو لە سەرپەرشتیكردنی هۆڵەكانی تاقیكردنەوەی كۆتایی ئەمساڵ، دووردەخاتەوە و سەرپەرشتیاری خوێندنی كوردیش لە خورماتوو دەڵێت: داوامان كردووە ئەو كێشەیە چارەسەربكرێت، بەڵام چارەسەرنەكراوە.
بە بڕیاری بەڕێوەبەرایەتیی پەروەردەی پارێزگای سەڵاحەدین، ئەو مامۆستا كوردانەی كە لەلایەن حكومەتی هەرێمەوە دامەزراون و بە تەنسیب لە خوێندنگە كوردییەكانی خورماتوو دەوام دەكەن، لە سەرپەرشتیكردنی تاقیكردنەوەكانی پۆلە كۆتاكان دوورخراونەتەوە.
لەوبارەیەوە، مامۆستا ئەحمەد رەمەزان سەرپەرشتیاری خوێندنی كوردی لە خورماتوو، بە كوردستانی نوێ-ی راگەیاند: بەردەوام هەوڵدەدرێت غەدر لە مامۆستایانی خوێندنی كوردی بكرێت، ئێستاش كە ئەو بڕیارە دراوە و رێگەنادرێت مامۆستایانی خوێندنی كوردی ببنە چاودێر و سەرپەرشتیار لەناو هۆڵی تاقیكردنەوەكانی پۆلە كۆتاكان، كێشەی گەورە بۆ خوێندنی كوردی لە سنوورەكەدا دروستدەبێت، وتیشی: بۆ راگرتنی ئەو بڕیارە، هەوڵمان داوە و داواكاریی ئاڕاستەی لایەنی پەیوەندیدار كراوە، بەڵام تائێستا بڕیارەكە هەر وەك خۆی ماوەتەوە و چارەسەر نەكراوە.