ئا: ئارۆ سامان
ماوه‌ی چه‌ند هه‌فته‌یه‌كه نرخی دۆلار به‌رامبه‌ر به دینار دابه‌زیوه، به‌شێك له شاره‌زایانی ئابووری شیكردنه‌وه‌ی جیاواز بۆ هۆكاره‌كانی ده‌كه‌ن، هه‌ندێك خاڵی هاوبه‌شیش له نێوانیان بۆچوونه‌كانیاندا هه‌یه و زۆربه‌یان كۆكن له‌سه‌ر ئه‌وه‌ی بابه‌ته‌كه په‌یوه‌ندی به بڕی خواست و خستنه‌ڕووه‌وه هه‌یه.
د. كامه‌ران قادر شاره‌زا له بواری ئابووریدا، تایبه‌ت بۆ كوردستانی نوێ وتی: یه‌كێك له هۆكاره به‌هێزه‌كان په‌یوه‌ندی به‌و سیستمه‌وه هه‌یه كه ئه‌مریكا دایناوه و چه‌ندین ساڵه كاری له‌سه‌ر ده‌كات، ئه‌م سیستمه تاڕاده‌یه‌ك بازرگانانی عیراقی ده‌ستكراوه‌تر كردووه، تا بتوانن به ئاسانی پاره‌كانیان بگوازنه‌وه بۆ بازاڕی نێوده‌وڵه‌تی.
له ژێر چاودێریی ئه‌مریكادا
ئاماژه‌ی به‌وه‌شدا: ئه‌و سیستمه سه‌ره‌تا سه‌كۆی ئه‌لیكترۆنی بوو، به‌ڵام ئێستا بووه‌ته سیستمی (K2)، له رێگه‌ی ئه‌م سیستمه‌وه چاودێریی حه‌واڵه‌كانی عیراق ده‌كات بۆ ده‌وڵه‌تان به‌شێوه‌ی راسته‌وخۆ و ناراسته‌وخۆ، ده‌كرێت عیراق پاره‌ی وڵاتانی تریش بهێنێت، بۆ نموونه درهه‌می ئیماراتی، یان یوانی چینی، به‌ڵام هێشتا ناتوانین بڵێین عیراق سه‌ربه‌خۆیه، له‌به‌رئه‌وه‌ی عیراق ناتوانێت هه‌ر پاره‌یه‌كی بوێت رێژه‌یه‌كی زۆری لێبهێنێت، جگه له‌وه‌ش به‌پێی سیستمی (K2) پاره‌یه‌كی زۆری له‌سه‌ر ده‌كه‌وێت له‌كاتی حه‌واڵه‌دا، بۆیه ده‌بینین نرخی دۆلار له بانكی ناوه‌ندی و له بازاردا هێشتا 10 بۆ 11 هه‌زار دینار جیاوازی هه‌یه.
ئاسانكاریی بۆ كراوه
د. كامه‌ران پێیوایه دابه‌زینی نرخی دۆلار له بازاڕه‌كانی عیراق، به‌پێی سیاسه‌تی ئه‌مریكایه. ده‌شڵێت: ئه‌مریكا به‌تایبه‌تی له‌م ماوه‌یه‌دا كه له گفتوگۆدایه له‌گه‌ڵ ئێران چاوپۆشی له هه‌ندێك كۆت و به‌ند كردووه، بۆ نموونه زۆر باش ده‌زانێت كه عیراق شمه‌ك له ئێرانه‌وه دێنێت، هاورده‌كه‌ش به‌دینار نییه، به‌دۆلار یان به‌دراوێكی تره، به‌ڵام ده‌بینین چاوپۆشی ده‌كات، ماوه‌ی سێ بۆ چوار مانگه دۆخه‌كه به‌و شێوه‌یه‌یه.
روونیشیكرده‌وه: به‌ڵام ئه‌مانه تاكه هۆكار نین كه دۆلار به‌و شێوه‌یه دابه‌زێت، به‌ڵكو هۆكاری دیكه‌ش هه‌ن و سیاسه‌تی ئه‌مریكا به‌رامبه‌ر به عیراق روون نییه و هه‌موو گۆڕانكارییه‌كان چه‌ندین ئه‌گه‌ر هه‌ڵده‌گرن.
هۆكاره‌كان ته‌واوكه‌ری یه‌كترن
د. مه‌زهه‌ر محه‌مه‌د صاڵح راوێژكاری سه‌رۆك وه‌زیرانی عیراق بۆ كاروباری ئابووری، سێ هۆكار بۆ دابه‌زینی نرخی دۆلار له بازاڕه‌كانی عیراق داده‌نێت و ده‌ڵێ: سه‌ركه‌وتنی بانكی ناوه‌ندی له دابینكردنی دارایی بۆ بازرگانی ده‌ره‌كی و كه‌رتی تایبه‌ت به دۆلار و دراوه‌كانی تر، ئه‌ویش له رێگه‌ی گه‌یه‌نه‌ره ناسراوه‌كانی جیهانه‌وه، له‌گه‌ڵ هاندانی دارایی بۆ پرۆژه بچووكه‌كان به شێوه‌ی راسته‌وخۆ و دوای هه‌ڵگرتنی مه‌رج و سنوورداركردنه‌كان، خاڵی سێیه‌میش ئاسانكاری بۆ گه‌شتیاران بۆ گه‌یشتن به دۆلار له رێگه‌ی كارته‌وه و له فڕۆكه‌خانه‌كان به نرخی ره‌سمی ئاڵوگۆڕ، ئه‌مانه به‌هێزترین هۆكارن بۆ دابه‌زینی نرخی دۆلار.
زێڕ وه‌ك په‌ناگه‌ی پارێزراو
مه‌نار عوبێدی شاره‌زا له بواری كاروباری ئابووری عیراقدا، له‌باره‌ی هۆكاره‌كانی دابه‌زینی نرخی دۆلاره‌وه به‌رامبه‌ر به دیناری عیراقی وتی: یه‌كێك له هۆكاره‌كان دابه‌زینی خواست له‌سه‌ر دۆلاره له بازاڕی ئاسایی‌دا له‌گه‌ڵ زیادبوونی به‌رچاوی دابینكردنی دراوی نه‌ختینه له‌ناو بازاڕی ره‌سمیدا، واته بابه‌ته‌كه په‌یوه‌ندیی به بڕی خواست و خستنه‌ڕووه‌وه هه‌یه، ئه‌م هاوسه‌نگییه نوێیه به‌شداربووه له كه‌مكردنه‌وه‌ی كه‌لێنی نێوان رێژه‌ی ئاسایی و ره‌سمیدا.
ئه‌و پسپۆڕه ئابوورییه ئاماژه‌ی به كه‌مبوونه‌وه‌ی متمانه‌ی به‌شێك له وه‌به‌رهێنه‌رانی ناوخۆیی كرد به دۆلار، به‌تایبه‌تی له‌گه‌ڵ په‌ره‌سه‌ندنی چاوه‌ڕوانییه‌كان بۆ دابه‌زینی به‌هاكه‌ی به‌رامبه‌ر به زێڕ، ئه‌م ره‌وته بووه هۆی ئه‌وه‌ی زۆرێك له‌وان دۆلاره‌كانیان بگۆڕنه‌وه به زێڕ وه‌كو په‌ناگه‌یه‌كی پارێزراو، ئه‌مه‌ش بووه هۆی زیادبوونی دۆلار له بازاڕدا.
دۆلارێكی زۆر دێته عیراق
سه‌لیم ئه‌حمه‌د مامۆستای زانكۆ له به‌غدا ئاماژه به‌چه‌ند هۆكارێكی تر ده‌كات، كه بڕی ئه‌و دۆلاره‌ی له ده‌ره‌وه‌ی عیراقه‌وه دێت زیادیكردووه، به تایبه‌تی له رێگه‌ی وه‌به‌رهێنانی بیانی و گواستنه‌وه‌ی دارایی له‌لایه‌ن كۆمپانیا نێوده‌وڵه‌تییه‌كانه‌وه كه له ناوخۆی وڵات‌دا كارده‌كه‌ن، ئه‌مه‌ش بووه‌ته هۆی به‌رزبوونه‌وه‌ی ئاستی دابینكردنی دۆلار. هه‌روه‌ها وتیشی: بانكی ناوه‌ندی عیراق له ماوه‌ی شه‌ش مانگی رابردوودا زیاتر له شه‌ش تریلیۆن دیناری له لێشاوی نه‌ختینه كه‌مكرده‌وه، واته له 104 تریلیۆنه‌وه كه‌میكرده‌وه بۆ نزیكه‌ی 98 تریلیۆن دینار، ئه‌مه‌ش بووه‌ته هۆی به‌رزبوونه‌وه‌ی رێژه‌یی به‌های دینار.
ئه‌و شاره‌زایه تیشكی خسته سه‌ر ئه‌وه‌ی، كه هاورده‌ی عیراق له چینه‌وه %6ی زیادیكردووه، به‌ڵام هاورده‌كردن له وڵاتانی وه‌ك هیندستان و توركیا و ئه‌مریكاوه دابه‌زینی به‌خۆیه‌وه بینیوه، چاوه‌ڕوانی داتاكانی هاورده‌كردن له ئیماراته‌وه ده‌كرێت، كه گه‌وره‌ترین هاوبه‌شی بازرگانیی عیراقه و %30ی كۆی هاورده‌ی عیراق پێكده‌هێنێت، ئه‌مه‌ش كاریگه‌ری له‌سه‌ر خواست له‌سه‌ر دۆلار هه‌یه، چونكه هاورده‌كردن پێویستی به دۆلاره.
زۆربوونی خواست له‌سه‌ر دینار
پێشتریش د. جه‌بار گۆران مامۆستای زانكۆ و وته‌بێژی بازاڕی دراوی شاری سلێمانی له دیمانه‌یه‌كدا له‌گه‌ڵ كوردستانی نوێ ریگه‌یاندبوو: دابه‌زینی به‌های دۆلار په‌یوه‌ندی به هه‌ندێك هۆكاری ناوخۆیی و ده‌ره‌كییه‌وه هه‌یه، ئێستا دۆلار له بازاڕه‌كاندا زۆره، چونكه بانكی ناوه‌ندی دۆلارێكی زۆر زۆر ده‌فرۆشێت، ئه‌وه‌ش به‌هۆی ئه‌وه‌ی ئێستا كورتهێنانی دیناری هه‌یه و به‌هۆی ئه‌وه‌شه‌وه وه‌زاره‌تی دارایی سێ تریلیۆن دیناری له بانكی ناوه‌ندی وه‌رگرتووه بۆ جێبه‌جێكردنی پابه‌ندبوونه‌كانی خۆی بۆ مووچه‌ی فه‌رمانبه‌ران و پێداویستی وه‌زاره‌ته‌كان، چونكه دینار له ناو سیستمی بانكیدا كه‌مه و دیناری عیراقی ته‌نیا %25ی لای بانكه‌كانه و %75ی دیكه‌ی دینار له ده‌ره‌وه‌ی بانكه‌كاندایه و لای هاووڵاتییانه.
هه‌رچه‌نده له نرخی ره‌سمی بانكی ناوه‌ندی عیراقدا نرخی 100 دۆلار به‌رامبه‌ر به 132 هه‌زار دیناره، به‌ڵام له بازاڕی ئاسایی‌دا نرخه‌كه به‌رزتره و ماوه‌یه‌ك تا 152 هه‌زاریش به‌رزبووه‌وه، به‌ڵام له چه‌ند هه‌فته‌ی رابردوودا به شێوه‌یه‌كی له‌سه‌رخۆ له بازاڕی ئاسایی‌دا دابه‌زی تا ئاستی 142 هه‌زار دینار، ئه‌م دابه‌زینه‌ش كاریگه‌ریی خۆی ده‌بێت له‌سه‌ر ئابووریی عیراق و كاریگه‌رییه‌كانیش له داهاتوودا زیاتر ده‌رده‌كه‌ون.