״تەئكیدمان لە چارەسەركردنی كێشەی خزمەتگوزارییەكانی سلێمانی كردەوە״

سەرۆك بافڵ جەلال تاڵەبانی: بڕیارماندا گفتوگۆكان لەبارەی هەڵبژاردنەوە بەردەوام بێت

09:48 - 2022-08-11
کوردستان
518 جار خوێندراوەتەوە

سەرۆك بافڵ جەلال تاڵەبانی سەرۆكی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان، رایدەگەیەنێت: بڕیارماندا گفتوگۆكان لەبارەی هەڵبژاردنەوە بەردەوام بێت و تەئكیدمان لە چارەسەركردنی كێشەی خزمەتگوزارییەكانی سلێمانی كردەوە.
بافل جەلال تاڵەبانی سەرۆكی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان لە لێدوانێكدا بۆ كەناڵی كوردسات نیوز، سەبارەت بە كۆبوونەوەی رۆژی 10/8/2022ی سەرۆكایەتیی هەرێم، رایگەیاند: كۆبوونەوەكەی ئەمڕۆمان باش بوو، بڕیارماندا گفتوگۆكانمان بەردەوام بن، باسی زۆر شت كرا، زۆر راشكاوبووین بەرامبەر یەكتر و باسی ئەوەمان كرد كە بارودۆخی سلێمانی چەند خراپە، بارودۆخی كوردستان بە گشتی چۆنە، لایەنەكان هەموویان وتیان دەبێت ئەم بارودۆخانە چاك بكرێنەوە، ئیشەڵڵا وانامێنێت.
سەبارەت بە دۆخی دارایی بەتایبەتی ناوچەی سلێمانی، كە بەشێكی زۆری پڕۆژەكان راگیراون، سەرۆك بافڵ جەلال تاڵەبانی، ئەوەی خستەڕوو كە زۆر تەركیزمان كردە سەر ئەو شتانە و تەئكیدمان لە چارەسەركردنی كێشەی خزمەتگوزارییەكانی سلێمانی كردەوە.
لە درێژەی قسەكانیدا و تایبەت بەو دەنگۆیانەی كە گوایە هەوڵی تیرۆركردنی دراوە، سەرۆك بافڵ جەلال تاڵەبانی، وتی: ئەو دەنگۆیانە راست نین و بەو شێوەیە نەبووە و هەوڵی تیرۆركردنمان نەدراوە، ئەوەی هەبوو تەنها چاودێریی دەكراین و موراقەبەمان لەسەر بوو.
لە لێدوانێكیشدا بۆ كەناڵەكانی راگەیاندن، سەرۆك بافڵ جەلال تاڵەبانی، لەبارەی هەڵبژاردنی داهاتووی پەرلەمانەوە، باسی لەوەكرد كە لە كۆبوونەوەكەدا باسی هەڵبژاردن كرا و كێشەكانمان خستە بەرباس و وتی: بۆ پرسی هەڵبژاردن كات دیاری نەكراوە و كاتی زۆرمان لەبەردەستدا ماوە بۆ ئەو بابەتە، وتیشی: یەكێتی لەگەڵ بەڕێوەچوونی هەڵبژاردنە و ئێمە لەگەڵ هەڵبژاردنێكین  بە یاسایەكی دروست بێت.

#بافڵ جەلال تاڵەبانی

بابەتە پەیوەندیدارەکان