تاتۆ، لەناو گەنجاندا مۆدێلە و زیانی لاوەکیی لەسەر تەندروستی هەیە

09:44 - 2025-05-20
ڕاپۆرت
32 جار خوێندراوەتەوە
نەخشاندنی جەستە بە بەکارهێنانی دەرزی و رەنگ

راپۆرتی/ رەوەست نەوزاد

تاتۆ، واتە نەخشاندنی جەستە بە بەکارهێنانی دەرزی و رەنگ، ئەو رەنگەی بەکاردەهێنرێت دەچێتە ژێر پێست و بۆ هەمیشە دەمێنێتەوە.
نەخشاندن لەسەر لەشی مرۆڤ لە سەردەمانی كۆنەوە هەبووە، بە شێواز و کەرەستەی جیاواز هاووڵاتیانی هەرێمی کوردستان کردوویانە، بەڵام بە رێژەیەکی کەم، ئێستا نەخشاندنی وێنە و نووسین بووە بە باو بە تایبەت لەناو گەنجاندا و بەشێکی زۆریان دەیکەن.
لە شاری هەولێر، بێجگە لە سەنتەرە رەسمییەکان چەندین دوكان و تەنانەت عارەبانە و مێز لەسەر شەقامەکان دانراون و تاتۆ بۆ ئەو کەسانە دەکەن کە ئارەزوویانە.
نەخشاندنی چەندین تاتۆ
نەبەز کەمال گەنجێکە چەندین جۆر تاتۆی بە شێوازی وێنە و نووسین لەسەر جەستەی دروستکردووە و بۆ کوردستانی نوێ وتی: لە ماوەی دوو ساڵدا شەش تاتۆی جیاوازم لەسەر هەردوو قۆڵ و ملم نەخشاندووە، چوار وێنە و دوو نووسین، لە شوێنی تایبەت بە تاتۆکردن دروستم کردوون و حەزم لێی بوو.
وتیشی: کە چوومە سەنتەرەکە زۆر جەختم لەوەکردەوە ئەو کەرەستانەی بەکاریدەهێنێت لە تاتۆ دروستکردنەکەدا پاکوخاوێن بن، پێم جوانە و لێی پەشیمان نیم.
ئێستا ئامێری تایبەت بە تاتۆکردن دروستکراوە، لەگەڵ ئەوەی زانست تاتۆ بە باش نازانێت، بەڵام بەهۆی بازرگانییەوە رێگریی تەواوی لێ ناکرێت و نەخشاندنێکی ئارەزوومەندانەیە.
سوداد سەلیم، گەنجێكی دانیشتووی شاری هەولێرە حەزی بە تاتۆکردن نییە و وتی: ئەوەندەی بیستوومە تاتۆكردن بە دەرزی بۆ توشبوون بە نەخۆشییە گوازراوەكان زۆر مەترسیدارە، بەڵام رۆژانە کە سەردانی بازاڕی شێخەڵڵا دەکەم دەبینم هەندێك لە گەنجان تاتۆ دەکەن و كەسیش نییە چاودێرییان بكات.
وتیشی: رەنگە بەشێک لەو گەنجانە زیانەکانی تاتۆ نەزانن، پێویستە لیژنەی تەندروستی سەردانی بازاڕەکە بکات و ئەوکارە قەدەغە بکات، لەپێناو پاراستنی تەندروستی هەموواندا.
تاتۆکردن لەناو بازاڕ
لەناو بازاڕی شێخەڵڵا لە شاری هەولێر، چەندین مێز و عارەبانە دانراوە و خاوەنەکانیان لەناو بازاڕەکەدا تاتۆ بۆ ئەو کەسانە دەکەن کە حەزیان لێیە.
هەرێم عەزیز، خاوەنی یەکێک لەو مێزانەیە و کاری تاتۆ کردنە، بۆ کوردستانی نوێ وتی: ئەو تاتۆیانەی لەلای من هەن، هەموویان بە شێوەی لەزگەن، نرخیان لەنێوان 2000 بۆ 7000 دیناردایە، تاتۆکان هەمیشەیی نین و تەنیا 15 بۆ 30 رۆژ لەسەر جەستە دەمێننەوە.
وتیشی: رۆژانە کەسانی تەمەن جیاواز و لە هەردوو رەگەز، بەخواستی خۆیان سەردانم دەکەن و داوا دەکەن تاتۆیان بۆ بنەخشێنم، منیش کارەکەم ئەوەیە و بۆیان دەکەم.
كامەران رەجەب کاسبکارێکی دیکەیە لە هەمان بازاڕ، جگە لە تاتۆی لەزگە، تاتۆی هەمیشەیی بە دەرزی کوتین دەکات بۆ ئەو کەسانەی دەیانەوێت، بۆ کوردستانی نوێ وتی: هەرکەسێک بیەوێت هەر لەم شوێنەدا بە دەرزی تاتۆی هەمیشەیی بۆ دروست دەکەم، نرخەکەی لە نێوان 100 بۆ 150 دۆلاردایە، تاتۆ بە گوێرەی قەبارەكەیەتی تا گەورەبێت نرخی زیاترە، سەرەتا ئەو شێوە تاتۆیەی كەسەكە دەیەوێت لەسەر جەستەی بە لەزگە جێگیری دەكەین، دواتر بە ئامێر بەسەر نەخشەكەدا كاری كوتینەكە دەکەین، دەرزی و كەرەستەكانی بەکاریدەهێنم دروستكراوی وڵاتی ئەمریكان، تاتۆی رەش و سپی و رەنگاوڕەنگیشمان هەیە.
وتیشی: تائێستا هیچ لایەنێكی حكومی نەهاتووەتە لامان، بڵێن کارەکەتان نادروستە و بەو شێوازە تاتۆ بۆ هاووڵاتیان مەکەن.

 

لە شارەکانی هەرێم تاتۆکردن رێگەپێدراوە، بەڵام لە سەنتەری تایبەت بە تاتۆکردن و لە ژێر چاودێریی لیژنەکانی تەندروستیدا

 

 

هۆشداریی پسپۆڕانی تەندروستی
زۆرجار کە باس لە تاتۆ دەکرێت، پسپۆڕانى تەندروستی هۆشداری دەدەن لە ئاکامە خراپەکانى نەخشاندنى تاتۆ لەسەر پێست و هەندێکجار لە داهاتوودا کەسەکە تووشی نەخۆشی پێست دەبێت.
د.بێریڤان عەدنان بەڕێوەبەری بەڕێوەبەرایەتی خۆپاراستنی تەندروستیی هەولێر بە كوردستانی نوێی راگەیاند: سەرشەقامەكان شوێنێكی گونجاو نییە بۆ كاری تاتۆكردن لەسەر جەستەی مرۆڤ و ئەو كارە سەرپێچی رێنماییەكانی تەندروستییە.
وتیشی: لە رووی تەندروستییەوە تاتۆکردن کارێکی گونجاو نییە، لەبەرئەوەی ئەو ماددانەی دەخرێنە ناو پێستی کەسەکەوە کیمیایین و هەندێکجار کەسەکە تووشی شێرپەنجە دەکات، یاخود بەهۆی ئەوەی دەرزییەکە بۆ چەند کەسێك بەکاردەهێنرێت و خاوێن نییە، دەبێتە هۆی گواستنەوەی نەخۆشییە ڤایرۆسییەکان لە کەسێکەوە بۆ یەکێکی دیکە.
لە شارەکانی هەرێم تاتۆکردن رێگەپێدراوە، بەڵام لە سەنتەری تایبەت بە تاتۆکردن و لە ژێر چاودێریی لیژنەکانی تەندروستیدا.
بەڕێوەبەری بەڕێوەبەرایەتی خۆپاراستنی تەندروستیی هەولێر دەڵێت: تاتۆكردن سەنتەری تایبەت بە خۆی هەیە و تیمی تەندروستی چاودێرییان دەكات، هەروەها تیمەکانی چاودێریی بەردەوام سەردانی ئارایشتگاكان و سەرتاشخانەكان دەكەن و ئەگەر تاتۆیان تێدا بکرێت سزا دەدرێن.
دەربارەی تاتۆکردن لەسەر مێز و عارەبانە لەناو بازاڕ، د.بێریڤان عەدنان وتی: ئەو کارە بە هەموو شێوەیەک قەدەغەیە و لەگەڵ شارەوانی لیژنەیەك پێكدەهێنین، ئەو مێز و عارەبانانەی لەسەر شەقامەکان و ناوبازاڕ كاری تاتۆكردن دەكەن، لایدەبەین و خاوەنەکانیان سزا دەدەین.
لابردنی تاتۆ
سڕینەوەی تاتۆ کارێکی ئاڵۆزە، لەبەرئەوەی ئەو رەنگەی تێیدا بەکاردێت، دەچێتە ژێر رووپۆشی پێست، بەڵام هەندێکجار ئەو کەسانەی تاتۆیان کردووە لەسەر جەستەیان، پەشیمان دەبنەوە یان بە هۆکارێکی دیکە دەیانەوێت تاتۆکە بسڕنەوە، لە حاڵەتێكی لەو شێوەیەدا باشتر وایە کاری لابردنی تاتۆ لەلای پزیشکی پسپۆڕی پێست بکرێت، لەبەرئەوەی رەنگە کاریگەریی لاوەکی هەبێت.
رێگەکانی لابردنی تاتۆ ئەمانەن:
*لەیزەر: تیشکی رووناکی لەیزەر دەبێتە هۆی شیبوونەوەی ماددەکانی تاتۆ لە ژێر پێست و بۆئەوەی بە تەواویی بسڕێتەوە پێویستە چەندجارێک دووبارە بکرێتەوە.
*لابردنی پێست: لە رێگەی نەشتەرگەرییەوە، ئەو بەشەی پێست لادەبرێت کە تاتۆکەی لەسەرە. 
*لابەری کیمیایی: دەرمانێکە دەکرێتە سەر پێست، دەبێتە هۆی لێ بوونەوەی بەشی سەرەوەی پێست و تاتۆکە دەسڕێتەوە.
*کرێمی لابردنی تاتۆ: ئەم جۆرەیان وەک جۆرەکانی دیکەی چارەسەر کاریگەریی نییە.
بەکارهێنانی هەریەک لەم رێگایانە بۆ لابردنی تاتۆ، کاریگەریی لاوەکی هەیە وەک: ئازار، دروستبوونی جێگەی برین، هەوکردن، خوران و کزانەوەی پێست و گۆڕانی رەنگی پێست.

بابەتە پەیوەندیدارەکان