ئا: رەوەست نەوزاد
هەركاتێك لەشاری هەولێر باسی راهێنەرایەتی یاری تۆپی پێ بكرێت، بەر لەهەموو ناوێك ناوی یاریزانی كۆچكردوو (محەمەد خەلیل) ناسراو بە (مەمۆ خەلیل) دێت، كە بەهۆی بەرزی توانا و ئاستی لەو بوارە، بەشێخی راهێنەرانی تۆپی پێی كوردستان ناسراوە.
ئەو وەرزشوانە لە ساڵی 1936 لە شاری هەولێر لەدایكبووە، لەماوەی ژیانیدا یاری بۆ چەندین یانە كردووە، دواتر وەك راهێنەر لە كاروانی وەرزشی خۆی بەردەوام بووە.
عەونی سەید ئەحمەد، یاریزانی دێرینی تۆپی پێی هەولێر و هەڵبژاردەی پێشووی عیراق بۆ كوردستانی نوێ وتی: بەبۆچوونی من مەمۆ خەلیل باشترین راهێنەر بوو لەسەرئاستی عیراق و شوێنی دەستی لەبواری وەرزش دیارە، كە چەندین یاریزانی تۆپی پێی بۆ هەڵبژاردەی عیراق، وەكو فازڵ عەباس و تاریق عەبدولڕەحمان و كامەران محەمەد و عەونی سەید ئەحمەد و زۆری تر پێگەیاندووە، بۆیە پێگەی ئەو زۆر لەنازناوی شێخی راهێنەران گەورەترە، دەبوایە پەیكەرێكی لەیاریگای نێودەوڵەتی هەولێر بۆ دروستبكرێت.
هەرلەبارەی ئەو راهێنەرە وتیشی: لەساڵی حەفتاكان خولێكی راهێنەری نێودەوڵەتی لەشاری بەغدا كرایەوە، كە ژمارەیەكی زۆر لە راهێنەرانی عیراق بەشدارییان تێداكرد، بەڵام تەنیا هەردوو راهێنەر (محەمەد خەلیل) ناسراو بەمەمۆ و (عەمۆ بابە)ی راهێنەری بەناوبانگی عیراقی توانیان بڕوانامەی ئەو خولە لەسەر ئاستی عیراق بەدەستبهێنن.
لەلایەن خۆیەوە زاگرۆس نانەكەلی نووسەر و میدیاكاری وەرزشی لە هەولێر كە یەكێكە لەو رۆژنامەنووسانەی لە نزیكەوە ئەو راهێنەرەی ناسیووە بە كوردستانی نوێی راگەیاند: مەمۆ خەلیل هۆشمەندێكی بواری وەرزشی كوردی بوو، كە بە (مەمۆ هەولێر)ی ناسرابوو، سەرەتای كاری وەرزشی وەك یاریزان لە تیپ و یانەكانی هەولێر یاری كردووە و یەكێك بووە لە یاریزانە هەرە پێشەنگ و باش و بەناوبانگەكان، هەرگیز قازانجی ماددی لە كاری وەرزشی نەكردووە، بەڵكو لە گیرفانی خۆی خزمەتی وەرزشی كوردی بەگشتی و هەولێر بەتایبەتی كردووە.
باسی لەوەشكرد: دوای وازهێنانی لە وەرزش وەك یاریزانی، مەمۆ روودەكاتە كاری راهێنەرایەتی، مەشق و راهێنان بە یاریزانانی یانەكانی (بروسك، پۆلیسی هەولێر، یانەی هەولێر، برایەتی) دەكات، بەشێكی زۆر لە یاریزان و لێپرسراوانی وەرزشی ئێستا لەسەر دەستی ئەو پێگەیشتوون، بۆیە دەتوانین بڵێین مەمۆ ئەو راهێنەرە بوو چەندین نەوەی بۆ شارەكە و كوردستان ئامادەكرد، هەردەم لەخەمی وەرزشی كوردی و شاری هەولێر بووە، دوا وێستگەی ژیانی وەرزشی ئەو وەرزشوانە دێرینە دەستەی كارگێڕی یانەی وەرزشی برایەتی بوو.
هەروەها دەڵێت: مەمۆ خەلیل دوای نەخۆشكەوتنی مەخابن لەبەرەبەیانی 16/8/2007 لە تەمەنی 71 ساڵی ماڵئاوایی لێكردین، بەڵام ناو و نازناوی وەكو سومبلێكی ئاسمانی وەرزشی هەمیشە زیندوو دەمێنێتەوە، دەبوو پەیكەرێكی بۆ دروست بكرێت یان شەقامێك بەناوی ئەو بنرێت، بەڵام مەمۆ خەلیل هیچ شتێكی لەم شێوەیەی بۆ نەكراوە و وەك ئەوە وایە كە بوونی نەبووبێت.