شۆخان تارق: بەشداری ژنان لە بڕیاری سیاسی كاریگەریی لەسەر بەرەوپێشبردنی كۆمەڵگە دەبێت

11:23 - 2025-05-21
دووتوێ
12 جار خوێندراوەتەوە

شۆخان تارق نوسەر و یاساناس لە وەڵامی پرسیارەكانی كوردستانی نوێ، تیشكدەخاتە سەر گرنگیی بەشداریی ژنان لە كاری سیاسی و ناوەندەكانی بڕیار لە هەرێمی كوردستان و پێیوایە، ئامادەبوونی ژنان لە بڕیارە سیاسی و چارەنوسسازەكان، رەنگدانەوەی لەسەر تەواوی ژیانی كۆمەڵگە و بەرەو پێشبردنی دەبێت.
 لەو بارەیەوە رایگەیاند: ژنان لە رابردوو رۆڵێكی كاریگەر و بەرچاویان هەبووە لە پێكهێنانی كابینەكانی حكومەت و خولەكانی پەرلەمان، بۆ نموونە ٪30 ئەندامی پەرلەمانی كوردستان بۆ ژنان دیاریكراوە، بەمەش ژنان لە هەڵبژاردنەكانی پێشوو توانیویانە كورسی بۆ هەردوو پەرلەمانی كوردستان و عیراق بەدەستبهێنن.
وتیشی: ژنــــــان لە لیژنە جیاجیاكانی پەرلەمان، دەنگی دلێر و رۆڵی بەرچاویان هەبووە لە داڕشتن و نووسینەوەی یاساكان. بەشێك لە سەرۆك و جێگری لیژنەكان ژن بوونە، هاوكات لە حكومەتدا ژنان بەشدارییان لە دەسەڵاتی جێبەجێكردن و ناوەندە حكومییە جیاوازەكاندا كردووە و هەندێك لە ژنان خاوەن پێگەی بەرز بوون.
 لەبارەی  بەشداری ژنان لە بڕیارە چارەنوسسازەكان وتی: بەڵێ ژنان  لە هەرێمی كوردستان بەشدارییەكی گرنگیان لە بڕیارە چارەنوسسازەكاندا هەیە، لە هۆڵی پەرلەمان، وەزارەتەكان، رێكخراوەكانی كۆمەڵی مەدەنی، بواری كاروبار و كۆمپانیاكاندا. هەرچەندە ئەم پێشكەوتنانە هەیە، بەڵام  هەرێمی كوردستانیش وەك زۆرێك لە وڵاتانی جیهان، هێشتا لە بەدیهێنانی یەكسانی تەواو لە بڕیاردان و دەسەڵاتدا رووبەڕووی ئاستەنگ و ئاڵنگاری دەبێتەوە، بەتایبەتی لە ئێستادا هیچ ژنێك وەك سەرۆكی پارتێكی سیاسی لە هەرێمی كوردستان نابیندرێت، ئەمەش مانای ئەوە نییە كە ژنان ناتوانن ئەو پۆستە بەڕێوەببەن، بەڵكو لە ئەنجامی ئەو رێگریانەیە كە پێشتر ئاماژەمان پێكرد.
پێشیوابوو: بەشداری چالاك و راستەقینەی ژنان لە كایەی سیاسی و ناوەندەكانی بڕیار، كاریگەریی گەورەی لەسەر بەرەوپێشبردنی كۆمەڵگە هەیە، لەوانە لە بواری یاسادانان، پێموایە بەشداری راستەقینەی ژنان لەو بوارە، پرۆسەی یاساسازی بەشێوەیەكی تەواوتر و دادپەروەرانە تر دەبێت. 
هــــــــــــــەروەهـــا لــــــە بواری ئابووری و كـــــــــــــــــۆمەڵایەتیدا، بوونی ژنان لە ناوەندە سیاسییەكان، گرنگیدان بە خوێندن، تەندروستی و خزمەتگوزاری كۆمەڵایەتی زیاد دەبێت و بۆچوونەكانیان باشتر دەگات و لەبواری جێبەجێكردن شوێنی خۆی دەگرێت.

#كوردستانی نوێ- هەولێر

بابەتە پەیوەندیدارەکان