دووربینی گەڕانەوە یان بیرەوەریی؟

11:01 - 2022-08-11
کەلتور
327 جار خوێندراوەتەوە
ئارێز عەبدوڵڵا

رێکار ئەحمەد

دووربینی گەڕانەوەی ‹ئارێز عەبدوڵڵا›م خوێندەوە؛ بابەتەکە بە رۆمانی یادەوەری وێنا دەکرێ، بەڵام هێندە هۆشیارانە رەفتاری لەگەڵ گێڕانەوەکاندا کردووە، هێندە زیرەکانە ملوانکەی پەیڤەکانی هۆنیوەتەوە کە تام و چێژی ژانرێکی وێژەیی نایابی بەرجەستەکردووە، راستییەکەی وا دەکات کە خوێنەر بە تامەزرۆییەوە بیخوێنێتەوە و دەستبەرداری نەبێ، کاتێک بەرەو دویماهیش دەچێ، خۆزگە دەخوازێ کە تەواو نەبێ، لە دوای تەواوبوونیشدا بۆنی وشەکان لەنێو هەوای ژوورەکەدا دەمێننەوە و مرۆڤ هەست دەکات کە دەست و پەنجەکانی خۆی لەگوڵاوی زانیاری هەڵکێشاوە.
هونەری گێڕانەوەی یادەوەرییەکان خۆی لەخۆیدا لێزانی و شارەزایی دەوێ؛ نووسەری بەتوانا لێهاتوویی خۆی لە شێوازی گێڕانەوەکەدا پێشاندەدا، شارەزایی خۆی لە رستەسازی و دەستڕەنگینی لە هەڵبژاردنی رووداوەکاندا پێشکەش بە خوێنەر دەکات.
دووربینی گەڕانەوە بیرەوەری کەسێکی ئازارچەشتووی رۆژگار، تەمەنی تێکۆشەرێکی رێی ئازادی و هەڵوێستی مرۆڤێکی ماندووینەناس دەگێڕێتەوە، لەنێو گێڕانەوەکەدا گەڵا وەریوەکانی تەمەن کۆکراونەتەوە، دڵۆپە فرمێسکە رژاوەکان رێچکەیان بەستووە، ئەفسوس و حەسرەتی مرۆڤێک بۆ گەیشتن بە خەون و ئاواتەکانی سەرەتاتکانی دەکەن، هەروەها لە جوگرافیای زێد و نشینگەدا ئاوێنەیەکی باڵانوێن چێکراوە؛ ئەو نەینۆکە، دیمەنە تاڵ و سوێرەکانی لە باوەش گرتووە، لکێکی دیرۆکی ئەو دەڤەرە چرۆکانی خۆی  پێشکەش بە کتێبخانەی مێژووی نەتەوەیەک کردووە. 
ئەوەی جێی سەرنجە کە کاک ئارێز لە دەلاقەیەکی ئەم بەرهەمەدا ویستوویەتی پەی بە ڕازی ئافراندن و چێکردنی وشەکانی زمانی کوردی ببات، دەیەوێ بەراوردێک لەنێوان ناوی ئەندامانی جەستەی مرۆڤ و بەشەکانی کێو و شاخەکان بکات، ئەمەش هەوڵێکی دێرینەی مرۆڤە بۆ دۆزینەوەی کلیلی پژان و پەیدابوونی زمان و ئافراندنی بوونەوەرەکان. راستییەکەیشی هەوڵێکی زیرەکانەیە بۆ تاپۆکردنی خاکی ئەو نەتەوەیەی کە بەدرێژایی مێژوو لەسەریدا ژیاوە. کاتێک ناوی ئەشکەوتی پەستونی برادۆست دەهێنێ و دەیەوێ رایەڵەکەی لەگەڵ  تاق وەسانی بێستووندا  بدۆزێتەوە، بە خشكەیی دەیەوێ وەبیر خوێنەری بهێنێتەوە کە یەک نیشتمان و یەک زمان پێکەوە دەمانبەستێتەوە. هەروەها کاتێک ناوی مەزارگەی پیرەکان تۆمار دەکات، دەیەوێ هزری مرۆڤی کورد بە مێژینەی باپیرانی 
پاراو بکاتەوە.
لە سۆمای دووربینی گەڕانەوەدا، هەڤاڵ ئارێز دەیەوێ رۆژانی سەختی تێکۆشانی نهێنی بۆ نەوەی ئێستا شێ بکاتەوە، مەبەستییەتی ئەم نەوەیە بە ئێش و ئازاری نەوەی پێش خۆی ئاشونا بکات. دڵسۆزانە هەڵەکانی رژێم و هەڵەکانی ناو شۆڕش دەگێڕیتەوە، بوێرانە ئاشێرە بە هەندێک چالاکی هاوبەشی هەڤاڵانی رێکخستن و  پێشمەرگە دەکات و راستییەکان رەپێش دەخات؛ پێوەندی و دڵسۆزی خەڵکی نیشتمانپەروەر بۆ شۆڕش دووپات دەکاتەوە و ژمارەیەک ناو تۆمار دەکات، هەروەها زۆر زیرەکانە رۆڵی مامۆستا و رێبەری ژیان وەبیر دەهێنێتەوە و بەڕێزەوە باسی هەموو ئەوانە دەکات کە رۆژێک لە رۆژان وانەیەکی ژیانیان فێر کردووە و هەموو ئەوانەش بە خۆشەویستی زمانی دایک دەبەستێتەوە و دەیەوێ پیرۆزی و  ئەڤینی زمانی کوردی سەرڕاست بکاتەوە. 
‹دووربینی گەڕانەوە› تک تک کۆبۆتەوە، بەڵام زەریایەکی یادەوەری و بیرەوەری پێکهێناوە، کۆمەڵێک رووداوی تاڵ و تفتی تێدا تۆمار کراوە، کەچی وێڕای ئەوانەشەوە چکاوەکەی دووربینی گەڕانەوە لە دوا وێستگەدا دڵ و دەروون فێنک دەکاتەوە و باوەشێک زانیاری نوێ بە هزر دەبەخەشێ، بەڵام بێگومان ئەم بەرهەمەش وەک زۆربەی بەرهەمی نووسەرانی دیکە لە رەخنە بەدەر و بێکێماسی نییە، بەتایبەتیش لەو شوێنانەی کە دوو وشە یان زیاتر بەیەکەوە لکێندراون، من پێموایە ئەگەر هەڵەچنی باشتری بۆ بکرابایە، کێماسییەکان کەمتر دەبوون و منیش ئەمڕۆ ئاماژەم پێنەدەکردن.
لە کۆتاییدا دەستخۆشی لە برای نووسەر دەکەم، دەخوازم کە درێژە بە گێڕانەوەکان بدات و وردتر لەسەر بابەتەکان رابوەستێ، چونکە بەوهۆیەوە دیرۆکی بەرخۆدان دەوڵەمەندتر دەبێ و لاپەڕەکانیش نەخشین و رەنگینتر خۆیا دەبن.

بابەتە پەیوەندیدارەکان