*هێمن عەزیز محەمەد
مۆدێلی رەهەندەکانی فێربوونی مارزانۆ چوارچێوەیەکی گشتگیرە، دەتوانێت بەشدارییەکی بەرچاو بکات لە باشترکردنی کوالێتی پەروەردە و بەرزکردنەوەی ئەزموونی فێربوونی خوێندکاران. مامۆستایان دەتوانن چالاکییەکانی فێربوونی یەکگرتوو دابڕێژن کە تواناکانی ئەکادیمی
لە پرۆسەی پەروەردە و فێربووندا، مۆدێڵی مارزانۆ چوارچێوەیەکی پێداگۆژیکی گشتگیرە کە ئامانجی باشترکردنی پرۆسەی فێرکردن و فێربوونە، ئەمەش بە گرنگیدان بە پێنج رەهەندی سەرەکی. ئەم مۆدێلە لەلایەن توێژەری ئەمریکی رۆبەرت مارزانۆ( Robert J. Marzano) و هاوکارەکانییەوە پەرەی پێدراوە و وەک رێنماییەک بۆ مامۆستایان لە دانانی پلان بۆ وانەکان و جێبەجێکردن و داڕشتنی مەنهەجەکان و هەڵسەنگاندنی ئەدای خوێندکاران بەکاردەهێنرێت. ئامانجی ئەم مۆدێلە پەرەپێدانی تواناکانی خوێندکارانە بۆئەوەی ببنە فێرخوازی سەربەخۆ کە بتوانن بە درێژایی ژیانیان لە فێربوون بەردەوام بن.
پێنج رەهەندی فێربوون
مارزانۆ پێنج رەهەندی وەکو مۆدێڵێکی فێربوون لە پرۆسەی فێربووندا دەستنیشان کردووە ئەوانیش:
1/ تێڕوانینی ئەرێنیی بەرامبەر بە فێربوون
ئەم رەهەندە سەرنج دەخاتە سەر گرنگی دروستکردنی ژینگەیەکی فێرکاری ئەرێنی کە پاڵنەر بێت بۆ خوێندکاران بۆ فێربوون و بەرزکردنەوەی ئاستیان. ئەمەش پەرەپێدانی رووئیا و تێڕوانینێکی ئەرێنی دەگرێتەوە کە ئارەزووی خوێندکاران بۆ بەشداریکردن بو فێربوون بەردەوام بەرز دەکاتەوە. ئەم رەهەندە زۆر سەرەکی و جەوهەرییە، چونکە راستەوخۆ کاریگەری لەسەر ئامادەیی خوێندکاران هەیە بۆ فێربوون و توانای سوودوەرگرتنیان لە دەرفەتە پەروەردەییەکان بەردەست دەبێت.
2/ بەدەستهێنانی زانیاری
ئەم رەهەندە پەیوەندی بە چۆنیەتی پێشکەشکردنی ناوەڕۆکی ئەکادیمی لای خوێندکارانەوە هەیە و یارمەتیان دەدات لە تێگەیشتنێکی قووڵ لە چەمکەکان. ئەمەش ستراتیژییەکانی وەک دانانی ئامانجی روونی فێربوون، پێشکەشکردنی زانیاری بە چەندین شێوە (بینراو، بیستراو، پراکتیکی) و هاندانی خوێندکاران بۆ دروستکردنی پەیوەندی لە نێوان زانیاری نوێ و زانیاری پێشوودا دەگرێتەوە. ئەم رەهەندە ئامانجی دڵنیابوونە لەوەی کە خوێندکاران ئەو زانیاریانەی وەریدەگرن و تێدەگەن بتوانن لە چوارچێوەی واقع و هەروەها ژیانی رۆژانە و بازاڕی کاری جیاوازدا جێبەجێیان بکەن.
3/ فراوانکردن ئاستی زانیاری و فراوانکردنی ئاستی بیرکردنەوەی رەخنەیی
ئەم رەهەندە گرنگی بە پەرەپێدانی تواناکانی بیرکردنەوە لای خوێندکاران دەدات، لەوانەش شیکاری، هەڵسەنگاندن و داهێنان. ئەمەش بریتییە لە فێرکردنی خوێندکاران لە بیرکردنەوەی رەخنەگرانە و بەکارهێنانی پرسیاری کراوە بۆ هاندانی بیرکردنەوەی قووڵ و رێگریکردن لەو تەحەددیانە، کە پەروەردەی داهێنان و بیرکردنەوەی داهێنەرانە دەیکەن. ئەم رەهەندە ئامانجی ئەوەیە کە خوێندکاران بتوانن بە شێوەیەک مامەڵە لەگەڵ زانیارییەکاندا بکات، کە تێگەیشتنێکی قووڵتر لە چەمکەکان لای خوێندکاران پەرەپێبدات.
4/ بەکارهێنانی زانست بە شێوەیەکی مانادار
ئەم رەهەندە پەیوەندی بە تواناکردنی خوێندکارانەوە هەیە بۆ جێبەجێکردنی ئەوەی فێری بووە لە بارودۆخی ژیانی راستەقینەدا. ئەمەش ستراتیژییەکانی وەک چارەسەرکردنی کێشەکانی جیهانی راستەقینە، پڕۆژەی دەستی و فێربوون لەسەر بنەمای لێکۆڵینەوە لەخۆدەگرێت. ئەم رەهەندە ئامانجی ئەوەیە فێربوون پەیوەندی بە ژیانی رۆژانەی خوێندکارانەوە بکات و توانای بەکارهێنانی زانست بە شێوەیەکی مانادار و بەرجەستە، بەرز بکاتەوە.
5/بەرزکردنەوەی ئاستی دەروونی تاک
ئەم رەهەندە تیشک دەخاتە سەر پەرەپێدانی خووی دەروونی کە پەرە بە فێربوونی بەردەوام و بیرکردنەوەی کاریگەر بدات. ئەمەش بریتییە لە هاندانی خوێندکاران لە رووی دەروونییەوە بۆ خۆڕاگربوون، بیرکردنەوەی ئەرێنی و گرنگیدان بە وردەکارییەکان و بیرکردنەوەیەکی ورد (میتاکۆگنیتیڤ) . ئەم رەهەندە ئامانجی پەرەپێدانی تواناکانی خۆفێربوونە و فێرخوازەکان بتوانن بە متمانە و کاریگەرانە رووبەڕووی ئاستەنگەکان دەروونییەکان ببنەوە.
بۆچی مۆدێلی مارزانۆ لە پرۆسەی پەروەردەدا گرنگە؟
ئەم مۆدێلەی رەهەندەکانی فێربوونی مارزانۆ ئامرازێکی کاریگەرە بۆ مامۆستایان بۆ بەرزکردنەوەی کوالێتی خوێندن و بەرزکردنەوەی ئەزموونی فێربوونی خوێندکاران. مامۆستایان دەتوانن چالاکییە فێرکارییە گشتگیرەکان دابڕێژن کە پێداویستییە جۆراوجۆرەکانی خوێندکاران دابین بکەن و توانا ئەکادیمی و فێربوون و کۆمەڵایەتی و دەروونییەکانیش بەرز بکەنەوە. هەروەها ئەم مۆدێلە یارمەتیدەرە لە پەرەپێدانی ژینگەیەکی ئەرێنی فێربوون کە پاڵپشتی پاڵنەرەکانی خوێندکاران دەکات و هانیان دەدات بۆ بەشداریکردنی چالاکانە لە پرۆسەی فێربووندا.
بەکارهێنانی پراکتیکی مۆدێلی مارزانۆ
ئەم مۆدێلە لە رێگەی کۆمەڵێک تەکنیکی پەروەردەیی دەتوانێت بەشێوەیەکی پراکتیکی لە پرۆسەی پەروەردەدا جیبەجێبکرێت .
1/ پلاندانانی وانەکان
مامۆستایان دەتوانن ئەو پێنج رەهەندە وەک چوارچێوەیەکی پەروەردەیی لە کاتی پلاندانان بۆ وانەکان بەکاربهێنن، کە لایەنە جیاوازەکانی فێربوون دەگرێتەوە. بۆ نموونە دەتوانرێت ئەو چالاکییانە دابڕێژرێن کە فێربوونی ئەرێنی بەرەوپێش ببەن، هەروەها یارمەتیدەر دەبێت لە بەدەستهێنان و تێکەڵکردنی زانین( knowledge) لەڕێگەی بیرکردنەوەی رەخنەگرانە و داهێنەرانە فراوانتر بکەن، دەرفەت بۆ جێبەجێکردنی زانین لە دۆخە راستەقینەکانی ژیانیدا کە ببێتە کارامەیەک دواترلە بەکاربێنێت لە بازاردا، خووی بەرهەمدار پەرەپێبدەن.
2/ هەڵسەنگاندنی خوێندکار
مۆدێلەکە چوارچێوەیەکی گشتگیر بۆ هەڵسەنگاندنی ئەدای خوێندکار دابین دەکات کە لایەنە مەعریفی و نامەعریفیەکان لەخۆدەگرێت. مامۆستایان دەتوانن هەڵسەنگاندن بۆ ئەو رادەیە بکەن کە خوێندکاران تا چەند زانیاری بەدەست دەهێنن، توانای بەکارهێنانیان هەیە، خووی دەروونی بەرهەمدار پەرەپێبدەن، هەروەها هەڵوێست و تێڕوانینەکانیان بەرامبەر بە فێربوون هەڵسەنگێنن.
3/ پەرەپێدانی مەنهەج
گەشەپێدەرانی مەنهەج دەتوانن مۆدێلی مارزانۆ بەکاربهێنن بۆ دڵنیابوون لەوەی کە پێنج رەهەندەکە لە ناوەڕۆکی پەروەردەییدا جێگیرکراون. ئەمەش یارمەتیدەرە لە داڕشتنی مەنهەجی هاوسەنگ کە فێربوونی گشتگیر بەرەوپێش دەبات و پێداویستییەکانی خوێندکارانی جۆراوجۆر دابین دەکات.
کۆمەڵێک ئاستەنگ
کۆمەڵێک ئاستەنگ رووبەرووی ئەم مۆدێلە دەبێتەوە لە ئەگەری جێبەجێکردنیدا، سەرەڕای سوودە زۆرەکانی مۆدێلی مارزانۆ، رەنگە مامۆستایان لە جێبەجێکردنیدا رووبەڕووی هەندێک ئاستەنگ ببنەوە، وەک:
1/ تەرخانکردنی کات
جێبەجێکردنی پێنج رەهەندەکە رەنگە پێویستی بە کاتێکی زیاتر هەبێت لە پلاندانان و جێبەجێکردنی وانەکاندا، کە دەتوانێت ببێتە تەحەدایەک لە سەرقاڵی مامۆستایاندا.
2/ دابینکردنی سەرچاوە
جێبەجێکردنی هەندێک ستراتیژی رەنگە پێویستی بە سەرچاوەی زیاتر هەبێت، وەک کەرەستەی پەروەردەیی یان راهێنانی پیشەیی، کە رەنگە هەمیشە لەبەردەستدا نەبێت.
3/ گۆڕینی کەلتوری پەروەردەیی
جێبەجێکردنی مۆدێلەکە رەنگە پێویستی بە گۆڕانکاری لە کەلتوری پەروەردەیی نەریتی و تەقلیدیدا هەبێت، کە رەنگە رووبەڕووی رەخنەی هەندێک لە مامۆستایان یان کارگێڕان ببێتەوە.
لە کۆتایدا مۆدێلی رەهەندەکانی فێربوونی مارزانۆ چوارچێوەیەکی گشتگیرە، دەتوانێت بەشدارییەکی بەرچاو بکات لە باشترکردنی کوالێتی پەروەردە و بەرزکردنەوەی ئەزموونی فێربوونی خوێندکاران. مامۆستایان دەتوانن چالاکییەکانی فێربوونی یەکگرتوو دابڕێژن کە تواناکانی ئەکادیمی، کۆمەڵایەتی و لایەنی دەروونی خوێندکاران بەرز بکەنەوە. سەرەڕای ئاستەنگە ئەگەرییەکان لە جێبەجێکردنی مۆدێلەکەدا، ئەو سوودانەی بەدەست هاتوون شایانی ئەو هەوڵانەن کە کراوە، چونکە مۆدێلەکە بەشدارە لە ئامادەکردنی ئەو خوێندکارانەی کە توانای بیرکردنەوەی رەخنەگرانە و داهێنەرانەیان هەیە، بەردەوام فێردەبن و خۆیان لەگەڵ بارودۆخە جیاوازەکاندا دەگونجێنین.
* ماستەر لە کۆمەڵناسی
رۆبەرت مارزانۆ