قوباد تاڵەبانی: کوڕان و کچانی کوردستان دەتوانن داهێنەر بن

07:43 - 2022-08-11
کوردستان
368 جار خوێندراوەتەوە

قوباد تاڵەبانی جێگرى سەرۆکی ئەنجومەنى وەزیران لە مەڕاسیمی بەخشینی بڕوانامەى رێزلێنان بەبەشداربووانی فێستڤاڵی تێک  فێست، رایگەیاند: 
نەوت و گاز هەمیشەیی نیە و رەنگە لەئایندەدا نەمێنێت ئەوکات زیاتر پێویستمان بەداهێنانی تەکنەلۆژیا دەبێت.
لەمەڕاسیمەکەدا کەلەلایەن رێکخراوی پەرەپێدانی بیری نوێ وبەشی گەنجانی نووسینگەی جێگری سەرۆک وەزیران رێکخرابوو و ئەمڕۆ پێنج شەممە ١١/٨ لە سلێمانی بەڕێوەچوو، قوباد تاڵەبانی رایگەیاند: کاتێ باسی داهێنانی تەکنەلۆژیا دەکەین بیرمان دەچێ بەلاى وڵاتە پێشکەوتوەکان، بەڵام ئێوە ئەوەتان رەتکردۆتەوە و سەلماندووتانە کەگەنجەکانی خۆمان، کوڕان و کچانی کوردستان دەتوانن داهێنەربن.
وتیشی: دەرفەتێکمان بۆ رەخساوە کەببینە ناوەندێک بۆ داهێنانی تەکنەلۆژیا بۆ کوردستان و عیراق و ناوچەکە، چونکە کۆمەڵگایەکی گەنج و توانایەکی مرۆیی بەهێزمان هەیە و بەلاى کەمەوە دەتوانین ببینە ناوەندێک بۆ داهێنانی تەکنەلۆژیا لەرۆژهەڵاتی ناوەڕاست. 
جێگرى سەرۆکی ئەنجومەنى وەزیران جەختی کردەوە کە بازارى کوردستان بازاڕێکی فراوانە و دەرفەتێکی گەورەیان لەبەردەستدایە، چونکە تەکنەلۆژیا رۆڵێکی گرنگ دەبینێت لە دروستکردنی ئابوورییەکی بەهێز لەکوردستان، وتیشی: بۆ ئەمەش هاوکارتان دەبین و هانی کۆمپانیا گەورەکان دەدەین تا پشتیوانتان بن.
قوباد تاڵەبانی بەبەشداربوانی تێک فێستى راگەیاند: داهێنانەکانتان رۆڵێکی گرنگ دەبینێت لەبەهێزکردنی کەرتى تایبەت و زیادکردنی هەلى کار چونکە دەزانین نەوت و گاز هەمیشەیی نیە و رەنگە لەئایندەدا نەمێنێت ئەوکات زیاتر پێویستمان بەداهێنانی تەکنەلۆژیا دەبێت.
هەر لەبارەى گرنگی تەکنەلۆژیاوە، قوباد تاڵەبانی ئاماژەى بەکاریگەریی گۆڕانکارییەکانی کەشوهەوا و ژینگە کرد و وتی: کاتێ کەدەڵێین دەمانەوێ کوردستان سەوز بکەینەوە خۆمان  لەبەردەم تەحەدایەکی گەورەدا دەبینینەوە کە وشکەساڵییە و دەشزانین کەناتوانین بەسیاسەتی کۆن تێى پەڕێنین و پێویستمان بەداهێنانە لەبواری ئاودێرى و بیرۆکەی نوێ بەپشتیوانی تەکنەلۆژیا. 
لەکۆتایی وتەکانیدا قوباد تاڵەبانی جێگرى سەرۆکی ئەنجومەنى وەزیران دووپاتی کردەوە کە؛ دەکرێ سەرەڕم بن بۆ رووبەرووبونەوەى رکابەرییەکان و چارەسەرى ئەو بۆشاییانەى ئەمرۆ هەن لەبەرێوەبردن و سستمی موچە و دابەشکردنی، لەوبارەیەوە پشتیوانی خۆی بۆ دووپاتکردنەوە و پێی راگەیاندن؛ بەهیوام ساڵ لەدواى ساڵ داهێنانتان زیاتر بێت تا ببێتە پرۆژەیەکی ستراتیژی بۆ سلێمانی و لەئایندەشدا ببێت بەفێستیڤاڵێکی نێودەوڵەتی.

 

بابەتە پەیوەندیدارەکان