وەزارەتی کۆچ و کۆچبەرانی عیراق رایگەیاندووە، کەمتر لە 20 هەزار هاووڵاتیی عیراقی لە کەمپی هۆل ماون، تا ئێستا زیاد لە 15 هەزاریان وەرگرتووەتەوە.
کەریم نوری، بریکاری وەزارەتی کۆچ و کۆچبەرانی عیراق دەڵێت، ئەو کەسانەی تۆمەتبارن یاخود تۆمەتی تیرۆریان لەسەرە، ناگەڕێنرێنەوە تاوەکو لە دادگاکان دۆسێکانیان یەکلانەکرێنەوە.
وتیشی ئەو کەمپانەی لە عیراقدا ماون 22 کەمپن، 16کەمپ لە دهۆک و شەشیش لە هەولێر، ئەوانی دیکە لە تەواوی عیراق لەنێویشیاندا سلێمانی داخراون، لەو 22 کەمپەشی کە ماوە زۆرینەی ئاوارەکانیان، شنگالین و نزیکەی 18 هەزار خێزانن.
بریکاری وەزارەتی کۆچ و کۆچبەرانی عیراق ئەوەشی خستەڕوو، دڵنیایی دەدەنە هەموو هاووڵاتییەکی عیراق، لە هیچ عیراقییەکی کەمپی هۆل خۆشنابن کە تاوانی ئەنجامدابێت.