سەرۆک بافڵ: یەکێتی تاکە حزبە دەتوانێت بەڵێنەکانی جێبەجێبکات

09:19 - 2025-06-01
کوردستان
166 جار خوێندراوەتەوە

سەرۆک بافڵ جەلال تاڵەبانى لە ئاهەنگى یوبیڵی زێڕینی یەکێتیى نیشتمانیى کوردستان، لە شارى سلێمانى وتارێکى لەبەردەم جەماوەر و لایەنگرانى یەکێتی پێشکەشکرد.
سەرۆکى یەکیتیی نیشتمانیی کوردستان پەیامێکى ئاڕاستەى حزب و لایەنە عیراقییەکان کرد و وتى: لە بەغدا دوژمنى ئێوە نین، داوادەکەن گوێ لە میللەت بگرن، میللەتى کورد هیچ کێشەیەکى لەگەڵ هیچ پێکهاتەیەکی دیکەى عیراق و هەرێمى کوردستان نییە".
راشیگەیاند، ئەمڕۆ پەیوەندیى بە محەمەد شیاع سودانی، سەرۆک وەزیرانی عیراقەوە کرد و گەر پێویستبکات، بەمزووانە دەچێتە بەغدا گرفتی مووچەی مووچەخۆرانی هەرێم چارەسەردەکەن.
وتیشی، ئەمڕۆ یەکێتی هێزی گۆڕانکارییە و رۆڵی لەگۆڕانکارییەکانی دونیادا هەیە، تاکە حزبیشە کە دەتوانێت سەرجەم بەڵێنەکانی خۆی جێبەجێبکات.
بافڵ جەلال تاڵەبانی راشیگەیاند، یەکێتی بەڵێنەکانی خۆی جێبەجێدەکات و باڵانسی هێز رێکدەخەنەوە، حکومەتێک دروستدەکەن، خزمەتی میللەت بکات و هیچ کاتێک سازش ناکەن.
لە درێژەى وتارەکەیدا، بافڵ جەلال تاڵەبانى، ئاماژەى بەوەشکرد، ئێستا گفتوگۆکانى پرۆسەى ئاشتى لەنێوان حکومەتى تورکیا و پارتى کرێکارانى کوردستان بەڕێوەدەچێت، یەکێتى بەشێکى سەرەکیی بووە لە گفتوگۆکان.

#یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان

بابەتە پەیوەندیدارەکان