ژنانی کۆڕی خەبات

09:37 - 2022-08-13
ڕاپۆرت
583 جار خوێندراوەتەوە

ژنانی گومناوی کاروانی شۆڕشی نوێی گەلەکەمان لێرەدا باسی خەباتی ژنی تێکۆشەری ماندونەناس و دڵسۆزی گەل و نیشتمان و کوردستان دەکەین کە هاوکاری باوک و هاوسەر و براو کوڕیان بوون وەک تەتەری ناو شاخ و شار خۆڕاگری و خەباتی خۆیان دەگێڕنەوە.

كەلسوم ره‌سوڵ خدر
ژنێکی دیکەی کاروانی خەبات باسی خۆی دەکات و دەڵێت: كچی حاجی مەلا رەسوڵی سەرگەڵوم، لە ساڵی 1956 لە دایكبووم ‌و دانیشتووی گەڕەكی كانێسكان حەوشی گەورە بووم، سەرەتاییم لەقوتابخانەی یەكێتی لە گەڕەكی عەقاری تەواو كرد، ناوەندیی ‌و دواناوەندیم لە فریشتەی كچان تەواو كرد.
 هەر لە سەرەتاییەوە هانی كچەكانی هاوڕێم دەدا بۆئەوەی نیشتمان پەروەری بخەمە بیرو هزریانەوە لە بەیانی 11 ئازاری ساڵی 1970 هەموویانم هاندا جلی كوردی لەبەر بكەین،  تەنانەت سەروو بەستی كوردی دایكمم بەست، هەموومان بە چەپكە گوڵەوە بەناو شاری سلێمانیدا بەدروشمی كوردایەتی دەڕۆیشتین.
لە ناوەندی بووم ساڵی 1971 لە قوتابخانەی فریشتە نەرمین عوسمان مامۆستای خۆشەویستمان دامەزرا، خێزانی شێخ دارۆی برای خاڵە شەهاب بوو، مامۆستایەكی زۆر كورد پەروەر بوو، هەمیشە پێش دەستپێكردنی وانەكەی بە پەندێكی كوردایەتی دەستی بۆ ئەوەی بەو رێگایە بتوانێت بۆ جارێكی تر هەستی كوردایەتی لە ناخماندا زیندوو بكاتەوە.
شەهید خاڵە شەهاب
 ئەو ژنە لە درێژەی قسەکانیدا باسی ئەوە دەکات کاتێک لە ساڵەكانی كۆتایی دواناوەندی تەرمی خاڵە شەهابی سەركردە دێتەوە بۆ شاری سلێمانی، خۆی و هاوڕێکانی بە درووشمی كوردایەتی‌و ئەی شەهیدان بە جلی رەشەوە تەرمەكەیان بەرەو گردی سەیوان بەڕێكردووە.
کەلسوم دەڵێت: بەڵام دوای ئەوە لەلایەن مامۆستایان ‌و بەڕێوبەری قوتابخانەکە و چەند مامۆستایەكی عەرەب كە دەست رۆیشتوو بوون لەلایەن رژێمی بەعس بانگکرام، پێیانوتم: تۆ قوتابیەكی زیرەكی و لە یەكەمەكانی چۆن كاری وادەكەی ناترسیت لە خوێندن دوورتبخەینەوە، منیش وتم: ئێمە بەشداری كاری مرۆڤانەمان كردووە، چونكە سەركردەیەكی كوردە ‌و شەهید كراوە، ئاگاداریان كردمەوە ئەمە كۆتا جار بێت، چونكە ئەوانە موخەریبن‌و دژی حزبی بەعس و حكومەتن.
 زانکۆی سلێمانی
کەلسوم رەسول باسی زانکۆ دەکات و دەڵێت: لەساڵی 1976–1977 لە زانكۆی سلێمانی لە كۆلێژی زانست بەشی كیمیا وەرگیرام، لەدوایدا كۆمەڵێك لە قوتابیانی زانكۆ لەبەشی كیمیا و لە هەموو بەشەكانی كۆلێژی زانست‌و كۆلێژەكانی تر بووین بەهاوڕێ، لەبەرئەوەی لەو كاتەدا كۆمەڵەی رەنجدەرانی كوردستان دروست ببوو خۆم دەمویست لەگەڵ ئەو كەسانەدا زیاتر ببم بەهاوڕێ‌ و نزیك ببمەوە بۆ ئەوەی هەواڵی كۆمەڵەی رەنجدەران زیاتر بەیەكتر بگەیەنین‌و لەناو زانكۆدا زیاتر گەشەی پێبدەین.
لەوكاتەدا قوتابیەكی گەنجی جوان لە بەغدادەوە دەهاتەوە هەموو مانگێك سەردانی ئێمەی دەكرد لە زانكۆی سلێمانی زیاتر هانی دەداین‌ و دروشمی كوردایەتی لە نێوانماندا زیاتر زیندوو دەكردەوە، ئەو خوێندكارەش عوسمان حاجی مارف بوو، هەر لەو ساڵانەدا هاوڕێی خۆشەویستمان فاتیح لەناو حەرەمی زانكۆدا شەهید كرا، لەبەردەم كۆلێجی ئیدارە بەشی ئامار، ئەمە بووبە هۆی ئەوەی كڵپەی كوردایەتی چەند ئەوەندەی جاران لە دڵماندا زیاد بكات و هەموو خوێندكاران بڕیارماندا تا چل شەو خەمباری خۆمان دەربڕین‌و قردێلەی رەش بە خۆمانەوە بکەین.
پاشان لەدوای شەهیدكردنی ئەو کینە زیاتر لە ناخماندا پەرەی سەند و هەرچی بۆنەمان هەیە دوور لە سەرانی رژێم دەمانكرد، لە نەورۆزدا هەموو خوێندكارانی بەشەكانی زانكۆم لە بەشی كیمیا كۆدەكردەوە و ئاگری نەورۆزمان دەكردەوە، بە جلی كوردییەوە ئاهەنگمان دەگێڕا، لە دوا ساڵی كۆتایی زانكۆماندا هۆنراوەكانی مامۆستا جەمال شارباژێڕیمان دەوتەوە ئەو دەفتەرە بەدەست منەوە بوو، لە ناكاو ئەمن‌و ئیستیخباراتی زانكۆ هەڵیان كوتایە سەرمان، بەڵام هاوڕێی خۆشەویستم شێخ خەباتی شێخ حەمە غەریب بە نەبەردی فریام كەوت ‌و دەفتەرەكەی لێ سەندم و بە دیواری زانكۆی سلێمانیدا بازی داو خۆی دەرباز كرد و منیشی پاراست، زۆر بەداخەوە لە قەدەغەی هاتوچۆی ساڵی 1985 لەماڵەكەی خۆیدا بە بەیان نامەوە دەستگیر كراو لەبەردەم مزگەوتی نالی لە ئەسحابە سپی گوللەباران كراو شەهید کرا.
لێپێچینەوە لە لایەن سەرانی بەعسەوە
لە دوای ئەو ئاهەنگەوە هەموومانیان راپێچكرد بۆ «قاطع الجامعة» كە شوێنێك بوو بەعسییەكان دروستیان كردبوو بۆ لێپرسینەوە لە خوێندکاران، بەڵام هەموومان بە یەكگرتووی توانیمان بەردەوام بین‌و كەسمان كەس تاوانبار نەكەین.
لێپرسراوی «قاطع الجامعة» كە ناوی حەسەنێن بوو خەڵكی جنوب بوو، بە منی وت: تۆ هۆكاری ئەم ئاژاوانەیت لەناو زانكۆ، لێت قبووڵ ناكەین، ناترسیت دەستگیرت بكەین ‌و لە خوێندن داببڕێیت، منیش وتم: خۆم ‌و هاوڕێكانم یادی سەری ساڵی كوردیمان كردۆتەوە، ئەویش وتی: بۆ بە ئاگاداری ئێمە نایكەن با ئێمەش بەشدار بین لەگەڵتاندا، منیش وتم: ئەمە بۆنەیەكی تایبەت بە كوردە و خۆمان زیندووی دەكەینەوە، لەپاشاندا بەڵێننامەیان پێ پڕكردینەوە و هەڕەشەیان لێكردین كاری وا دووبارە نەكەینەوە.
دوای ئەوەی لە كۆتایی ساڵی 1980 دا، بە بڕیارێكی بەعس زانكۆی سلێمانی راپێچی شاری هەولێر كراو ناویان گۆڕی بە زانكۆی سەڵاحەدین لە ساڵی 1981 دا دەستمان كرد بەخوێندن لە شاری هەولێر، پاشان هەموو كۆلێژەكانیان دوور لەیەك دانا بۆ ئەوەی كوردایەتی لەبیرمان بەرنەوە، بەڵام ئێمە لەژێر ئەو هەموو زوڵم ‌و زۆردارییەی ئەواندا جارێكی تر دروشمی كوردایەتی زیاتر پەرەی سەند لە ناخماندا.
 ئەو ژنە دەڵێت: لەوێ بەش بەش بە یەكەوە كۆدەبووینەوە و لە كۆتایی ساڵی 1981دا راپەرینێكمان بەرپا كرد هەموو كۆلێژەكان یەكمان گرت‌ و ناونرا راپەڕینی زانكۆی سەڵاحەدین لە كۆلێژی ئەندازیارییەوە دەستیپێكرد هەتا ناو كۆلێژی زانست، ئێمەش بەدروشمی كوردایەتییەوە بەرەو رووی رۆیشتین و هاوڕێمان سەفا كە خەڵكی شاری كەركووك بوو شەهید كرا، هەروەها هاوڕێی خۆشەویستم شادان رەسوڵ ‌ و كاك ئازاد سەید ئیبراهیم بە سەختی برینداركران‌و توانیمان رزگاریان بكەین، زۆر مەخابن هاوڕێیانمان شوان ئەحمەد عەلی كۆكۆیی‌و نەوزاد عەبدوڵڵا دەستگیركران‌و پاشان لەسێدارە دران.
هاوکاریی پێشمەرگە
لەساڵی 1983 دا لە فەرمانگەی تەندرووستی سلێمانی بەشی تاقیگەی ناوەندی دامەزرام، لە ساڵی 1985 كرام بە بەڕێوبەری تاقیگەو بانكی خوێنی نەخۆشخانەی فریاكەوتنی سلێمانی هەر لەو كاتەدا سێ كارمەندی زۆر بەڕێز و نیشتمان پەروەر كاریان لەگەڵ مندا دەكرد ئەوانیش مەهدی حەمە ساڵح كە یاریدەدەری تاقیگە بوو، سامی رەجەب رەحیم كوڕێكی فەیلی بوو یاریدەدەری تاقیگەبوو، كاك توانا یاریدەدەری پزیشكی دەرمانساز بوو، ئەم چوارەمان بە نهێنی بە پێداویستی پزیشكی هاوكاری پێشمەرگە ‌و كەسوكاری پێشمەرگەمان دەكرد. 
لەساڵەكانی 1985 - 1986 دا برایەكی كاك حەمە تۆفیق رەحیم گیرابوو لە سجنی سەرەوە، ئێمە توانیمان هاوكاری بكەین لە سجنەوە بیهێنین بۆ نەخۆشخانەی فریاكەوتن ‌و لە رێگەی لێپرسراوی پۆلیسی ناو نەخۆشخانەوە كە ناوی خییون بوو خەڵكی شاری دیالە بوو زۆر كوردی خۆشدەویست بۆ ماوەیەكی زۆر توانیمان بیهێڵینەوە لە ناو نەخۆشخانە و چاوی بە دایك‌ و باوكی بكەوێت، هەروەها لە هەمان ساڵدا توانیمان برایەكی كاك ئاراس حەمە لاو كە ناوی راساڵ حەمە لاو بوو توانیمان ئەویش بۆ ماوەیەك لای خۆمان بهێڵینەوە بۆ ئەوەی چاوی بە كەسوكاری بكەوێت.
ساڵانی هەشتاکان
پاشان لە كۆتاییەكانی ساڵی 1987 و سەرەتای 1988 دا ، وەستا مەجید كە سەر بە رێكخستنەكانی كاك نەوشیروان مستەفا بوو بە نهێنی چاوی بەم چوار كەسەمان كەوت راسپاردەیەكی ئەوی پێگەیاندین، پێشمەرگەیەكی برینداری هێنابوو بۆ ناو نەخۆشخانەی فریاكەوتن بۆ ئەوەی هاوكاری بكەین ناوی كامەران محەمەد ئەمین بوو خەڵكی گەرمیان بوو، لەگەڵ ئەوەی دەشترساین لە سێدارە بدرێین، بەڵام هەر یارمەتیماندا و توانیمان لە مردن رزگاری بكەین.
چووم بۆ لای بەڕێز دكتۆر سەرداری حەمەی باقی كە بەڕێوبەری نەخۆشخانە بوو پێموت: دەبێت لە كارێكدا هاوكاریمان بكەیت، ئەویش هاوكاری كردین، وتی: ژنێكی وەك تۆ نەبەرد چی بەسەردێت با ئێمەش بەسەرمان بێت، پاشان لە فریاكەوتنی خێرا داخڵمان كرد لەژێر سەرپەرشتی دوو كەسی زۆر شارەزا لەو بەشەدا بەناوی شەفیقە خان‌و كاك شیروان حەمە كوڵ بە چڕی چاودێریان دەكرد، لەبەر ئەوەی برینەكەی زۆر سەخت بوو، توانیمان داخڵی ژووری نەشتەرگەری بكەین‌ و 10 بتڵ خوێنی بۆ ئامادە بكەین و لەلایەن دكتۆر حیلمی قەزاز و دكتۆر عەلی ئیحسان ‌و دكتۆر نەورۆز عوسمان سەعید و دكتۆر محەمەد نوری ‌و دكتۆرە ئاڤان شەمعون‌ و دكتۆرە كەژاڵ، توانرا نەشتەرگەرییەكی سەركەوتووی بۆ بکرێت.
لە ساڵی 1991 دا پێش راپەڕینی سەرتاسەری بە دوو رۆژ ئاگادار كرامەوە دەبێت خوێنێكی زۆر ئامادە بكرێت بۆ رۆژی راپەڕینەكە، توانیم ئیسعافێك ئامادە بكەم ‌و بڕۆم بۆ نەخۆشخانەی سەربازی لە سلێمانی، هەروەها بڕێكی زۆر خوێن بەدەست بێنم بۆ ئەو رۆژە ‌و ئامادەی بكەم.
لە ساڵی 1992 رۆژنامەی كوردستانی نوێ  ئەو چالاكیانەی ئێمەی بڵاوكردەوە كە چۆن لە رۆژانی سەختدا هاوكاری پێشمەرگە‌و كەسوكاری پێشمەرگەمان كردووە لە نەخۆشخانەی فریاكەوتنی سلێمانی، هەروەها لەلایەن دەزگای شەهیدانی یەكێتی نیشتیمانی كوردستان‌ و بەڕێز كاك نەوشیروان مستەفا كە جێگری مام جەلال بوو لەساڵی 1992 رێزلێنانیان كرد بۆ من‌ و ئەو هاوڕێیانەم لە نەخۆشخانەی فریاكەوتنی سلێمانی.

بابەتە پەیوەندیدارەکان