پەنجاهەمین ساڵیادی دامەزراندنی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان لە کەسوکاری شەهیدان و پێشمەرگە قارەمانەکان، زیندانیانی سیاسی و سەرجەم تێکۆشەران، ئەندام و لایەنگرانی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان پیرۆز دەکەم و ئاواتەخوازم ئەم یادە ببێتە هەوێنی سەرکەوتنی زیاتر و گەیشتن بە ئاواتە وەدینەهاتووەکانمان.
یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان لە (٥٠) ساڵی خەبات و قوربانیدان، بە خوێنی هەزاران شەهید، خەبات و تێکۆشانی سەدان پێشمەرگەی قارەمان و سەرکردەی کۆڵنەدەر، شۆڕشی نوێی هەڵگیرساندەوەو لە شاخە سەربەرزەکانەوە خەباتی کردو دواجار راپەڕینی گەلی کوردستان و ئازادکردنی خاکی پیرۆزی کوردستان و دامەزراندنی حکومەتی هەرێمی کوردستان بەری رەنج و خەبات و تێکۆشانی یەکێتیی بوو.
یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان خاوەنی دنیایەک سەروەری و مێژوویەکی گەش و رابردوویەکی پڕ لە مێژوو و شانازییە، پاراستن و پەرەپێدانی ئەو مێژووەو رێزگرتن لە خەبات و قوربانیدانی تێکۆشەران و پێشمەرگە قارەمانەکان و کەسوکاری سەربەرزی شەهیدان ئەرکی هەمووانەو دەبێ بەرپرسانە مامەڵەی لەگەڵ بکەین و بەرێزەوە لەمێژووەکەیان بڕوانرێ.
دووبارە پیرۆزبایی خۆمتان ئاراستە دەکەم و ئاواتەخوازم ساڵانی داهاتووی خەبات، خەباتکردن بێت لەپێناو ئاواتە وەدینەهاتووەکانی گەلەکەمان و خزمەتکردنی هاونیشتمانیانی خۆمان.
کۆسرەت رەسوڵ عەلی