ئا: ئیدریس جەبار
لە ساڵانی نەوەدی سەدەی رابردوو، لیژنەیەك لە بەڕێوەبەرایەتی سینەما و شانۆ پێكهێنرا بۆ دیاریكردنی رۆژی سینەمای عیراقی، لیژنەكە لە فەیسەڵ عەباسی بەڕێوەبەری ئەو دەمەی سینەما و یوسف ئەلعانی هونەرمەندی كۆچكردوو و سامی محەمەد رەخنەگری كۆچكردوو و سەفا سەنكور-ی رەخنەگر دیانۆ علیكو پێكهاتبوون، رۆژی 12ی ئادار وەك جەژنی سینەمای عیراقی دیاریی كرا، بەو پێیەی یەكەم فیلم بەرهەمی تەواوەتی عیراق بوو ئەویش فیلمی (عەلیە و عیسام) بوو تێیدا نمایشكرا و لەلایەن ستدۆدیۆی میسرەوە بەرهەم هێنرا و لە 12ی ئاداردا لە سینەما رۆكسی نمایشكرا.
لەو رۆژەدا چەند جارێك ئاهەنگ بەبۆنەی یادی سینەمای عیراقییەوە سازكرا، بەڵام لەدوای ساڵی 2003، رۆژی نمایشكردنی فیلمی (فتنە و حەسەن) كرایە رۆژ و جەژنی سینەمای عیراقی، بەو پێیەی فیلمەكە لەسەدا 100 فیلمێكی عیراقی بوو.
67 ساڵ تێدەپەڕێت
بەغدا ساڵانە جەژنی سینەمای عیراقی سازدەكات، لە 22ی حوزەیرانی رابردوو، چالاكییەكانی كەرنەڤاڵی رۆژی سینەمای عیراقی بەڕێوەچوو لەلایەن بەڕێوەبەرایەتی سینەما و شانۆ لەژێر دروشمی (هونەر ئاستی ژیان بەرزدەكاتەوە) سازكرا و هاوكات بوو لەگەڵ جەژنی شەست و حەوت ساڵەی سینەمای عیراقی.
لەبارەی ئاهەنگی كردنەوە و پێكهێنانی لیژنەی ناوبژیوانی بۆ فیلمە بەشداربووەكان خەڵاتی كەرنەڤاڵەكە دەبەنەوە لە رۆژانی سینەمای عیراق، چەند فیلمێك بۆ بەشداریی لە فێستیڤاڵی نێودەوڵەتی بەغدا بۆ سینەما دیاریكران.
فیلمی «دوایین خەون» دەستپێک بوو
لە یەكەم رۆژی فێستیڤاڵەكە، فیلمی (دوایین خەون) لە دەرهێنانی مەلاك عەبد عەلی و فیلمی (حجل) لە دەرهێنانی لوئەی فازڵ، فیلمی (سەگەكانی شار) لە دەرهێنانی حەسەن ماجدی و فیلمی (خەوێكی دوورودرێژ و بێزاركەر)ی دەرهێنەر حەیدەر موسا و فیلمی (تەوالێت)ی دەرهێنەر ئەیاس جیهاد و فیلمی (فلۆر)ی دەرهێنەر یاسر موسا نمایشكران، دواتر كۆمەڵێك كورتە فیلمی سەردەمیانە نمایشكران لە بەرهەمی بەڕێوەبەرایەتی سینەما و شانۆ- بەشی بەرهەمی سینەمایی و تەلەفزیۆنی بوون، لەگەڵ ئەو فیلمە عیراقیانەی خەڵاتی عیراقی و عەرەبی و جیهانیان بردبۆوە و لە بەرهەمی كەرتی تایبەت بوون لە پەنجا فیلمی كورت پێكهاتبوون و لە بەرهەمی ئەكادیمیای هونەرە جوانەكان بوون.
(فتنە و حەسەن) یەكەم فیلمی لەسەدا 100 عیراقی بوو
فیلمی (فتنە و حەسەن) یەكەم فیلمی لەسەدا 100 عیراقی بوو، بەو پێیەی كۆمەڵێك گەنجی بەتوانا دەستپێشخەرییان كردبوو بۆ دامەزراندنی كۆمپانیای دنیا بۆ هونەر لە ساڵی 1949 و هاتبوونە مەیدانی بەرهەم و پشتیان بە توانا عیراقییەكان دەبەست، ئەو هەوڵە فیلمی (فتنە و حەسەن)ی لێكەوتەوە یەكەم فیلمی عیراقییە و ماوەكەی (90 خولەكە) و لە ساڵی 1953 نمایشكرا لە چیرۆك و سیناریۆ و دەرهێنانی: حەیدەر ئەلعەمر، دیالۆگ و یاریدەدەری دەرهێنەر: عەبدولهادی موبارەك، وێنەگرتنی: ولیەم سایمۆن، میوزیكی: نازم نەعیم، بەرهەمی: كۆمپانیای فیلمی دنیا بۆ هونەر بوو، لە پاڵەوانێتی: یاس عەلی ناسر، مەدیحە روشدی، سەلما عەبدولئەحەد، غازی تكریتی، ئەحمەد حەمدی، عەبدولمونعیم دەروبی، عەبدولجەبار عەباس بوو.
چیرۆكی فیلمەكە
لە گوندی عیراق، پەیوەندییەكی خۆشەویستی لەنێوان فتنە و حەسەنی ئامۆزای دروست دەبێت، لەو رێگەیەوە دانیشتوانی گوند هاوسۆز دەبن لەگەڵ حەسەن كە پیاوێكی دلێر و جوامێر دەبێت، بەڵام ژنی باوكی حەسەن هەوڵ دەدات ئەو پەیوەندییەی نێوان فتنە و حەسەن تێكبدات و كار دەكات بۆ وەلاوەنانی حەسەن و شوكردنی فتنە بە (جەسام)ی شەڕەنگێز، بەڵام رووداوێكی لەناكاو روودەدات و جەسامی شەڕەنگێز دەمرێت، رووداوی مردنەكەش كەوتنەخوارەوەی شەڕەنگێزەكە دەبێت لەسەر چیاوە، بەو شێوەیە فتنە بۆ حەسەن دەگەڕێتەوە.
فیلمەکە لەڕووی داهاتەوە
كۆمپانیای (دنیا بۆ هونەر) دەستیكرد بە بەرهەمهێنانی یەكەمی (فتنە و حەسەن)، فیلمەكە لە 2ی حوزەیرانی 1955 بۆ نمایش ئامادەكرا و لە خانەی سینەمای هیلال و حەمرا لە قاهیرە و بەغدا نمایشكرا، مێژووی نمایشكردنی كرایە جەژنی سینەمای عیراقی و بووە سەركەوتووترین فیلم لە مێژووی سینەمای عیراقی لەڕووی داهاتەوە، بەو پێیەی توێژینەوەیەكی دارایی لەسەر سینەمای عیراقی دەڵێت، تێچووی فیلمەكە هەشت هەزار دیناری عیراقی بووە و داهاتەكەشی گەیشتۆتە 40 هەزار دیناری عیراقی.
لە ماڵپەڕی (المسری) وەرگیراوە