چۆن بزانین مۆبایلەكانمان هاككراوە؟

10:15 - 2022-08-13
دووتوێ
923 جار خوێندراوەتەوە

لەوانەیە لای بەشێكی زۆری خەڵك سەیر بێت، كاتێك بوترێت «لە هەر (39) چركەیەكدا، هێرشێكی هاككردنی مۆبایل دەكرێت، لە هەر چركەیەكیشدا 75 داتا و زانیاریی مۆبایلێك دەدزرێت»، بەڵام ئەمە راستییە و ساڵی 2020 لەلایەن ماڵپەڕی (بی بی سی)یەوە بڵاوكراوەتەوە.
هاوكات هەر بەپێی ئامارێكی ئەو ماڵپەڕە، تا ساڵی 2020 ملیارێك مۆبایلی كارپێكراو بە سیستمی (Android) لەژێر مەترسیی هاككردندا بووە، لە بەرامبەردا 250 ملیۆن مۆبایلی كارپێكراو بە سیستمی (IOS) هەوڵی هاككردنیان دراوە، كەواتە ئەو ئامارە دوو راستیمان بۆ رووندەكاتەوە، یەكەمیان هۆشدارییە بە بەكارهێنەرانی سمارت فۆن كە لە هەموو چركەیەكدا ئامادە بە بۆ ئەوەی هاك بكرێیت، دووەمیان ئەوەیە كە لەم رۆژگارەدا هاككردنی مۆبایل بووە بە كردەیەكی ئاسان.

هاككردنی مۆبایل چییە؟
هاككردنی مۆبایل بریتییە لە دەست بەسەراگرتنی مۆبایلێكی دیاریكراو لەلایەن كەسێك یان گروپێكی نەناسراوەوە، كە ئامانجێتی مامەڵەیەكی خراپ بە تەواوی داتا و زانیارییەكانی ناو ئەو مۆبایلەوە بكات، بەو مانایەی هەر مۆبایلێك هاك بكرێت، ئەوە كەسی هاككەر دەتوانێت ببێت بە خاوەنی داتا و زانیارییەكان، وێنە و ڤیدیۆ و ئەپەكانی ئەو مۆبایلە، هاوكات دەتوانێت گوێبیستی هەر پەیوەندییەك بێت و تەنانەت پەیوەندیشی لێوە بکات و كامێرا و مایكی مۆبایلەكەش بەكاربهێنێت، كەواتە هەر مۆبایلێك هاك بكرێت، ئەوە لە بری یەك خاوەن، دوو خاوەنی هەیە.

نیشانەكانی مۆبایلێكی هاككراو
1 -
دەركەوتنی ریكلامی بێزاركەر (annoying ads): دەركەوتنی ریكلامی بێزاركەر و لەناكاو كە زۆركات وێنەی نەشیاو لەخۆدەگرێت لەسەر سكرینی مۆبایلەكەت، ئەوە یەكێكە لە نیشانەكانی هاككردن، بۆ نموونە: پێشتر لەگەڵ كردنەوەی هەر ئەپێكی ناو مۆبایلەكەت، هیچ جۆرە ریكلامێكت بەدینەكردووە، بەڵام لە پڕ هەر جۆرە ئەپێك دەكەیتەوە، ریكلامێك بۆ جلوبەرگی ئافرەتان یان شمەكێكی دیكە دەردەكەوێت. لەم حاڵەتەدا باشتروایە بەهیچ جۆرێك ئەو جۆرە ریكلامانە نەكەیتەوە.
2 - گەیشتنی پەیوەندی و نامە لە سەرچاوەی نادیارەوە: دەبێت هەموو كەسێك ئەو هۆشیارییەی لەلا بێت، كە وەڵامی هیچ جۆرە پەیوەندی و كورتەنامەیەك نەداتەوە كە سەرچاوەكەی نادیارە، بەو واتایەی ژمارەی ئەو كەسەی پەیوەندییەكەی كردووە، نەناسراوە.
3 - پڕبوونی میمۆری مۆبایل: لە هەردوو سیستمی كارپێكردنی (Android) و (IOS)دا دەزانرێت كە بەكارهێنەر چەندی توانای میمۆری مۆبایلەكەی بەكارهێناوە، بۆیە ئەگەر هەستت كرد ژمارەی داتا و وێنە و ڤیدیۆ و ئەپەكانی ناو مۆبایلەكەت بەو ئاستە زۆر نییە، بەڵام ئاستی میمۆرییەكەت گەیشتۆتە هێڵی سوور، ئەوە یەكێكی ترە لە نیشانەكانی هاككردن.
4 - زوو دابەزینی رێژەی شەحن: ئەگەر بۆت دەركەوت كە هیچ كێشەیەك لە پاتری مۆبایلەكەتدا نییە، بەڵام زوو زوو شەحنەكەی دادەبەزێت، ئەوە بزانە كە لەوانەیە هۆكارەكەی ئەوە بێت كە هاككەرێك بە بەردەوامی مۆبایلەكەت بەكاردەهێنێت یان ئەپی زیان بەخشی لە مۆبایلەكەت جێگیر كردووە كە تۆی خاوەنی مۆبایلەكە نایبینیت.
5 - بەرزبوونەوەی پلەی گەرمی مۆبایل: لەوانەیە زۆر بەكارهێنانی مۆبایل بۆ چەند سەعاتێك بەتایبەت بەكارهێنانی ئەپەكانی یاری، ببێتە هۆی بەرزبوونەوەی پلەی گەرمی مۆبایل، بەڵام بەدەر لەوانە، ئەگەر هەستت كرد بەبێ هۆی بەردەوام مۆبایلەكەت گەرمە، ئەوە یەكێكی ترە لە نیشانەكانی هاككردن.
6 - خاوبوونەوەی ئەدای مۆبایل: وەك درەنگ كردنەوەی ئەپەكان یان لەكاركەوتنیان و كوژانەوە و دووبارە هەڵبوونەوەی مۆبایل بەشێوەیەكی ئۆتۆماتیكی، ئەوە نیشانەی ئەوەیە كە ئەپی نادیار و زیانبەخش لەناو مۆبایلەكەتدا جێگیر كراوە.
7 - دەركەوتنی ئەپی نەناسراو: هەموو بەكارهێنەرێك ئەو ئەپانەی سەر سكرینی مۆبایلەكەی دەناسێتەوە و دەزانێت بۆ چ مەبەستێك ئەپەكانی دابەزاندووە، بۆیە ئەگەر هەر ئەپێكی نەناسراوت بینی، بزانە كە ئەوە كاری هاككەرانە.
8 - لەكاركەوتنی ئەكاونتی سۆشیال میدیا و پۆستە ئەلیكترۆنییەكان: ئەم نیشانەیە لای بەشێكی بەكارهێنەرانی مۆبایل باوە، كاتێك بەكارهێنەر دەیەوێت یەكێك لە ئەپەكانی سۆشیال میدیا یان پۆستە ئەلیكترۆنییەكانی تایبەت بە خۆی بكاتەوە، بەڵام تێبینی دەكات ئیمەیل و وشە نهێنییەكانی لەكاركەوتوون و ناكرێنەوە.

#دۆسێ

بابەتە پەیوەندیدارەکان