وەزارەتی داد سەرجەم کتێب و بڵاوکراوە یاساییەکان نمایش دەکات

10:56 - 2025-06-03
کوردستان
70 جار خوێندراوەتەوە

ناوەندی توێژینەوەی یاسایی لە وەزارەتی داد، پێشانگەیەک بۆ تەواوی ئەو كتێب و گۆڤار و بڵاوكراوانە دەکاتەوە، کە بە هەرسێ زمانی كوردی، عەرەبی و ئینگلیزی، لەلایەن ناوەندەکەوە چاپ و بڵاوكراونەتەوە. 
شیلان عارف بریکاری وەزارەتی داد بە کوردستانی نوێ-ی راگەیاند:  پێشانگەی داد بۆ كتێب، لە ماوەیەكی نزیكدا دەكرێتەوە و لە داهاتووشدا زیاتر فراوانی دەكەین و كتێبی زیاتری تێدا نمایش دەكەین، چ ئەوانەی ناوخۆی هەرێمی كوردستان و چ ئەوانەی دەرەوەی هەرێم.
وتیشی: ئامانج لەو پێشانەگەیە بۆ بڵاوكردنەوەی هۆشیاریی یاساییە، بۆ دەستڕاگەیشتنی یاساناسان و خوێندکارانە بە سەرچاوە گرنگ و جیهانییەكانی بواری یاسا.
راشیگەیاند: پێشانگەكە دەكەینە سەكۆیەك بۆ بڵاوكردنەوەی رۆشنبیری و هۆشیاریی یاسایی و دەبێتە ماڵێك بۆ یاساناسان و ئەوانەی لە بواری یاسادا، كاردەكەن .
 ئاشکراشیکرد: ناوەندی توێژینەوەی یاسایی لە وەزارەتی داد لەساڵی 2020ەوە دامەزراوە، تا ئێستا، 25 كتێبی بواری یاسای چاپ و بڵاوكردووەتەوە، 25 نامیلكەی تریشی بە چاپ گەیاندووە و 12 ژمارەی گۆڤاری ناوەندەكەی بەناوی (گرێبەستی كۆمەڵایەتی) بڵاوكردووەتەوە، هەر ئەو ناوەندە چوار ژمارەی گۆڤارەكەی تایبەتكردووە بە بڵاوكردنەوەی توێژینەوەكانی ناو ئەو كۆنفرانسانەی لە ماوەی چوار ساڵی رابردوودا، سازیكردبوون.
هەولێر، تەها عەبدوڵڵا

بابەتە پەیوەندیدارەکان