ئەنجومەنی وەزیرانی هەرێم: نامەیەك ئاڕاستەی كۆمەڵگەی نێودەوڵەتی دەكەین

06:50 - 2025-06-04
کوردستان
75 جار خوێندراوەتەوە

ئەنجومەنی وەزیرانی هەرێمی كوردستان، بڕیاری راگرتنی مووچەی فەرمانبەرانی هەرێمی كوردستان بە نادەستووریی و نایاسایی و سزادانی بە كۆمەڵی هاووڵاتیان ناودەبات و داوا لە ئەنجومەنی وەزیرانی عیراق دەكات، پێداچوونەوە بە بڕیاری راگرتنی مووچەدا بكات.
ئەمڕۆ ئەنجومەنی وەزیرانی هەرێم كۆبووەوە لە راگەیەنراوێكدا ئاشكرایكرد، هەرێمی كوردستان پابەندییەكانی خۆی بە تەواوی جێبەجێكردووە و شەفافانە سەرجەم داتا و زانیارییەكانی دارایی بۆ تیمی هاوبەشی هەردوو دیوانی چاودێریی دارایی فیدراڵ و هەرێمی كوردستان خستووەتەڕوو.
ئاماژەی بەوەشكردووە، لە سەرەتای ساڵی دارایی 2025 رێككەوتن لەنێوان هەردوو وەزارەتی دارایی فیدراڵ و هەرێمی كوردستان ئیمزاكراوە بۆ دابینكردنی تەواوی مووچەی مانگەكانی ئەمساڵ ئەویش پشتبەست بە بڕیاری دادگای فیدراڵی.
بەگوێرەی راگەیەندراوی كۆبوونەوەكە، ئەنجومەنی وەزیرانی هەرێمی كوردستان جەختدەكاتەوە، نابێت لەژێر هیچ پاساو و بیانوویەكدا قووتی مووچەخۆرانی هەرێم بۆ هەشت مانگی داهاتوو رابگیرێت بە تایبەتیش كە چەند رۆژێكی كەمی ماوە بۆ جەژنی قوربان، بۆیە حكومەتی فیدراڵ بەم بڕیارە سیاسییەی گەمارۆ دەخاتەسەر هەرێمی كوردستان و ئەم بڕیارە سزادانی بەكۆمەڵی سەرجەم هاووڵاتیانە.
ئەنجومەنی وەزیرانی هەرێمی كوردستان بڕیاریداوە نامەیەكی رەسمی ئاڕاستەی كۆمەڵگەی نێودەوڵەتی و نوێنەری وڵاتان بكرێت كە تێیدا لایەنە دەستووریی و یاسایی و داراییەكان روونبكرێتەوە و داوای هاوئاهەنگیی و پشتیوانیی چارەسەركردنی گرفتی مووچەی لە چوارچێوەی دەستوور بكرێت.
هەروەها ئەنجومەنی وەزیرانی هەرێمی كوردستان بڕیاریدا لێخۆشبوون لە پێشینەی هاوسەرگیری بۆ كوڕ و كچی شەهیدان و زیندانییانی سیاسی بكات.
لە تەوەری سێیەمی كۆبوونەوەكەدا، ئەنجومەنی وەزیران وەزارەتی دارایی و ئابووری راسپارد، بۆ ئامادەكردنی راپۆرتێك سەبارەت بە كارمەندانی گرێبەست لەسەر بودجەی پەرەپێدان.

بابەتە پەیوەندیدارەکان