ترسەكە لەسەر بەروبوومی هاوینەیە

كەمبارانی كاریگەریی زۆری لەسەر بەرهەمە زستانەییەكان نەبووە

10:58 - 2025-06-03
کوردستان
133 جار خوێندراوەتەوە
ئەمساڵ هەرێم رووبەڕووی دۆخێكی ناهەموار بووەتەوە

بەهۆی كەمیی رێژەی بارانبارین و وشكەساڵی، بەشێكی جووتیاران ترسیان لە چاندنی بەروبوومەكانیان هەیە، لێپرسراوێکی بەڕێوەبەرایەتیی كشتوكاڵی سلێمانیش جەختدەکاتەوە، بەرهەمی بەروبوومە زستانەییەكان باشە و جێگای ترس نییە، ترسەکە لەسەر بەروبوومی هاوینەیە.
جوتیار خالید جێگری بەڕێوەبەری گشتیی كشتوكاڵی سلێمانی بە كوردستانی نوێ-ی راگەیاند: ئەمساڵ هەرێمی كوردستان رووبەڕووی دۆخێكی ناهەموار بووەتەوە و بارودۆخی كشتوكاڵ بەراورد بە حاڵەتی ئاسایی، باش نییە، هەرچەندە ئێستا لە قۆناغی بەروبوومە زستانەییەكانداین و نەچووینەتە قۆناغی بەروبوومی هاوینەوە.
رێژەی بارانبارین بەگوێرەی پێویست نەبووە بەراورد بە حاڵەتی ئاسایی سلێمانی، چونكە ساڵانە لە سنووری سلێمانی دەبێت سەروو (450)ملم باران ببارێت، بەڵام ئەمساڵ لەو بڕە كەمتر باریوە، لەوبارەیەوە جوتیار خالید دەڵێت: «ناتوانین بڵێین لە پارێزگای سلێمانی وشكەساڵییە، بەڵکو دەتوانین بڵێین بارودۆخی ئاو لە سلێمانی بەشێوەیەكی گشتی، باش نییە».
وتیشی: بەروبوومە كشتوكاڵییەكان تا رادەیەك خراپ نین و مەترسییان لەسەر نییە، بەڵام هەندێك لە بەرهەمەكانی دانەوێڵە لە چەند شوێنێكی كەم رەنگە بڵێن بەرهەمی كەممان هەیە وەكو (چەمچەماڵ و ناوچەكانی گەرمیان)، بەڵام ئەو کێشەیە لە رووبەرێکی كەمدایە و كاریگەری لەسەر پارێزگای سلێمانی نییە، چونكە لەو ناوچانە چاوەڕێی بەرهەمی زۆرمان كردووە، بەڵام بەرهەمەکەیان كەمێك كەمتر بووە».
بەگوێرەی ئامارەكانی بەڕێوەبەرایەتیی كشتوكاڵی سلێمانی، پێشبینی دەكرێت لە سنووری پارێزگاکەدا نزیكەی دوو هەزار دۆنم زەوی كێشەی بەرهەمی هەبێت، ئەویش بەرهەم كەمبووەتەوە، نەك لەناوچوبێت.
بە وتەی جوتیار خالید، لەئێستادا سەرقاڵی كۆكردنەوەی بەروبوومی زستانەن، بۆ نموونە هەندێك لەو بەروبوومانە پێویستییان بە (250)ملم باران هەیە و لە رێژەی خۆی زیاتر باران باریوە، لە هەندێك ناوچەش كەمتر لەو رێژەیە باران باریوە.
وتیشی: «گەنم بەروبوومێكی ستراتیژییە و بەشێكی زۆری جووتیاران سەرقاڵی چاندنی گەنمن، لەکاتێکدا پێویستی بە (250)ملم باران هەیە، ئەگەر بەراوردی بكەین بە هەموو شوێنەكان، ئەوە بەشێكی زۆری شوێنەكان لەو رێژەیە زیاتر باریوە، بەڵام هەندێك شوێنی كەم هەیە، كەمتر لەو رێژەیە باران باریوە و بەپێی خواستی دانەوێڵەکە نەبووە و كاریگەری لەسەر كوالێتی بەرهەمەكە هەبووە».
لەڕێگەی بەشی رێنماییە كشتوكاڵییەکان لە قەزا و ناحیەكان، بەڕێوەبەرایەتیی کشتوکاڵی سلێمانی داوای لە جووتیاران كردووە بەگوێرەی پێویست ئاو بەكاربهێنن و وەك ساڵانی پێشوو بەفیڕۆی نەدەن، چونكە ئەمساڵ كێشەی کەمئاوی هەیە و كەمبارانی كاریگەری دەبێت لەسەر بەروبوومە هاوینەییەكان.
جێگری بەڕێوەبەری گشتیی كشتوكاڵی سلێمانی دەشڵێت: لەئێستاوە كاریگەریی كەمبارانی لە سنووری پارێزگای سلێمانی دەردەكەوێت، چونكە بەشێكی زۆری ئاوی چەمەكان وشك بوون و كانی و كارێزەكان وەكو پێویست نەبوژاونەتەوە، كە هەموویان سەرچاوەی زۆرباشی ئاو بوون بۆ بەروبوومە كشتوكاڵییەكان. هەروەك دابەزینی ئاوی بەنداوەكانی (دوكان و دەربەندیخان)یش بۆتە هۆكاری ئەوەی هەست بە مەترسییەكانی كەمئاوی بكرێت لەم چەند مانگەی لەبەردەمماندایە تا دەستپێكردنەوەی وەرزی بارانبارین».
كوردستانی نوێ – هیوا كازم

بابەتە پەیوەندیدارەکان